رۆژنامەی ھەولێر

ئەنفالی بارزانیەکان 43ـیەمین ساڵوەگەڕی خەمیادی برینێکی لەبیرنەکراو

د. نعمەت ئەحمەد مزوری
مێژووی گەلی کورد پڕە لە برینی قوول و کارەساتی بەسەریەکداکەوتوو، بەڵام هەندێک لەو مرۆڤکوژی و ڕەشەکوژیانە هێندە دڕندانە و بێوێنەن، وەک پەڵەیەکی ڕەش لە ناخ و دەروونی نەتەوەیەکدا دەمێننەوە. یەکێک لەو تراژیدیا هەرە سەخت و ئازاراوی و لەبیرنەکراوانە، جینۆسایدی بارزانیەکانە؛ کارەساتێک کە تێیدا بێبەزەییانە مرۆڤبوون لە قەفەسەی فاشیزمدا کرایە ئامانج و هەشتهەزار مرۆڤی بێتاوان تەنها لەبەر ئەوەی «کورد و بارزانی» بوون، بێسەروشوێن و زیندەبەچاڵ کران.
ڕێکەوتی ٣١/٧/١٩٨٣ و ١٠/٨/١٩٨٣ لە هاوینێکی گەرم و سووتێنەر و تاقەتپڕووکێندا، لە ئۆردوگا زۆرەملێکانی قوشتەپە، بەحرکە، هەریر و سۆران، بەعس دەستی کرد بە شاڵاوی ڕەشبگیری و قڕکردنی بارزانیەکان. لە منداڵی نۆ ساڵانەوە تا پیرەمێردی حەفتا ساڵان، هەموو ئەوانەی دەستی ڕژێمی فاشیستی بەعسیان پێ گەیشت، بەبێ جیاوازیکردن گیران. ئەمڕۆ کە ئەم بابەتە دەنووسم، ٣٠/٧/٢٠٢٦ چلوسێیەمین خەمیادی ئەو کارەساتە دڵتەزێنەیە.
لەو ڕۆژە سەخت و دژوارانەی ژیاندا، خەڵکێکی زۆر لە منداڵ و ئافرەتی بێ خاوەن و سەرپەرشت مانەوە؛ دایکان ناچار بوون بێجگە لە ئەرکی پەروەردە و بەخێوکردن، ڕۆڵی پیاوانیش ببینن و زۆرجار بۆ پەیداکردنی بژێوی و نانی منداڵە بێباوک و خێرنەدیوەکانیان، ڕوویان لە ڕەز و باخی خەڵک دەکرد بۆ کارکردن. خێزان هەبوو سێ بۆ چوار کچی هەبوو، کە زۆرێک لەو کچانە نەیانتوانی ژیانی هاوسەری پێک بهێنن؛ لەبەر خەمی باوک و براکانیان، یان لەبەر نەداری و دڵنەدانەوەی بەوەی دایکانیان لە ماڵ بەجێ بهێڵن و بەرەو ماڵی بەختی خۆیان بڕۆن. زۆرن ئەو ئافرەتانەی کە لەو خەمە گەورەیەدا قژیان سپی بوو و تا ئێستاش بە تەنیایی لە ماڵەوە ماونەتەوە.
دوای ئەم ڕەشبگیرییە و زیندەبەچاڵکردنیان لە خوارووی عێراق، ئەرکی ژنان زۆر قورس بوو؛ هەموو ئەرکێک کەوتە ئەستۆی شێرەژنانی بارزانی. مردنی پیرەپیاوێکی هەشتا ساڵە یان مێردمنداڵێکی پاشبابی دەساڵان، شوشتن، کفنکردن، هەڵکەندنی قەبر و گواستنەوەی تەرمەکان بۆ گۆڕستان، هەمووی لە ئەستۆی ئەم شێرەژنانەدا بوو. کام شوێنی ئەم جیهانە هەیە کە کارەساتێکی لەم شێوەیە بەسەر هاووڵاتیی خۆیدا بهێنێت، جگە لەو وڵاتانەی کە کوردیان تێدایە؟ هەتا بەشێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکان لە ترسی ڕژێمی دیکتاتۆردا نەدەوێران وانە بە قوتابیە بارزانیەکان بڵێنەوە و، لە قوتابخانە دەرکران و ناردرانەوە ماڵەوە!
لە سەردەمی بێهیواییدا، کە ترس و نەداری باڵی بەسەردا کێشابووین، ئەم شێرەژنانە بوونە هیوایەکی مەزن و سەنگەری ژیان و پەروەردەکردنی منداڵی خۆیان چۆڵ نەکرد. ڕژێمی گۆڕبەگۆر هەشتهەزار کەسی ئەنفال کرد؛ ئەی ئەو هەشتهەزار خێزانەی کە لە پاش ئەوان ماون؟ ئەی ئەو ٨هەزار دایک و ٨هەزار منداڵە؟ ئەوان بە ڕاستی تووشی بێماڵی و نەهامەتییەکی بێوێنە بوون؛ لە ناو بارزانیە ئەنفالکراوەکاندا، منداڵی لەدایکبووی نێوان ساڵانی ١٩٨٣ تا ١٩٩٣ـی زایینیمان نیە! چونکە پیاوەکان گیران و ئەوانی تریش هەموو منداڵ بوون. لەو نێوەندەدا هیچ بووکێک نەگوازراوەتەوە، هیچ گەنجێک ژنی نەهێناوە.
ئەوەی بە سەری گەلی کورددا هاتووە، لە دنیادا نموونەی کەمە. ئەنفالەکانی تری کوردستان، چەند کەسێک توانییان خۆیان قورتار بکەن و، لە دەستی خوێنکەر و خوێنمژان ڕزگار بوون و، بوونە شایەتحاڵی کارەساتەکە، بەڵام لە ئەنفالی بارزانیەکاندا یەک کەسیش ڕزگار نەبوو و هەموویان زیندەبەچاڵ کران.
دۆزینەوە و هێنانەوەی ڕووفاتەکان لە خوارووی عێراق پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆزە و کەس ناتوانێت بە دڵنیاییەوە باوک یان برای خۆی بناسێتەوە، تەنها لە ڕێگەی شیکاریی کنێت (DNA)ـەوە نەبێت کە ئەویش کارێکی ئاسان نییە. بۆیە کەسوکاری ئەنفالکراوان، ئەو ئێسک و پروسکانەی کە دەدۆزرێنەوە و دەنرێنەوە بۆ زێدی خۆیان، هەموویان بە باوک، برا و کەسوکاری خۆی دەزانێت. ئەوان بە یەک چاو تەماشای ئەو ئێسک و پروسک و پارچە جل و جەمەدانییە یاخود کاتژمێر و تەزبێحی ناو دەستی بارزانییان دەکەن و هەموویان بە کەسی نزیکی خۆیان دەزانن.
گرنگە ئەم کارەساتە مێژووییە بە ڕوونی و ئاشکرا بە گوێی نێودەوڵەتیدا بگات و نەوەی دوای ئێمەش ئەم مێژووە بزانن و بیخوێننەوە؛ تاوەکو بزانن ئەم هەموو خەڵکە پاک و بێتاوانە، تەنها گوناهیان ئەوە بوو کە کورد و بارزانی بوون. با ئەم کارەساتە و چەندەها کارەساتی تریش کە دەرهەق بە گەلی کورد کراون، ببنە هۆکاری تەبایی و یەکڕیزیی گەلی کورد، بۆ ئەوەی ئەو پەرتەوازییە کۆتایی پێ بێت. با یەکڕێز و تێکۆشەر بن بۆ ئەوەی بە مافە ڕەواکانی خۆیان شاد ببن.