رۆژنامەی ھەولێر

میدیا ئارامی دەبەخشێت نەك تۆقاندن

هەژار سدیق
تێناگەم میدیای زۆرو بۆری کوردی، بۆ تەنیا بەدوای دروستکردنی تۆقاندن و ژینگەیەکی پیسەوەیە، پێویستە دەروونناسێك پێمان بڵێ، گەورەکردنی دۆخەکە سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و لابردنی باڵۆنی چاودێری و سیستمی پاتریۆت لە فڕۆکەخانەی هەولێر، لەپێناوی چیە ؟؟؟
لەڕاستیدا کشانەوەی ئەمریکا پەیوەندی بەم لێکتێگەیشتنەی نێوان ئەمریکاو عیراق هەیە، کە پێش کۆتایی ساڵ هێزەکانی ئەمریکا لەعیراق نامێنن.
چەند ڕەهەندێکی ئەمنی، سەربازی و سیاسیش هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە، ​ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی پێداچوونەوەی گشتیی ئەمریکایە، بەپێگە و ئەرکە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا، لەبری بوونی هێزی زەمینی و بەرگریی جێگیر لە بنکە بچووکەکاندا، ستراتیژی ئێستای ئەمریکا بەرەو ئەم ئاراستەیە دەچێت.
یەکەم: کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازەکان لەو شوێنانەی کە دەکرێت ببنە ئامانجی ئاسان بۆ هێرشی درۆنی یان موشەکی لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە، لەم حاڵەتەشدا هیچ بیانویەکیش بەدەست ئێرانەوە نامێنێت، کە بەردەوام هێرش بکاتە سەر هەرێمی کوردستان.
دووەم: پشتبەستن بە بنکە گەورەکان و توانای ئاسمانی و هەواڵگریی دوورودرێژ، لەبری مانەوە لە ناوەندە مەترسیدارە نزیکەکاندا، ​لابردنی سیستمی پاتریۆت و باڵۆنی چاودێری پەیامێکی لێکدراوە سەبارەت بە کەمکردنەوەی گرژییە ڕاستەوخۆکان یان دڵنیابوونەوە لە هێوربوونەوەی کاتیی دۆخەکە، بەڵام هاوکات نیگەرانیی دروستکردووە سەبارەت بە متمانەکردن بەهێزی ئاسایش و توانای خۆپارێزیی.
ئەم بڕیارە دەخوازێت هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزەکانی هەرێمی کوردستاندا هەبێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیانەی کە دروست دەبن،
گۆڕانکارییەکان لەدۆخی سیاسیی عیراق و ناوچەکە، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر چۆنیەتی و قەبارەی ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا هەیە.
دەرئەنجام پێویستە هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، زیاتر پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن بۆ پاراستنی سەقامگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکان، ئەم جۆرە کشانەوانە نیشانەیەکە بۆ قۆناغێکی نوێ، لە پەیوەندییە سەربازییەکان، کە تیایدا هاوکارییەکان دەگوازرێنەوە بۆ ڕاوێژکاری و هاوبەشی ستراتیژی لەبری بوونی هێزی شەڕکەرو سیستمی بەرگری ڕاستەوخۆ لەناوچە مەدەنی و هەستیارەکاندا.
هەرچەندە هێشتا هێزی پێشمەرکەو هێزە ئەمنیەکان یەکنەخراونەتەوە، بەڵام پێویستە متمانەی تەواومان پێیان هەبێت، کە لەتوانایاندا هەیە، کۆنترۆلی هەموو باردوخێکی نەخوازراو دەکەن.