خەرمان كەمال پیربال
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، جیهان گۆڕانکارییەکی خێرای بە خۆیەوە بینیوە کە ناوی «شۆڕشی دیجیتاڵ»ـی لێ نراوە. ئینتەرنێت، مۆبایل، تابلێت، پلاتفۆرمەکانی فێرکاری و ژیریی دەستکرد (AI)، ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤیان گۆڕیوە. ئەم گۆڕانکارییە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پەروەردە و خوێندنیش دانایە. لە ناو ئەم گۆڕانکارییەدا، پرسیارێکی گرنگ دێتە ئاراوە: ئایا مامۆستا لە سەردەمی دیجیتاڵدا هێشتا هەمان ڕۆڵی هەیە، یان پێویستە ڕۆڵەکەی بگۆڕێت؟
مامۆستا لە سەرچاوەی زانیارییەوە بۆ ڕێنیشاندەر
جاران، مامۆستا سەرچاوەی سەرەکی زانیاری بوو. ئەمڕۆ زۆربەی قوتابیان ئەگەر بیانهەوێت بە چەند چرکەیەک دەتوانن دەستیان بە هەزاران کتێب، وانە و ڤیدیۆی فێرکاری بگات. بەڵام ئەوە واتای کۆتایی هاتنی ڕۆڵی مامۆستا نییە، بەڵکو گۆڕانی ئەو ڕۆڵەیە.
ئەرکی مامۆستا ئەمڕۆ بریتییە لە: ئاراستەکردنی قوتابی بۆ سەرچاوەی باوەڕپێکراو. فێرکردنی شێوازی بیرکردنەوە، نەک تەنها لەبەرکردنی زانیاری و، پەرەپێدانی توانا و لێهاتووییەکانی قوتابی. بۆیە تەکنەلۆژیا دەرگای دەرفەتێکی زۆری بۆ مامۆستایان کردووەتەوە.
یەکەم، ئاسانی گەیشتن بە سەرچاوە زانستییەکانە. مامۆستا دەتوانێت لە ماوەی چەند خولەکێکدا دەیان توێژینەوە، ڤیدیۆ و وانەی جیهانی ببینێت.
دووەم، جۆرەها شێوازی فێرکردن. هەندێک قوتابی بە بینین فێر دەبن، هەندێک بە گوێگرتن و هەندێک بە کردەوە. تەکنەلۆژیا یارمەتیمان دەدات هەر قوتابییەک بە شێوازی گونجاو فێر بکرێت.
سێیەم، ژیریی دەستکرد و ئامرازە نوێکان دەتوانن لە ئامادەکردنی پلانی وانە، دروستکردنی پرسیار، و ئامادەکردنی چالاکییە فێرکارییەکان یارمەتی مامۆستا بدەن، بەڵام نابێت جێگرەوەی بیرکردنەوەی مامۆستا بن. بە هەمان شێوە کە دەرفەت هەیە، مەترسیش هەیە، هەندێک مامۆستا وا دەزانن بەکارهێنانی پاوەرپۆینت یان تەختەی زیرەک بە تەنیا واتای فێرکردنی هاوچەرخە. ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە. ئامراز تەنها ئامرازە؛ ئەوەی فێربوون دروست دەکات، شێوازی وانەوتنەیە.
هەروەها، هەندێک قوتابی بەبێ هەڵسەنگاندن زانیارییەکانی ئینتەرنێت وەردەگرن. ئەگەر مامۆستا فێریان نەکات چۆن سەرچاوە هەڵبژێرن، ئەوا زانیاری هەڵە بە ئاسانی بڵاو دەبێتەوە.
مەترسییەکی دیکە بریتییە لە کەمبوونەوەی پەیوەندی مرۆیی و كۆمەڵایەتی، هیچ بەرنامەیەک ناتوانێت شوێنی هەست بە هاوسۆزی و هاندان و گفتوگۆی نێوان مامۆستا و قوتابی بگرێتەوە. ژیریی دەستکرد؛ هاوکارە، نەک جێگرەوە، ئەو دەتوانێت زانیاری کۆبکاتەوە، دەق ئامادە بکات یان ڕێنمایی بدات، بەڵام ناتوانێت هەستی مرۆڤایەتی، دادپەروەری، هاندان و دروستکردنی متمانە لە نێوان مامۆستا و قوتابی جێبگرێتەوە.
پەروەردە هەمیشە لە گۆڕاندایە، بەڵام بنەماکانی ناگۆڕێن. ڕێز، هاوسۆزی، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و دروستکردنی کەسایەتی، هێشتا بناغەی پرۆسەی فێرکردنن.
لە سەردەمی دیجیتاڵدا، مامۆستا نابێت لە تەکنەلۆژیا بترسێت، بەڵکو پێویستە فێری بەکارهێنانی بێت. لە هەمان کاتدا، نابێت بیرمان بچێتەوە کە هیچ ئامرازێکی دیجیتاڵ ناتوانێت شوێنی مامۆستایەکی دڵسۆز و خاوەن پەیام بگرێتەوە. ئەگەر بمانەوێت نەوەیەکی داهێنەر و بەرپرسیار پەروەردە بکەین، پێویستە تەکنەلۆژیا بخەینە خزمەتی مامۆستا، نەک مامۆستا بکەینە خزمەتکاری تەکنەلۆژیا.

