رۆژنامەی ھەولێر

ژیریی دەستکرد بکوژی نووسین نییە، بەڵکو تاقیگەی ناسینەوەی ئەقڵە ڕەسەنەکانە

پڕۆفیسۆر عەزیز عەبدوڵڵا بەرزنجی*
پێش ئەوەی بپرسین ئاخۆ باشترین سەکۆ (Platform) بۆ فێربوونی نووسین چییە، دەبێت پرسیارێکی گرنگتر بپرسین: بۆچی لە بنەڕەتدا وامان زانیوە کە نووسەر لە ناو سەکۆیەکدا دروست دەبێت؟ بێگومان ئەم پرسیارە قەیرانێکی قووڵی کولتووری دێنێتە پێشەوە کە خودی ئەدەبیش تێدەپەڕێنێت. دیارە، ئێمە لە سەردەمێکدا دەژیین هەموو شتێکی گۆڕیوە بۆ بەرهەمێکی خێرا، تەنانەت مەعریفە و داهێنانیش. وەك چۆن ئەو خولانە ریکلام و بانگەشەیان بۆ دەکرێ کە بەڵێنی دروستکردنی ملیاردێر لە سی ڕۆژ یان هەفتەیەك دەدەن، بەهەمان شێوەش سەکۆگەلێك دەرکەوتوون و وا وێنایان کردووە کە نووسەر دەکرێت لە ماوەی چەند مانگێکی کەمدا لەدایك بێت و، دەقی باش و سەرنجڕاکێش تەنیا دەرەنجامی ئەلگۆریتمێکی باش یان بەرنامەیەکی ژیر یان کۆمەڵێك قاڵبی ئامادەکراوە. بە داخەوە، ئەمە شۆڕش نییە لە بواری نووسیندا، بەڵکو شۆڕشە لە بەبازاڕکردنی وەهمدا. پەیوەندیی مرۆڤ بە مەعریفەوە گۆڕاوە؛ لە ڕابردوودا نووسەری ڕاستەقینە ساڵانێکی درێژی لە نێوان کتێبەکاندا بەسەر دەبرد، زیاتر لەوەی دەینووسی دەیخوێندەوە و، زیاتر لەوەی قسە بکات بێدەنگ دەبوو. بەڵام ئەمڕۆ، لەم سەکۆ دیجیتاڵییە قەرەباڵغەکاندا، زۆر کەس زیاتر لەوەی دەیخوێننەوە دەنووسن و، زیاتر لەوەی بیر بکەنەوەو لە بێژینگی بدەن بڵاوی دەکەنەوە. جێی سەرنجە کە زۆربوونی ئامرازەکان و پلاتفۆڕمەکانی نووسین هاوکاتە لەگەڵ کەمیی بیرۆکەکان. بە بۆچوونی من، کێشەکە چیتر کەمیی هۆکارەکان نییە، بەڵکو هەژاریی دیدگایە. بۆیە قەیرانی ڕاستەقینە قەیرانی زمان نییە، بەڵکو قەیرانی هۆشیارییە.
دەتوانین بڵێین، ژیریی دەستکرد و سەکۆ دیجیتاڵییەکان نوێنەرایەتی گەورەترین دەرفەت دەکەن کە نووسەر لە مێژوودا ناسیویەتی، بەڵام لە هەمان کاتدا مەترسیدارترین هەڕەشەشن بۆ دنیای نووسین وبڵاوکردنەوە. دەرفەتەکە لەوەدایە کە تۆ دەتوانی بە ئاسانی دەستت بە ملیۆنان کتێب، ڕەخنەی دەستبەجێ، ئامرازی دەستکاریی پێشکەوتوو و دیالۆگێکی مەعریفیی جیهانی بگات کە پێشتر شتی وانەبووە. بەڵام مەترسییەکە لەوەدایە کە نووسەر دەکات بە فەرمانبەرێکی بێگیان لای ئامێرەکە دانیشتووەو؛ چاوەڕێ دەکات ئامێرەکە، بەخێری خۆی، بیرۆکەکەو، ناونیشان و، پێشەکی و، کۆتایی و تەنانەت هەستەکانیشی پێ ببخشێت. ئەو کات ئیتر ئەو هیچ نانووسێت، بەڵکو، ڕۆبۆت ئاسا، تەنیا دەبێتە بەکارهێنەری فەرمانەکان. ئەو نووسەرەی بە تەواوی پشت بە سەکۆ دیجیتاڵییەکان دەبەستێت، ڕێك وەك میوزیکژەنێك وایە کە نوێترین ئامێری میوزیکی لایە بەڵام موزیك لە ناخی خۆیدا نابیستێت. ئامێر دەتوانێت ئەداکە باشتر بکات، بەڵام ناتوانێت هەستی هونەری دروست بکات. ژیریی دەستکردیش ڕێك بەم شێوەیە؛ دەتوانێت دەقەکەی تۆ پاكنووس بکات، بەڵام ناتوانێت ئەزموونی مرۆییی پێ ببەخشێت، ئەو ئەزموونەی کە ڕۆح دەدات بە وشەکان، بۆیە دەقێکی ساردوسڕ لەدایك دەبێت.
هەندێك لە نووسەرە تازەکان وایان لێ هاتووە کوالێتی دەق بەوە هەڵدەسەنگێنن کە تا چەند ژیریی دەستکرد سەرسام بووە پێی، نەك بە توانای دەقەکە بۆ دروستکردنی کاریگەریی فیکری لای خوێنەر. نووسەری ئەمڕۆ، بەداخەوە، وای لێ هاتووە داوا لە سەکۆ دیجیتاڵییەکان دەکات پیاهەڵدانی بۆ بکات، بۆی پشتڕاست بکاتەوە کە دەقەکەی نایابە و، ئەو متمانەیەی پێ ببخشێت کە لە ڕاستیدا دەبێت لە ڕێگەی ڕەخنەی ڕاستەقینەوە بەدەستی بهێنێت. بەم شێوەیە سەکۆ دیجیتاڵییەکان لە ئامرازێك بۆ فێربوونەوە دەگۆڕدرێن بۆ ئاوێنەیەك بۆ ەڵسەنگاندنی خوود. بەڵام ئەدەبی ڕاستەقینە بەم شێوەیە گەشە ناکات، بەڵکو زۆر جار، پێویستی بە ڕەخنەی ئازاربەخشە تا گەشە بکات. ئەو نووسەرەی بەرگەی ئەوە ناگرێت کە ببیستێت دەقەکەی لاوازە، هەرگیز ناتوانێت ڕۆژێك لە ڕۆژان دەقێکی بەهێز بنووسێت. هەروەها، لە دنیای ئەمڕۆدا، وەهمێکی دیکەش هەیە کە بەسەر کایەی ئەدەبیدا زاڵ بووە، ئەویش بڕوابوونە بەوەی کە ڕەوانبێژی (بلاغە) خودی ئەدەبە. زۆر دەق دەبینرێن سەرسوڕهێنەرن چونکە پڕاوپڕن لە خواستن و دەربڕینی بریقەدار، بەڵام دوای خوێندنەوەیان هیچ گۆڕانکارییەك لە شێوازی بیرکردنەوەی خوێنەردا درووست ناکەن. ئەدەب نەخش و نیگاری زمانەوانی نییە، بەڵکو دۆزینەوەی هەقیقەتە. ڕستەی جوان کە هەڵگری مانا نەبێت تەنیا دەبێتە ڕازاندنەوەی وشە، بەڵام ئەو ڕستەیەی شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤ دەگۆڕێت، ئەوە ئەدەبی ڕاستەقینەیە.
یەکێکی تر لەو هەڵانەی سەکۆ دیجیتاڵییەکان درووستی دەکەن ئەوەیە کە هانی بەکاربردنی خێرای دەقەکان دەدەن. نووسەر دەنووسێت بۆ ئەوەی زوو بڵاوی بکاتەوە، نەك بۆ ئەوەی بیر بکاتەوە. زیاتر پێداچوونەوە بۆ ژمارەی “لایکەکان” دەکات وەك لەوەی پێداچوونەوە بۆ کوالێتی بیرۆکەکانی بکات. بەدوای بڵاوبوونەوەدا ڕادەکات لەبری ئەوەی هەوڵی مانەوە بدات. بەم شێوەیە نووسین دەگۆڕێت بۆ ناوەرۆك (Content) و نووسەر دەگۆڕێت بۆ بڵاوکەرەوەی نووسین. بەڵام مێژوو هەرگیز ناوەرۆك ناپارێزێت، بەڵکو پارێزگاری لە فیکر دەکات. بونیادنانی نووسەریش لە بونیادنانی مرۆڤەوە دەست پێ دەکات، بەو واتایەی، ئەو نووسەرەی ئەزموونی جیاوازی نەکردبێت، شکستی نەناسیبێت، مێژووی نەخوێندبێتەوە، فەلسەفەی نەخوێندبێت و تێکەڵی خەڵك نەبووبێت، هەمیشە بە ناتەواوی دەربارەی ژیان دەنووسێت. نووسین تەنیا لێهاتووییەکی زمانەوانی نییە، بەڵکو دەرەنجامی ژیانێکی کامڵە. هەر بۆیە ڕۆمانە نەمرەکان لە ناخی خۆیاندا زانستی دەروونناسی، سیاسەت، کۆمەڵناسی، ئایین و فەلسەفەیان هەڵگرتووە، چونکە تەنیا بەرهەمی پێنووس نین، بەڵکو بەرهەمی ئەقڵێكن کە ماوەیەکی دوورودرێژ لەگەڵ پرسیارەکاندا ژیاون.
نابێت ژیریی دەستکرد ببێتە مامۆستایەکی ڕەها و ئەوەی ئەو بیڵێت ئەوە تەواو بێت. نووسەر مافی خۆیەتی جیاواز بێت لەگەڵ ژیریی دەستکرددا، هەندێك لە پێشنیارەکانی ڕەت بکاتەوە و، دەقەکە بە شێوازێك دابڕێژێتەوە کە دژی ڕاسپاردەکانی ژیریی دەستکرد بێت. ئەو نووسەرەی هەموو دەستکارییەك لە ژیریی دەستکرد قبوڵ دەکات، بەرە بەرە دەنگی تایبەتی خۆی لەدەست دەدات و وەك ئەو باڵندەی لێدێت کە لەبەر لاسایی کردنەوەی کوێرانەی دەنگی باڵندەکانی دیکە، دەنگی ڕاستەقینەی خۆی لەدەستدا. شێوازی ئەدەبی لە گوێڕایەڵییەوە لەدایك نابێت، بەڵکو لە جیاوازییەوە دروست دەبێت. هەر نووسەرە و مۆرکێکی تایبەت بە خۆی هەیە، ئەگەر هەموو دەقەکان بێ بەرگری بە ناو هەمان ئامێردا تێپەڕن، ئەوا زمانێکی لێکچوومان دەست دەکەوێت کە لە ڕووی دیکۆرەوە جوانە بەڵام بێناسنامەیە.
سەکۆ دیجیتاڵییەکان بواری تاقیکاری نین بۆ بەهرەکانت، بەڵکو تاقیکردنەوەن بۆ دیسپلین و ڕێکخراوەییەکانت. ئەوان هەمان ئامراز دەدەن بە هەمووان، بەڵام ئەنجامەکان جیاوازن چونکە ئەقڵە بەکاربەرەکان جیاوازن. کەسێك بەکاریان دەهێنێت بۆ خوێندنەوە، شیکردنەوە، ڕاستکردنەوە و پەرەپێدانی خۆی، بۆیە ساڵ لە دوای ساڵ گەشە دەکات. کەسێکی تر بەکاریان دەهێنێت بۆ بەرهەمهێنانی دەقی ئامادە، بۆیە گەشەکردنی هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە دەوەستێت. جیاوازی و هەڵە لە سەکۆکەدا نییە، بەڵکو لە شێوازی بەکارهێنانیەتی. بۆیە ئەو نووسەرەی دەیەوێت پڕۆژەیەکی ڕاستەقینە دروست بکات، دەبێت وەك “تاقیگە” سەیری سەکۆ دیجیتاڵییەکان بکات نەك وەك “کارگە”. تێیاندا تاقی ئەنجام بدات و، سات دوای سات شتی تازە فێربێت. هەمیشە لە تاقیگەکاندا هەڵە دەکرێت و سوود لە هەڵەکان وەردەگیرێت، بەڵام دەبێت خودی ئەو کەسە ڕێگە نەدات ئامێرەکان لەبری ئەو بیر بکەنەوە. هەرگیز بیرۆکە مەزنەکان لە ئەلگۆریتمەکانەوە نایەن، بەڵکو لە بەرکەوتنی ئەقڵ بە واقیع و لە ململانێی مرۆڤ لەگەڵ پرسیارە گەورەکانەوە دێن؛ وەك ئازادی، دەسەڵات، ناسنامە، ئایین، دادپەروەری، مردن، خۆشەویستی و مانا و هتد.
خراپترین شت، کە پێشبینی دەکرێت لە دەیەکانی داهاتوودا ڕووبەڕووی ئەدەب ببێتەوە، هەژموونی ژیریی دەستکرد نییە، بەڵکو تەمەڵی و سستی مرۆڤەکانە. ئەگەر نووسەر واز لە خوێندنەوە بهێنێت چونکە دەتوانێت داوای لە سەکۆ دیجیتاڵییەکان بکات و، واز لە بیرکردنەوە بهێنێت چونکە دەتوانێت داوای شیکردنەوە لە سەکۆ دیجیتاڵییەکان بکات و، واز لە نووسین بهێنێت چونکە دەتوانێت داوای وتار لە سەکۆ دیجیتاڵییەکان بکات، ئەوا تەنیا پیشەی نووسین لەدەست نادات، بەڵکو توانای بیرکردنەوەی ئازادیش لەدەست دەدات. بۆیە نووسەری ڕاستەقینە لە سەردەمی ژیریی دەستکرددا ئەو کەسە نییە کە تەنیا لە بەکارهێنانی ئامرازەکاندا کارامەیە، بەڵکو ئەو کەسەیە کە دەزانێت کەی واز لە بەکارهێنانیان بهێنێت و، کەی خۆی بە تەنیا لەبەردەم لاپەڕەکانی کتێبەکاندا دابنیشێت. چونکە لەو ساتەدا، کاتێك هیچ پێشنیار و ڕاستکردنەوە و قاڵبێکی ئامادە بوونیان نییە، ئەو دەنگە لەدایك دەبێت کە تەواوی ئامێرە بێگیانەکان لە بەرامبەریدا چۆك دادەن.

پسپۆڕ لە بواری تەکنەلۆژیای نانۆ
زانکۆی سۆران