بژار حەکیم
( خێرایی دیجیتاڵ/ سەرەتای دابڕان )
سەردەمی ئێستا « خێرایی دیجیتاڵی» کە تەکنەلۆژیا و جیهانی دیجیتاڵیزم بە تەواوی زاڵ بووە، لە سەرجەم جومگەکانی ژیانماندا، ئیتر مرۆڤ خۆی لەنێو لێشاوی زانیاریی خێرای دیجیتاڵی و ژینگەی ڕووکەشانەی ئۆنلایندا دەدۆزێتەوە.ئەم گۆڕانکارییە خێرایە لە جیهانی دیجیتاڵی و ئۆنلایندا وایکردووە، یەکێک لە کولتوورە گرنگەکانی ژیان فەرامۆش بکرێت، ئەویش کولتووری خوێندنەوە و قووڵبوونەوەیە لە کایەکانی خوێندنەوە و مەعریفەناسیدا.
فەرامۆشکردنی خوێندنەوە بەشێوەیەکی گشتی ڕوویداوە، بەڵام ئەم فەرامۆشکردنی خوێندنەوەیە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنی دیکە جیاوازە، ئەگەر ئەم کولتووری فەرامۆشکردنی خوێندنەوە لە لەناوچوون ڕزگار بکەین،لانی کەم دەبێت بەکارهێنانی سۆشیالمیدیا ببێتە پلان و هەروەها کشانەوە لە ژینگەی دیجیتاڵیی و ئۆنلاین دەبێت ببنە هەنگاوی سەرەتایی. سۆشیالمیدیا بە شێوازێک داڕێژراوە، کە سەرنجی بەکارهێنەر و تێڕوانینی پارچەپارچە دەکات و توانای سەرنجدانی لەناو دەبات، لە کاتێکدا خوێندنەوەی کتێب( کاغەز)، پێویستی بە ئارامیی و قووڵبوونەوە هەیە و دەبێت خوێنەر لە دنیای ژاوەژاو و جیهانی ئۆنلاین خۆی بە دوور بگرێت. بەڵام هەقیقەتەکە ئەوەیە، کە جیهانی دیجیتاڵیی سەرەتای دابڕانی خەڵکە لە خوێندنەوەو بیرکردنەوەدا، گۆڕینی شوێنی خەڵکە لە مرۆڤێکی کارای کۆمەڵایەتییەوە بۆ مرۆڤێکی نا کارای دیجیتاڵی.
( چێژی خوێندنەوە/ لە کاغەزەوە بۆ شاشەی ئۆنلاین)
گەڕانەوە بۆ نێو ژینگە و دنیای خوێندنەوەی کتێب و قووڵبوونەوە بەتایبەت جیهانی (کاغەزی)، تەنیا گۆڕینی ئامرازێک نییە بە ئامرازێکی دیکە، بەڵکوو گەڕانەوەیە بۆ سەرچاوەی ڕەسەنی مەعریفە و بناغەی پتەوی ڕۆشنبیریی. چونکە کاتێک مرۆڤ کتێبی کاغەز بە دەستەوە دەگرێت بۆ خوێندنەوە، ڕاستەوخۆ دەچێتە نێو بیرکردنەوەی قووڵ و چێژ لە زانیارییەکانی ناو کتێب وەردەگرێت، لێرەدا چێژی مەعریفەی کتێبی کاغەزی ئاگەدارکردنەوەیەکی هەقیقی، لەبارەی زانیارییەکان دەداتە خوێنەر، ئەو ئاگەدارکردنەوەیە جیاوازە لە ئاگادارکردنەوەی دیجیتاڵی (notification/ نۆفتیکەشن)، چونکە لەو جیاوازییەدا ئەوەیە، خوێنەر لە کتێبی کاغەزدا هەست بە پەیوەندییەکی دەروونی لەنێوان خۆی نووسەردا دەکات، کە ئەمە بەهیچ شێوەیەک لەڕێگەی شاشەی دیجتاڵیی و ئۆنلایندا ڕوونادات. لێرەدا دەستبەرداربوونی دنیای سۆشیالمیدیا دەبێتە پێویستییەکی حەتمی، چونکە مرۆڤ ناتوانێت لەیەک کاتدا، هەم لەنێو لێشاوی گرتەی ڤیدیۆیی چەند چرکەیی و زانیاری پچڕ پچڕ، هەمیش لە خوێندنەوەی قووڵی کتێبدا سەرنجەکانی ڕێکبخاتەوە، چونکە لەم حاڵەتەدا کەسەکە، سەرنج و خولیای بەسەر هەردوو ژینگە کاغەزیی و دیجیتاڵییەکەدا دابەش دەبێت.
( لەزمانی ڕەخنەییەوە بۆ ئاماژەکانی ئیمۆجی)
کاریگەرییە نەرێنییەکانی جیهانی دیجیتاڵیی و ئۆنلاین، تەنیا لەسەر کات کوشتن ناوەستنەوە، بەڵکوو زیانی گەورەش لە پێکهاتەی دەروونیی مرۆڤ دەدەن.لە ژینگەی دیجیتاڵیدا، بەکارهێنەر بەهۆی کاریگەریی لایک و کۆمێنتەوە بووە بە کاڵایەکی دەستەمۆ کراو، کە هەڵسوکەوت، بیرکردنەوە و جووڵەکانی لەژێر لایک و کۆمێنت، یان بەکارهێنانی ئاماژەکانی ئیمۆج، کۆنتڕۆڵکردنی خۆی لەدەستداوەو لە زمانی هەقیقی قسەکردن و ڕەخنەدا گۆڕاوە بۆ بێدەنگیی، چونکە ئاماژە ئیمۆجیەکان ڕێگرن لەوەی وەک مرۆڤێکی بیرکەرەوە مامەڵە بکەیت و بەوشێوەیەی خۆی زمان و بۆچوونی لە پەیڤەوە گۆڕیوە بۆ ئیمۆجی ئامادەکراو، واتە بەکارهێنەر جگە لەوەی لە خوێندنەوەی کتێب و بیرکردنەوە دادەبڕێت، هاوکات زمانی ڕەخنەشت لێ وەردەگرێتەوەو ئیمۆجیت پێدەدات. ئەوانەش هۆکارن بۆ تێکچوونی باری دەروونیی بەکارهێنەر و هەروەها لە مرۆڤێکی کارای بیرکەرەوەی خاوەن ڕەخنە، دەتگۆڕێت بۆ مرۆڤێکی بە کاڵا کراوی دیجیتاڵیی بێدەنگ. ئەمەش وایکردووە مرۆڤی هاوچەرخ پشوودرێژی نەمێنێت و نەتوانێت بۆ ماوەی نیوکاتژمێر بەبێ پچڕان لەسەر بابەتێکی قووڵ لە سۆشیالمیدیادا بمێنێتەوە.
( بە کاڵاکردنی مرۆڤ/ لایک و ڤیوو)
لە جیهانی نوێی دیجیتاڵی و سۆشیالمیدیادا، مرۆڤ بەکارهێنەرێکی ساددەی دیجیتاڵی نییە، بەقەد ئەوەی لەڕێگەی بەکارهێنانی ئینتەرنێتدا خۆی و داتا کەسییەکان دەبنە کاڵای کۆمپانیا گەورەکانی دنیا. لێرەدا بەکارهێنەر وەک کاڵا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و لایک و ڤیووی دەبێتە رێکلام و دەفرۆشرێتەوە، بێ ئەوەی بەکارهێنەر خۆی ئاگەداری ئەم کارە بێت.ژینگەی دیجیتاڵی مرۆڤ لە خاوەنی بەهای مەعنەوییەوە گۆڕیوە بۆ ژمارە و داتا، مرۆڤی لە کەسێکی بیرکەرەوەو کاراوە کردووە بە ئامێرێک بەبێ ویستی خۆی لایکی ئەو پۆستانە بکات کە دەیخەنە پێشچاوی و ئەو گرتە جووڵاوانە ببینێت کە پارچەپارچە بێ ئەوەی لێی قووڵ ببێتەوە تەماشا بکات. ئەم دیاردەیە وای لە بەکارهێنەران کردووە، کە بەها و ڕەسەنایەتیی خۆیان فەرامۆش بکەن و تەنها بەو شێوازە دەربکەون، کە کڕیارانی شاشەی دیجیتاڵی دەیانەوێت، ئەمەش ونبوونی شوناسی بەکارهێنەرانە لە جیهانی دیجیتاڵیزمدا.
(بیوونگ چول هان و فەلسەفەی بە کاڵاکردن)
فەیلەسووفی بەناونابگی کۆری -ئەڵمان( بیوونگ چول هان/ Byung Chul Han)، باس لەوە دەکات لە سۆشیالمیدیادا مرۆڤ خۆی دەکاتە کاڵا، بیوونگ پێی وایە لەم سەردەمەدا مرۆڤ بە ئارەزووی خۆی، خۆی دەخاتە ژێر چاودێری و نمایشکردنی بەردەوامی بە کاڵا بوونەوە.
هەروەها دەشڵێ، لەم ژینگەیەدا( سۆشیالمیدیا)، کات بۆ تێڕامان و ڕۆشنبیریی نییە، چونکە مرۆڤ بەردەوام سەرقاڵی بەرهەمهێنانی “وێنەی خۆی”یــتی بۆ ئەوانی تر.
( ترسی دیجیتاڵی لەلای نیکۆلاس کار)
نووسەری دیاری ئەمریکایی (نیكۆلاس کار / Nicholas Carr)، یەکێکە لە دیارترین ئەو نووسەر و توێژەرانەی، کە کاریگەریی نەرێنی ئینتەرنێت و سۆشیالمیدیای لەسەر مێشکی مرۆڤ باس کردووە. نیکۆلاس کار دەڵێ:« ئینتەرنێت مێشکی ئێمە لە نوێ دادەڕێژێتەوە، بۆ ئەوەی تەنیا زانیاری خێرا و ڤیدیۆی پارچەپارچەکراو وەربگرێت». بە بڕوای نیکۆلاس، ژینگەی دیجیتاڵی توانای خوێندنەوەی قووڵی لە مرۆڤ داگیرکردووە، چونکە بەردەوام سەرنجیان پەرش و بڵاو دەکات، ئەمەش وادەکات نەتوانن بچنە نێو قووڵایی بابەتە فیکری و ئەدەبییەکانەوە.
(بەرگریی ئومبێرتۆ ئیکۆ لە کتێبی کاغەزی)
نووسەر و ڕۆماننووس و ڕەخنەگری کولتووری ئیتاڵیایی (ئومبێرتۆ ئیکۆ، ١٩٣٢-٢٠١٦ Umberto Eco)، هەمیشە داکۆکیکارێکی سەرسەختی کتێبی کاغەزی بوو، ئەو پێی وابوو کتێبی کاغەزی هیچ جێگرەوەیەکی نییە و ئینتەرنێت ئەو شوێنە پڕناکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئومبێرتۆ ئیکۆ هۆشداری دەدا لەوەی، کە لێشاوی زانیاری لە ئینتەرنێتدا مرۆڤ بەرەو نەفامی دەبات، چونکە ناتوانێت زانیاری بەسوود لە بێسوود جیا بکاتەوە، لە کاتێکدا کتێبی (کاغەزی) فلتەرێکی گرنگی مەعریفیی ڕەسەنە.
( پاشەکەوتی فیکری دیجیتاڵی لەلای کڵای شێرکی)
نووسەر و توێژەری ئەکادیمی بەنێوبانگی ئەمریکایی لە بواری ئینتەرنێت و تەکنەلۆژیا (کڵای شێرکی/ Clay Shirky)، خاوەنی چەمکی پاشەکەوتی فیكری دیجیتاڵی بۆچوونی وایە، کە ژینگەی دیجیتاڵ و سۆشیالمیدیا مرۆڤیان لە بەکاربەرێکی تەمبەڵەوە گۆڕیوە بۆ بەشداربووێکی چالاک. شێرکی دەڵێت، ئامرازە دیجیتاڵییەکان ڕێگە بە مرۆڤ دەدەن پێکەوە مەعریفە بەرهەم بهێنن و بڵاوی بکەنەوە. بە بڕوای شێرکی سۆشیالمیدیا نەک خوێندنەوە کەم ناکاتەوە، بەڵکوو دەرفەت بە خەڵک دەدات بەیەکەوە کتێب تاوتوێ بکەن. کڵای شێرکی لە شیکردنەوەی چەمکی پاشەکەوتی فیکری دیجیتاڵی ئاماژەی بەوە کردووە، کە جیهانی دیجیتاڵی زەمینەی پاشەکەوتی مەعریفی خێرا کردووە چونکە زانیاریی خێرا و دەوڵەمەند پێشکەش بە بەکاربەران دەکات. بۆچوونی شێرکی بۆ زیاتر شیکردنەوەی چەمکی “پاشەکەوتی فیکری”، دەڵێ:” ئینتەرنێت بەگشتی و سۆشیالمدیا بەتایبەت لەڕێگەی بەشداریی کارای بەکارهێنەران، کاتێک بیروڕا ئاڵوگۆڕ دەکەن لەبارەی بابەتێک، هاوکاری یەکتر دەکەن بۆ بەشداریی بابەتە فیکرییەکان و ئەمەش پاشەکەوتی فیکریی بەکارهێنەرانە”.
(کولتووری بەشداریکردن لەلای هێنری جێنکن)
نووسەر و زانای دیاری ئەمریکایی لە بواری میدیا و تەکنەلۆژیا( هێنری جێنکن/Henry Jenkins)،ئاماژەوە بەوەدەکات کە، ژینگەی دیجیتاڵی بەربەستەکانی نێوان بەرهەمهێنەری ڕۆشنبیری (نووسەر) و بەکاربەر (خوێنەر)ـی تێکشکاندووە. بە بۆچوونی جێنکن، ئێستا خوێنەران تەنیا وەرگر نین، بەڵکوو لەڕێگەی سۆشیالمیدیاوە دەتوانن ڕەخنە بگرن، گفتوگۆ بکەن و تەنانەت دەقی نوێش لە دەوری کتێبەکان بەرهەم بهێننەوە.
(دیموکراتیزەکردنی خوێندنەوەی نەیل گەیمان)
نووسەر و ڕەخنەگری بەریتانی لە بواری تەلەڤزیۆن و شانۆ (نەیل گەیمان/ Neil Gaiman)، لەدیدی دیموکراتیزەکردنی خوێندنەوەدا، گەیمان داکۆکی لەو بۆچوونەی دەکات و دەڵێ، ژینگەی دیجیتاڵی (کتێبی ئەلیکترۆنی و دەنگی) و ناساندنی کتێب لە سۆشیالمیدیادا، پرۆسەی خوێندنەوەیان ئاسانتر و گشتگیرتر کردووە. نەیل گەیمان ئاماژە بەوەش دەکات، کە سۆشیالمیدیا دەرفەتی زیاتر بە خوێنەر دەدات دەستی بە کتێب بگات، بەتایبەت ئەو کتێبانەی لە کتێبخانەی نەریتیدا دەستناکەون. گەیمان دەشڵی کە کولتووری دیجیتاڵی بەهای گرنگی بۆ رۆشنبیریی هەیەو کارئاسانی زۆری تێدا کراوە بۆ خوێنەر.
(کورت و پووخت):
بۆچوونی بەشێک لە نووسەرانیی هاوچەرخ ئەوەمان پێدەڵێن، کە سۆشیالمیدیا و ژینگەی دیجیتاڵی تەنیا ئامراز نین بۆ بە کاڵاکردنی مرۆڤ، بەڵکوو شێواز، هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەی مرۆڤیش دەگۆڕن، بۆیە گەڕانەوە بۆ جیهانی خوێندنەوەی کتێبی کاغەزی، پێویستی بە جۆرێک لە دوور کەوتنەوە یاخود یاخیبوونی شاشەی دیجیتاڵی هەیە. لە بەرانبەر ئەو بۆچوونەش نووسەرانی دیکەش هەن، پشتیوانی لە کولتوور و ژینگەی دیجتاڵی و ئۆنلایندا دەکەن و بە گرنگی دەزانن.

