لیا سیفەدین
جلوبەرگ تەنها کۆمەڵە پارچە قوماشێک نییە بۆ داپۆشینی جەستە، بەڵکو زمانێکی بێدەنگە کە مێژوو، جوگرافیا، فەلسەفەی ژیان و ناسنامەی نەتەوەیەک دەگێڕێتەوە لە هەموو جیهاندا، جلوبەرگی نەتەوەیی وەک یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی کلتور سەیر دەکرێت. بۆ ئێمەی کوردیش “جلوبەرگی کوردی” تەنها پۆشاک نییە، بەڵکو ناسنامەیەکە کە بە درێژایی هەزاران ساڵ لە شاخە سەرکەشەکانی کوردستانەوە هەڵقوڵاوە.
ڕەهەندی مێژوویی و زانستی جلوبەرگی کوردی
لێکۆڵینەوەکان دەری دەخەن کە جلوبەرگی کوردی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ژینگەی کوردستانەوە هەیە. ڕەنگە گەش و جۆراوجۆرەکان، گوڵ و نەخشەکان، هەموویان ڕەنگدانەوەی سروشتی کوردستانن. ئەم کلتورە مێژووەکەی بۆ سەردەمی ماددەکان و ساسانییەکان دەگەڕێتەوە، دەکرێت بوترێت جلی کوردی زیاتر لە ٢٥٠٠ بۆ ٣٠٠٠ ساڵ مێژووی هەیە. پاراستنی ئەم شێوازە لە پۆشاک، پاراستنی مێژوویەکی زیندووە کە نابێت ڕێگە بدرێت لە ژێر ناوی “مۆدێل” یان “باو”دا کاڵ ببێتەوە.
ئایا جلوبەرگی کوردی و شەریعەت دژبەیەکن؟
یەکێک لەو تێگەیشتنە هەڵانەی کە وای کردووە “عەبا و جبەی عەرەبی” وەک جێگرەوەیەک بۆ جلوبەرگی کوردی سەیر بکرێت، ئەو بۆچوونەیە کە گوایە تەنها ئەو مۆدێلانە گوزارشت لە “داپۆشراوی” یان “پەیوەستبوون بە ئایین” دەکەن. لێرەدا پێویستە بە وردی بوەستین؛ ئایینی پیرۆزی ئیسلام مەرجی بۆ “شێوە و کلتوری” پۆشاک دانەناوە، بەڵکو مەرجی بۆ “داپۆشراوی و حەیا” داناوە.
جلوبەرگی ڕەسەنی خانمانی کورد (کراس، فەقیانە، کورتەک، هەوری، کەوا، هێلەک، سەڵتە….هتد) بە شێوازە ڕەسەنەکەی، هەموو مەرجە شەرعییەکانی تێدایە؛ فراوانە، جەستە نیشان نادات و تەواو داپۆشراوە. کەواتە پێویستمان بە هاوردەکردنی عەبا و جبە نیە، دەستبەرداربوون لەم کلتورە دەوڵەمەندە و پەنابردن بۆ عەبای وڵاتانی تر، پێویستییەکی ئایینی نییە، بەڵکو پاشەکشەیەکی کلتورییە.
شەپۆلی “تەعریب” لە ڕێگەی مۆدێلەوە
ئەوەی ئێستا دەبینرێت کە عەبا و جبەی عەرەبی بە شێوەیەکی فراوان دەکرێنە مۆدێل و بەسەر کچانی نەوەی نوێدا دەسەپێنرێن، جۆرێکە لە “داگیرکاری کلتوری” کاتێک نەتەوەیەک دەستبەرداری سیمبولە نەتەوەییەکانی خۆی دەبێت بۆ لاساییکردنەوەی نەتەوەیەکی تر، بەرەو جۆرێک لە “نامۆبوون” هەنگاو دەنێت.
ئەم مۆدێلانەی کە لە وڵاتانی دراوسێوە هاوردە دەکرێن بە ناوی بزنسەوە جگە لەوەی خزمەت بە کلتوری بێگانە دەکات، لەگەڵ ڕۆحی مرۆڤی کورد و ژینگەی کوردستانیشدا ناگونجێن. ئێمە خاوەنی سەدان جۆر نەخشی ڕەنگین و شێوازی پۆشاکین (سۆرانی، بادینی، هەورامی، جافی و هتد)، بۆچی دەبێت ئەم هەموو دەوڵەمەندییە فەرامۆش بکەین و مۆدێلێکی یەکڕەنگی هاوردە بکەینە ناسنامەی خۆمان؟
دایکان و باوکان دەبێت کچەکانیان لەسەر خۆشەویستی ناسنامەی نەتەوەیی پەروەردە بکەن و فێریان بکەن کە دەکرێت هەم مۆدێرن و داپۆشراو بن، و هەم “کورد” بن لە پۆشاکدا.
جلوبەرگی کوردی تەنها پارچە قوماشێک نییە، بەڵکو ئاڵایەکی شەکاوەی کلتورەکەمانە. با ڕێگە نەدەین نەوەکانی داهاتوومان لە ناو مۆدێلە هاوردەکاندا ناسنامەی خۆیان ون بکەن. جوانی کچی کورد لەو ڕەنگاڵەیی و ڕەسەنایەتییەدایە کە مێژوو پێی بەخشیوە. با بە شانازییەوە بڵێین: دەتوانین هەم دیندار و داپۆشراو بین، هەم کوردپەروەر و پارێزەری کلتوری باووباپیرانمان بین.

