رۆژنامەی ھەولێر

کتێبێک سەبارەت بە کــــــــتێبە وەڕسکەرەکان ڕانانێکی کورت بۆ کتێبی “بۆچی کتێبە وەڕسکەرەکان دەخوێنینەوە؟”

ئارام کۆشکی
زۆرجار ڕۆژگار گەلێک مرۆڤ ماندوو دەکات، کە ئیتر تاقەتی خوێندنەوە و هیچ چالاکییەکی دیکەی نامێنێت، من لەو کاتانەدا ئاڵەنگارییەک لەگەڵ خۆم دەدەم و جۆری کتێب خوێندنەوەم دەگۆڕم و ئەو کتێبانە دەخوێنمەوە، کە هاندەری دووبارە و سەدبارەمن بۆ خوێندنەوە و دووبارە پێمدەڵێنەوە، کە زۆر تێکست هەیە نەمخوێندووەتەوە و دەی با دەست پێ بکەمەوە.
ئەم ماوەیەی پێشوو لە دۆخێکی لەوشێوەیە بووم، من کە ناتوانم بێ خوێندنەوە بژیم، چۆن دەکرێت ڕۆژێک دەستم بەر کتێب نەکەوێت، کۆمەڵێک وتار و چاوپێکەوتنی نووسەرانم خوێندەوە، خۆمم بەو کتێبانەوە سەرقاڵکرد، کە دووبارە باسی کتێبن و دەمگەڕێننەوە بۆ ئەو جیهانەی شەیداییم، بەڵام دۆخی ڕۆحی و دەروونیم هاندەر نییە لەو جیهانەدا، بۆیە یەکێک لەو کتێبانەی دەستم بە خوێندنەوەی کرد کتێبێک بوو سەبارەت بە کتێبە وەڕسکەرەکان بەناونیشانی “بۆچی کتێبە وەڕسکەرەکان دەخوێنینەوە؟” لە نووسینی عەلی حوسێن و وەرگێڕی بەتوانا سەباح ئیسماعیل کردوویەتی بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە دوتوێی 414 لاپەڕەدا بە چاپی گەیاندووە. پێشتر چەند کتێبێکی ئەم نووسەرەم بە وەرگێڕانی ئەم وەرگێڕە و کاک ئازاد بەرزنجی خوێندووەتەوە، کە شێوازێکی ڕوون و سەرنجڕاکێشی هەیە و خوێنەر بۆ دونیای بەرینی خوێندنەوە داوەت دەکاتەوە و بە خوێنەران دەڵێت هێشتا زۆر ماوە بیخوێننەوە و بەردەوام بن بۆ چێژ و گەشت و مەعریفەی زیاتر.
ئەم کتێبە گەشتێکی بەچێژە بۆ ناسینی ئەو کتێبە وەڕسکەرانەی خوێنەر دەبێت ململانێیان لەگەڵدا بکات بۆ ئەوەی تێیان بگات و بتوانێت لێیان بەهرەمەند بێت. ئەم کتێبە پێماندەڵێت هەموو کتێبەکان چێژبەخشن نین، بەڵکو بەشێک لە کتێبەکان وەڕسکەرن، بەڵام لە کتێبە باشەکانیشن. واتە مەرج نییە ئەو کتێبانەی کە وەڕسکەربوون خراپ بن، نەخێر، بەڵکو دەشێ زۆر شاکاری جیهانی چ لە رۆمان، یان شاکاری فەلسەفی و ئابووریی و کۆمەڵناسی تێگەیشتن لێیان وەڕسکەر بێت، بەڵام خوێنەری جیدی ڕێگەی دیکەی لەبەردەمدا نییە جگە لەوەی بکەوێتە ململانێیوە لەگەڵ تێکستەکەدا و ببێتە خوێنەریان. ئەم کتێبە پەیامێکی گرنگی هەیە ئەویش ئەوەیە، کە خوێندنەوە جۆرێکە لە ململانێ لەگەڵ تێکستدا. نەک خۆبەدەستەوەدان و خۆدانە دەست تێکست. ئەم کتێبە داوامان لێدەکات لەگەڵ کتێبەکاندا بیر بکەینەوە. نەک تەسلیمیان بین، لەگەڵ کتێبەکاندا ململانێ بکەین و سنگیان شەق بکەین و ئەوەی لە هەناویاندایە بۆخۆمانیان بەرین. کتێبەکان زۆرجار بابەتی پەنهان و گرنگ و نهێنییان زۆرە و خوێنەر بە ململانێی و کونجکۆڵی زیاتر دەتوانێت ئەوانە ئاشکرا بکات و بەدەستیان بهێنێت. خوێنەربوون بەبێ ئەم ململانێیە خوێنەربوونێکی ناتەواوە. خوێنەر بە ململانێ لەگەڵ تێکستدا گەورە دەبێت و قۆناغی خوێنەری سەرەتایی تێدەپەڕێنێت و بەرەو قۆناغێکی دیکەی گرنگ هەنگاو دەنێت. مانەوە لە یەک بەرگدا و سەرڕێ نەخستنی ململانێ لەگەڵ تێکست و کتێبەکاندا خوێنەر لە بچووکیدا دەهێڵنەوە و وای لێ دەکەن تەنها لە چوارچێوەی چێژدا بڕیار لەسەر دەقەکان بدات و ئیدی هەموو تێکستە گرنگەکانی دیکە بە وەڕسکەر بزانێت.
بەڵام خوێنەری جیدی، چەشنی عەلی حوسێن دەکەوێتە ململانێ و پرسیار لەبارەی ئەو کتێبە وەڕسکەرانەی کە دێنەڕێگەی، یان دەخوازێت بیانخوێنێتەوە، چونکە ناکرێت خوێنەرێکی بەردەوام بیت و نەبینە خوێنەری ئەو تێکستانەی ڕۆڵیان لە گۆڕانکارییە ئەدەبی و فیکریی و سیاسییەکاندا هەبووە. خوێنەربوون بەبێ ڕیسککردن و ماملانێکردن لەگەڵ تێکست و چەشتنی سەختی خوێنەربوونێکی ناتەواوە.
ئەو کتێبانەی ئەم نووسەرە ململانێی لەگەڵدا کردوون کەم نین، بەڵام لە شاکارە فیکریی و ئەدەبییەکانی جیهانن و ناکرێت خوێندنەوەیان فەرامۆش بکرێت. یەکێک لەو کتێبانە “سەرمایە”ی کارڵ مارکس-ـە، کە تا ئێستاش یەکێکە لەو کتێبانەی زۆرترین شرۆڤە و لێکدانەوەی جیاجیای لەبارەوە دەنووسرێت. یەکێکی تر لەو بیرمەندانە ئیمانوێل کانت-ـە کە ئەویش لەبەر سەختی نووسینی بەتایبەت کتێبی “ڕەخنە لە عەقڵی پەتی” خوێنەر تووشی سەرەگێڕە دەکات. هاوکات ئەم نووسەرە ئاماژەی بۆ “یۆلیسیس”ی جیمس جۆریس و زۆر نووسەری دیکە کردووە کە سەختی چەشتووە تا لێیان تێبگات و لە زەمەنی جیاواز و بە وەرگێڕانی جیاواز خوێندوونیەتییەوە تا بتوانێت بە بەشێک لە پەنهانەکانی ئەو کتێبانە ئاشنا بێت.
یەکێک لەو کتێبانەی لە ژیانی خوێنەریمدا گەلێک ململانێم لەگەڵیدا کرد و چەندجارێک بە وەرگێڕانی جیاواز خوێندوومەتەوە کتێبی “زەردەشت وەها دوا”ی نیتچەیە. ئەم کتێبە زۆر گەنج بووم خوێندمەوە و بۆ تێگەشتن لە هەندێک بڕگە و پەرەگراف ڕاوێژم بە هاوڕێ خوێنەرەکانم دەکرد، بەڵام کۆڵم نەدا تا وەرگێڕانی دیکەی دەرچوو و دەیان کتێبیشم لەبارەی نیتچەوە خوێندنەوە تا لە ژیان و بیرکردنەوە و شێوازی نووسین و چەمکە سەرەکییەکانی فەلسەفەکەی تێ بگەم ئەوسا دەستم بە خوێندنەوە بەرهەمەکانی دیکەی کرد.
کتێبەکان چەندە وەڕسکەر بن، هێندە زیاتریان بۆ خوێنەر پێیە. ئەم کتێبەی عەلی حوسێن، تەنها سەلمێنەری ئەم گوتەیە نییە، بەڵکو دەیەوێت لەوە زیاتر بە خوێنەر بدات و جیهانێکی نوێ لەبەردەم خوێنەردا بکاتەوە بۆ ئەوەی سنوورەکانی خوێندنەوە لەبەردەمیدا تەسک نەبێتەوە و هەمیشە بەدوای بێسنوورییدا بگەڕێت لەو دونیایەی کە خولقێنەری بێسنوورییە.
ئەم کتێبە وانەیەکی دیکەشمان فێر دەکات ئەویش ئەوەیە کە خوێنەرە ڕاستەقینەکان، چێژ لەو ململانێیە دەبینن کە لەگەڵ تێکست و کتێبەکانیدا دەیکەن. چێژ دەبینن لەوەی بەر ژیانی نوێ و ئایدیای نوێ دەکەون، چونکە هیچ چێژێک لە چێژی گەیشتن بە مەعریفەی ڕاستەقینە گرنگتر نییە کە تەنها لەنێو کتێبەکاندایە.
دەستخۆشی بۆ کاک سەباح ئیسماعیل و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم و وەرگێڕان و لە چاپدانی ئەم بەرهەمە ناوازەیە.