رۆژنامەی ھەولێر

لارا دزەیــــی؛ بەستنەوەی جیهانبینیی مۆدێرن بە ڕەسەنایەتیی ناسنامەی کوردییەوە

نووری بێخاڵی
(لارا دزەیی)ی نەخشەسازی جلوبەرگی کوردی، لە نوێترین دیداری میدیاییدا دەڵێت: “ ئەمن ئەرکێکی زۆر گەورەم لەسەر شانە. زۆر بانگهێشت دەکرێم لە دەرەوەی کوردستان کە دیزایینەکانم پێشکەش بکەم. ئەوە ئەرکە لەسەر من، ئەمن نامەوێ ڕۆژەک پەشیمان ببمەوە و داپیرم یان دایکم بێتە خەونم برێ ئەرێ کیژم ئەوە ئەتوو چ دەکەی؟ نامەوێ شەرمەزاری باو و باپیرانم بم. چونکە ئەمن لەوانەوە هاتیمە، ئەوە دەنگی وانە لەناو قوماشەکانم دەجوولێ وەکو سەمایەکی جوان، با بەینی دەنگی وان و ئەو جیلەی ئێستا تێکەر ببیتن. دەزانم ڕەخنە هەر دەگیرێ، مەسەلەن جارەک کۆمێنتەکم لۆ هاتبوو، ئێکەکی بەڕێز گوتبووی: «ئەرێ خوشکی بەڕێز ئەتوو چ کێشەت لەگەر سینگ و ملی ژنان هەیە؟ ئەتوو لۆ هەندە دایاندەپۆشی؟ پێشترێ ئی ڕەسەن ئەوها نەبوو.» دیارە دیراسەی نەکردییە، چونکە بڕۆیە سەر گوگڵی بنووسی، هەمووی، هەمووی هەتا ئێرەیە – ئاماژە بۆ ژێر چەناگەی دەکات – یەعنی، بەس وایی چەند بە هەیبەتە.”

بە پێویستم زانی ئەم لێدوان و وەڵامەی (لارا) بکەمە دەروازەی نووسینەکە، تا خوێنەر لەبارەی پەیام و ئامانجی ئەم وتارەم بەرچاوی ڕوونیی زیاتری هەبێت!
لە دنیای ئەمڕۆدا کە شەپۆلی جیهانگەرایی و فەرهەنگی بەکاربردن جیاوازی و ڕەنگە ڕەسەنەکان لەناو دەبات، دەرکەوتنی کچێکی کورد کە بتوانێت کولتوور و ناسنامەی نەتەوەیی خۆی بباتە سەکۆ بەرزەکانی جیهان، ڕووداوێکی سیمبولی و گرنگە.
لارا، یەکێکە لە پێشەنگی ئەو کچانەی کە توانیویەتی مۆدێلێکی جیاواز لە نوێنەرایەتیکردنی کولتووری کوردی بەرهەم بهێنێت؛ نوێنەرایەتییەک کە لەسەر بنەمای بازرگانی و خەونی دەوڵەمەندبوون و خۆنواندن نا، بەڵکوو لەسەر بنەمای پاراستنی ناسنامە، دەستگرتن بە ڕەچەڵەک و ڕەسەنایەتیی کوردەواری و زیندووکردنەوەی بەها مێژووییەکان بونیاد نراوە.

دیارە جلوبەرگی کوردی تەنیا پارچە قوماشێک یان پۆشاکێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو تۆمارێکی مێژوویی، مرۆڤناسی و بوونناسیی نەتەوەیەکە کە لە ڕێگای ڕەنگ، نەخش و شێوازی دوورینەوە؛ چیڕۆکی بەرخۆدان و مانەوەی نەتەوەیەک دەگێڕێتەوە.
کاتێک دەڵێین جلوبەرگی کوردی تۆمارێکی مرۆڤناسی (ئەنتڕۆپۆلۆژی)یە، مەبەستمان ئەوەیە کە ئەم جلوبەرگە وەک شایەدحالێکی مێژوویی؛ لە ڕێگای ڕەنگەکان، جۆری قوماش و نەخشەکانیەوە کار دەکات و شێوازی ژیانی کۆچەریی یان گوندنشینی، بارودۆخی کەشوهەوا، ئاستی کۆمەڵایەتی و بیروباوەڕی فەرهەنگیی مرۆڤی کوردمان لە سەردەمە جیاوازەکاندا بۆ دەردەخات. بەمەش جلوبەرگ لێرەدا دەبێتە کەرەستەیەکی زانستی بۆ تێگەیشتن لەوەی کورد چۆن ژیاوە و ژینگەکەی چۆن کاریگەریی لەسەر فەرهەنگەکەی داناوە.
کاتێکیش وەک ڕەهەندێکی بوونناسی (ئۆنتۆلۆژی) باس لە جلوبەرگی کوردی دەکەین، مەبەستمان ئەوەیە کە ئەم جلوبەرگە تەنیا شتێک نییە بپۆشرێت، بەڵکوو بەشێکە لە بوونی شکۆ و ناسنامەی مرۆڤی کورد. کاتێک تاکێکی کورد جلوبەرگی کوردی دەپۆشێت، دەیەوێت بە دەوروبەری بڵێت: من ھەم، ناسنامەم هەیە و ڕەسەنایەتیی خۆم دەپارێزم. لێرەوەیە کە پۆشاکەکە دەبێتە ئامرازێک بۆ جەختکردنەوە لەسەر مانەوە و بوونی نەتەوەیی لە بەرامبەر سڕینەوەی فەرهەنگیدا.
بە واتایەکی ڕوون و ڕۆشنتر؛ جلوبەرگی کوردی لە یەک کاتدا ڕەنگدانەوەی مێژوو و کولتووری ژیانی مرۆڤی کورد و هێمای بوون و مانەوەی ناسنامەی کوردە لە جیهاندا.
لێرەوەیە کە لارا دزەیی دێت و لە ڕێگای ئەندێشەی کوردبوون و دەستڕەنگینییەکانی لە بواری نەخشەسازیدا (دیزایین)، ئەم توخم و ڕەگەزانەی ناسنامە دەگوێزێتەوە ناو بەرزترین سەکۆکانی مۆدە و فاشن لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
ئەوەی کاری ئەم خاتوونە لە کارە بازرگانییە باوەکانی کچە مۆدێل و فەریکە هونەرمەند و هاوکووفەکانیان و دیاردەکانی خۆڕووتکردنەوەیان جیای دەکاتەوە، ڕوانگە قووڵەکەیەتی بۆ جلی کوردی وەک هێمای ڕەسەنایەتی بۆ پاراستنی ئەو ڕەگەزە بنەڕەتییانەی کە چیڕۆکی مێژوویی جلوبەرگی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دەگێڕنەوە، هەروەها دەیکاتە ئامرازێکی دیپلۆماسییەتی فەرهەنگی بۆ ناساندنی ئاستی بڵندی هونەر و کولتووری کوردی بە بینەری جیهانی، هاوکات بە بەکارھێنانی کەرەستە و نەخشە ڕەسەنەکان لە چوارچێوەیەکی مۆدێرندا و بەبێ ئەوەی ڕوحە بنەڕەتییەکەیان لەدەست بدەن، ئاڵوگۆڕێکی هاوسەنگ لە نێوان نەریت و هاوچەرخبووندا دروست دەکات.
لە کاتێکدا دنیای مۆدێلینگی کوردی بە پاڵپشتیی میدیای نابەرپرس و ناپیشەییەوە، زۆربەی کاراکتەرە هەڵتۆوقیوەکانی بەرەو ماددەگەرایی، لاساییکردنەوەی سەقەت، خۆنواندن و لەدەستدانی ڕەسەنایەتیی مرۆیی و نەتەوەیی بردووە، لارا دێت و نموونەیەکی زۆر جوان و جیاوازتر پێشکەش دەکات.
سەرەڕای دەستڕاگەیشتنی ئەم کچە بە تەواوی ئامرازەکانی ژیانی ڕۆژئاوایی و ناوبانگی جیهانی و خۆشگوزەرانی، بەڵام ئامادەیی و پێداگیریی ئەو لەسەر پەیوەستبوون بە زمانی دایک، کوردبوون، پاراستنی بەهاکانی کوردەواری و شانازییکردن بە ڕەسەن و ڕەچەڵەکی مێینەیی و نەتەوەیی خۆی، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئاستی ئاگایی و هۆشیاریی ئەو خاتوونە لە پەیوەست بە گرنگیی ناسنامە.
دیارە دەستگرتن بە ڕەسەنایەتی وەک ئەوەی هەوڵێک نییە بۆ چەقبەستن و هەڵنەکردن لەگەڵ دنیای نوێ، بە ڕواڵەت و خۆڕووتکردنەوە و خەونی بەدەستهێنانی ناوبانگی کاتیش نییە؛ بەڵکوو توانای وەستانەوەیە لەسەر ڕەگەکان لە کاتێکدا بەرەو لووتکە هەنگاو دەنێیت.

ڕاستییەکەی، لارا دزەیی تەنیا نەخشەسازێکی سەرکەوتووی جلوبەرگ نییە، بەڵکوو نوێنەری نەوەیەکی نوێی کچانی کوردە کە هاوسەنگییەکی دروست لە نێوان ئازادیی فکری، ڕەسەنایەتی، هاوچەرخبوون و وەفاداری بۆ ناسنامەی نەتەوەیی دروست دەکەن. ئەو ڕەتی دەکاتەوە کە لەپێناو بەدەستهێنانی دەستکەوتی ماددی و ناوبانگ، ناسنامەی مرۆیی یان شکۆی فەرهەنگیی خۆی بباتە ژێر پرسیارەوە و لە رێگای ڕەنگە ئاڵوواڵاکانی جلوبەرگی کوردییەوە نەک هەر جوانناسیی کوردی، بەڵکوو ڕۆحی ئازاد و بەرگریکاری ژنی کورد بە جیهان دەناسێنێت.