رۆژنامەی ھەولێر

ناوی کوردی لەکوێوە بۆ کوێ

ئاورنگ شێخ عەلی
ناو ئەو هاوەڵ و هاوڕێ هەمیشەییە کە لە سەرەتای ژیانی مرۆڤەوە پێوەی دەلکێ تا کۆتایی ژیانی. هەربۆیە پێویستە ناوێکی واتادارو شایستە بۆ منداڵەکانمان هەڵبژێرین هەم لە ڕووی کۆمەڵایەتی و هەم لە ڕووی زاراوەوە کەسەکە ڕووی ئاوەدانی هەبێت. بەڵام بە داخەوە لەم ساڵانەی دواییدا دیاریدەیەک بەدی دەکرێت کە جێگای نیگەرانی هەموو لایەکە ئەویش ناولێنانی سەیرو بێ مانایە ،بە ڕادەییەک خەریکە ناوە جوان و مانادارە کوردیەکانمان بیردەچێتەوە وای لێهاتووە پێشبرکێ دەکەن لەسەر ئەوەی کێ ناوێک لە منداڵەکەی بنێت کەس نەزانێت واتای چیە و لەکوێوە هاتووە.
پێش نوسینی ئەم بابەتە ، گوزەرێکم بەناو ناوە نوێیەکانی وڵاتانی دەورو بەرو دەرەوەدا کرد ، نەڵام هیچ گۆڕانکاریەکی ئەوتۆم نەبینی لە هاتنە ناوەوەی ژمارەی ناوە نوێیەکان ، مەگەر چەند ناوێک نەبێت ،ئەویش لە زمانی خۆیاندا واتایەکی جوان و بەجێی هەبوو، بەڵام داخەکەم لەناو کۆمەڵگای خۆماندا ناوی وا پەیدا بووە لەهەرچی کتێب و فەرهەنگی دونیایە واتاکەی نادۆزیەوە کاتێ پرسیار لە باوانی مناڵەکە دەکەی سەبارەت بە واتای ناوەکە لە وەڵامدا یا دەڵێت جۆرە گوڵێکە بە زمانی ئەفریقی یا ناوی ئەستێرەیەکە بەزمانی فینیقی یا ماسیەکە بە زمانی یۆنانی ..
باشە پرسیارێک ،کاتێک ئەم هەموو ناوە مانادارو جوانە کوردیە هەیە چ پێویست دەکات پەنا بۆ ناوی هیندی و چینی و ئەفریقی و یۆنانی و تادوایی ببەی؟
ئایا ڕۆشنبیری تۆ بە ناولێنانی بێ ماناو سەیرو سەمەرەی منداڵەکەت دەپێورێت..؟ یا خوێندنەوەو لێکۆلینەوە و بە دواداچوون..؟
ئایا هەست بە مەترسی ئەمە ناکەن چەند سالێکی تر سیمای ناو و واتای ناوە کوردیەکان توشی چ کارەساتێک دەبێت، ئەی شارەزایانی زمان و ناسنامە بۆ بێدەنگن لەم دیاردە ناشیرینە ، کە هەموومان کاریگەریەکانی ناو دەزانین لەسەر کەسایەتی منداڵ و ناسنامەی نەتەوەیش.
لە کۆتاییدا هەر ئەوە ماوە بیڵێم کە پێویستە لە فەرمانگەی کارتی نیشتیمانی و لە دایک بوون لەکاتی ناونانی منداڵان چاودێری هەبێت و ، ڕێگا بەم ناوە سەیرو سەمەرانە نەدات بێتە ناو هزری تاکی کوردی و زمان و کلتورو مێژومان بە دەستی خۆمان و بە نەزانی نەشێوێنین دەوڵەتە داگیرکەرەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان لەفەرمانگەی کارتی نیشتیمانی ، ڕێگایان بەناوی شیرینی کوردی نە دەدا لەسەر ناسنامەی مندال بنوسرێت ،تورکیا هەموو هێزی خۆی بەکارهێنا بۆ قڕکردنی ناوی کوردی ،تەنانەت هەر کەسێک ناوێکی کوردی لە منداڵەکەی بنایە ،ڕوو بەڕووی سزای توند دەبۆوە ،ئەمە بۆ عەرەب و فارسیش بەهەمان شێوە بوو کە ریگایان لە ناوی کوردی نەدەدا.
دەمێکە گوتوومە (هەر میللەتێک شانازی بە مێژوو و کلتور و ناسنامەی خۆیەوە نە کرد داهاتووی وون دەبێت و چاوەڕیی پێشکەوتنی لێ ناکرێت.