رۆژنامەی ھەولێر

لە مەیدانی ماریاتۆری ستۆکهۆڵم بۆ سلێمانی، گەشتێک بەناو ڕەهەندە تێکشکاوەکانی بووندا

ڕۆمانی چوارینەی ئێستامان: ١-٢-٣-٤
نووسینی: عەتا محەمەد خوێندنەوەی: باهۆز مستەفا
ئەدەب کاتێک دەگاتە لووتکەی داهێنان، کە قاڵبە تەقلیدییەکان دەشکێنێت و خوێنەر لە ناوچەی ئارامی ڕامان دێنێتە دەرەوە. ڕۆمانی «چوارینەی ئێستامان» لە نووسینی ڕۆماننووس عەتا محەمەد، بەرهەمێکی ناوازەی دنیای پاشنوێخوازیی کوردییە، ڕێک وەک ئاوێنەیەکی شکاو وایە، کە لە بری یەک وێنەی تەواو، سەدان ڕەنگ و ڕەهەندی پارچەپارچەبووی ژیانمان پێ نیشان دەدات.
ئەم ڕۆمانە لە سێبەری ستۆکهۆڵم و لە گۆڕەپانی (ماریاتۆری)یەوە دەست پێ دەکات، لەگەڵ بیرکردنەوە لە بیرنەکردنەوە. ئەوەی ئەم بەرهەمە لە ڕۆمانی نەریتی جودا دەکاتەوە، نەبوونی هێڵێکی نەریتی گێڕانەوەیە. نووسەر لە بری دروستکردنی زنجیرە ڕووداوێکی نەریتی، فەزایەکی فەلسەفی ڕەخساندووە، کە تێیدا کەسایەتیی «بێکەس، بێبەش، بێخود، خانی» دەبێتە تاقیکەرەوەی ڕەهەندە ئاڵۆزەکانی بوون.
شێوازی داڕشتنی ڕۆمانەکە لەسەر تەکنیکی پارچەپارچەبوون بەندە. ڕووداوەکان لە پەراوێز و کورتەچیرۆکی ژمارەکراودا دابەش بوون. بێکەسمان پێ دەناسێنێت، سەرەتا وەک خاڵێک کە هیچ ڕەهەندێکی ئەندازەیی نییە و لە دەرەوەی پێوانەکردندایە، پاشان وەک بوونەوەرێکی ڕووتەخت لە جیهانێکی دوو ڕەهەندیدا، کە تێیدا سێبەر بوونی نییە و پیتەکان شێوەی ئەندازەیین و خوێنەران بە ئارەزووی خۆیان واتایان پێ دەبەخشن، دواتریش وەک بوونەوەرێکی قووڵ و هەڵهاتوو لە ڕەهەندەکان. ئەم گواستنەوەیە لە نێوان ڕەهەندەکاندا، گوزارشتێکی قووڵی فەلسەفییە لەسەر نامۆبوونی مرۆڤی هاوچەرخ و لەدەستدانی سۆراغی حەقیقەت.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆماننووس تەنها بە بێکەسەوە ناوەستێت، بەڵکو کەسایەتییەکانی وەک (بێبەش) و (بێخود) دەهێنێتە کایەوە. لە چیرۆکی بێبەشدا، پێکدادانی نێوان پیرۆزی و گوناه، سادەیی خەونەکان و قورسیی واقیع بە توندی دەردەکەوێت، ئەو شوێنەی بێبەش بەراوردی خوێنی جەستەی خۆی لەگەڵ خوێنی قوربانییەک دەکات و دەپرسێت، کە بۆچی کۆمەڵگە و ئایین جیاوازی لە نێوان خوێنەکاندا دەکەن؟ هەروەها لە فەزای بێخوددا، پرسی زمان و وشە مردووەکان و دابڕانی مرۆڤی گوند لە شاری هاوچەرخ بە تەکنیکێکی پۆلیسی و فەلسەفی شی دەکرێتەوە.
لووتکەی تەکنیکی پاشنوێخوازیی ئەم چوارینەیە لە بەشی چوارەمدا دەردەکەوێت: «ڕۆژێک خانی ڕێگای ماڵەوە ون دەکات». لەم بەشەدا، نووسەر سنوورەکانی نێوان دەق و خوێنەر بە تەواوی دەتەقێنێتەوە. بە بەکارهێنانی تەکنیکی (سەراوژێرکردنی لاپەڕەکان)، خوێنەر ناچار دەکرێت کتێبەکە بە دەست بخولێنێتەوە و بە جەستە بەشداری لە پرۆسەی خوێندنەوەدا بکات. جێهێشتنی لاپەڕەی بەتاڵ لە کۆتاییدا، بانگهێشتنامەیەکە بۆ خوێنەر تا خۆی ببێتە نووسەر و درێژە بە چیرۆکەکە بدات.
جگە لەمەش، کۆکردنەوەی کەسایەتییە مێژوویی و ئەدەبییە دیارەکانی وەک (ئەحمەدی خانی، نالی، مەحوی، مەولەوی، حەمدی، گۆران، نالی، مەستوورە و…) لەناو پاسێکدا، لوتکەی یاریکردنە بە زەمەن و شوێن. نووسەر کەسایەتییە مێژووییەکان لە ڕابردووی دوور دەردەکێشێت و دەیانخاتە ناو سیقۆڵییەکانی جیهانی نوێوە، تا پیشان بدات، کە قەیرانی فکری و ونبوونی ڕێگا، پرسێکی بەردەوام و نەبڕاوەی مرۆڤایەتییە.
ڕۆمانی چوارینەی ئێستامان نەک تەنها دەقێکی ئەدەبیی جوانە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی بوێرانەی فکری و شێوازگەرییە لە ئەدەبی کوردیدا. عەتا محەمەد بە بەکارهێنانی تەکنیکی بازنەیی، ڕۆمانەکە لە خاڵێکەوە دەست پێ دەکات و لە خاڵێکدا کۆتایی پێ دێنێت، تا پێمان بڵێت: گەشتی مرۆڤ لەم جیهانە ئاڵۆزەدا، لە کاتێکدا هەوڵی دۆزینەوەی خۆی دەدات، دووبارە دەستپێکردنەوەیە لە هەمان ئەو خاڵەی کە لێییەوە دەستی پێکردووە.
جۆری ڕۆمانەکە: ڕۆمانی پاشنوێخوازی.
ڕۆمانەکە تەکنیکی پارچەپارچەبوون بەوپەڕی لێهاتووییەوە بەکاردەهێنێت. بڕگەکان، پەراوێزەکان و ژمارەکان بێپچڕان بە سەر تەواوی لاپەڕەکاندا دابەش بوون، بە شێوازێک کە خوێنەر ناتوانێت بە دوای هێڵێکی تەقلییدیی سەرەتا و ناوەند و کۆتاییدا بگەڕێت. بەڵکو خوێنەر ناچار دەکرێت کارلێک لەگەڵ بەشە پەڕتبووەکاندا بکات و خۆی ببێتە دروستکەری واتای کۆتایی دەقەکە. ئەم پەڕتبوونە تەنها یارییەکی شکڵی و شکڵگەرا نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی پەڕتبوونی هۆشیاریی مرۆڤی هاوچەرخە لە جیهانێکدا، کە تێیدا حەقیقەتی گشتی و مێژووی یەکگرتوو تێکشکاوە. تەکنیکی پارچە پارچە بوون زۆر بەڕوونی لەم ڕۆمانە هەستی پێ دەکرێت لە دابەشکردن و گۆڕینی چیرۆکەکان. لەم نموونەیەی خوارەوە لە سێ لاپەڕدا دوو بابەتی تەواو جیاواز لە یەکترین، چیرۆکەکە بە پارچە پارچە دەگێڕێتەوە:
بێکەس وەک خاڵێک «لە کاتی بیرکردنەوەم لە ژیانە سەیروسەمەرەکانی بێکەس، گریمانەی ئەوە دەکەم، ئەو کەسێک بێت هیچ ڕەهەندێکی نەبێت. واتا ئەو بێ مەوداکانی درێژی و پانی و بەرزی بێت، چونکە هیچ ڕەهەندێکی نییە. ئەو بوونەوەرێکە بێ لە مەودای درێژی و پانی و بەرزی، کە دەیانزانین و ئاشناین پێیان. هەربۆیە ئەو لە بوونەوەرێکی بێ ڕەهەند دەچێت، لە خاڵێک دەچێت پێوانە نەکرێت. خاڵێک هێندە بچووک کە لە دەرەوەی پێوانە ئەندازەییەکانەوە بێت، یاخود خاڵێک هێندە گەورە، هێندەی بوون خۆی و لە دەرەوەی پێوانەکردنەوە بێت، چونکە لەو کاتدا لە ناکۆتا دەچێت و ناکۆتاش پێوانە ناکرێت، بەڵکو تەنها ئەندێشە دەتوانێت وێنای بکات» (محەمەد ٢٠٢١: ٢٧).
تەکنیکی میتافیکشن، بەشداریکردنی /خوێنەر، سەراوژێرکردنی لاپەڕەکان و جێهێشتنی لاپەڕەی بەتاڵ بۆ ئەوەی خوێنەر خۆی کلیل و کۆتایی چیرۆکەکە بنووسێتەوە. تەکنیکی بازنەی،دەستپێکردن بە خاڵێک و گەیشتنەوە بە هەمان خاڵ. تەکنیکی کۆلاژ و فرەدەنگیی و نێودەق، کۆکردنەوەی کەسایەتییە مێژوویی و ئەدەبییەکان (وەک خانی، نالی، مەحوی، گۆران و…) لە فەزایەکی هاوچەرخدا (کۆکردنەوەیان لە ناو یەک پاسدا). چوارینەی ئێستا: ٣
١٠١ پەرواێز لە بارەی بیرکردنەوە سەیرەکانی بێخودەوە
٣-ڕۆمانی پۆلیسی
«هەمیشە لەنێوان خەون و واقیعدا ڕووبەرێکی خۆڵەمێش هەیە، کە وا دەکات زۆر جار مرۆڤ لەو نێوانەدا ون بێت. لێرەدا دەمەوێت باس لە خەونی هاوڕێیەکەم بکەم، کە دەیوسیت ڕۆمانێکی پۆلیسی بنووسێت و ڕووداوەکانی لە شاری سلێماندا روو بدەن.
لەو باوەڕەدام ئەو جۆرە ڕۆمانە زەمینەیەکی پێویستە، کە لە دینای ئێمەدا ئامادەیی نییە، دنیاک هێشتا مرۆڤەکان لەناو پەیوەندیی خێڵایەتیدا دەژین و کەسەکان وەک تاک، سەربەخۆ نین». (محەمەد ٢٠٢١: ٩).
٤- وشە مردووەکان
«زمان دەوڵەمەند نییە لەبەر ئەوەی وشەی مردوو یاخود بەکارنەهاتووی زۆرە. لە زمانی کوردیدا کەسانێکی زۆر هەوڵی زیندووکردنەوەی وشە مردوو و بەکارنەهاتووەکان دەدەن و لەسەر ئەوە دەژین، ئەو وشانە زیندوو بکەنەوە، کە سەر بە دنیای گوند و سروشتن و شارەزایی نووسەر و زمانزانیش بەوە دەپێورێت، کە تا چەند شارەزای ئەو دینا مردووەیت.». (محەمەد ٢٠٢١)
سەرەنجام، «چوارینەی ئێستامان: ١-٢-٣-٤»ی کارامە عەتا محەمەد، بەرهەمێکە لە سنووری نێوان فەلسەفە، پۆلیسی، میتافیکشن و ئەدەبی ئەبسوێرددا دەخولێتەوە. ڕۆماننووس لە ڕێگەی دەستکاری کردنی ڕەهەندەکانی ئەندازە (خاڵ، دوو ڕەهەند، سێ ڕەهەند و ڕاهاتن لە ڕەهەندەکان) و تێکەڵکردنییان لەگەڵ چیرۆکە پەڕتبووەکانی بێکەس، بێبەش و بێخود، توانیویەتی سەکۆیەکی فکریی بەهێز بۆ بەدواداچوونی پرسی کات، شوێن، زمان و ناسنامە بخوڵقێنێت. ئەم دەقە داوا لە خوێنەر دەکات لەجیاتی پاسیڤبوون، ببێتە شەریکێکی چالاک لە پرۆسەی گێڕانەوەدا و هاوشانی بێکەس سەفەر بکات بەناو تەمومژ و ئاڵۆزییەکانی بوونی مرۆڤدا.
سەرچاوە:
محەمەد عەتا، ٢٠٢١، ١٠١ پەراوێز لەبارەی بیرکردنەوە ئاڵۆزەکەی بێکەسەوە، ناوەندی ئەندێشە، سلێمانی.
محەمەد عەتا، ٢٠٢١، ١٠١ پەراوێز لەبارەی بیرکردنەوە سەیرەکانی بێخودەوە، ناوەندی ئەندێشە، سلێمانی.
محەمەد عەتا، ٢٠٢١، ١٠١ پەراوێز لەبارەی تێڕوانینە سادەکانی بێبەشەوە، ناوەندی ئەندێشە، سلێمانی.
محەمەد عەتا، ٢٠٢١، ڕۆژێک خانی ڕێگای ماڵەوە ون دەکات، ناوەندی ئەندێشە، سلێمانی.