رۆژنامەی ھەولێر

کەوچک لە دەوری پیاڵە دەخشێنێت!

فازڵ میرانی
ئەم ناونیشانە گوزارشت لە یەکێک لە بەناوبانگترین و پڕواتاترین پەندە عامییەکانی عێراق دەکات بۆ وەسفکردنی حاڵەتێک کە ئەگەر لە واقیعدا بوونی نەبووایە، ژیریی مرۆڤ نەدەبووە خاوەنی پەندێکی سەربەخۆ و کاریگەری ئاوا لەسەری.
پەنجەکان کەوچکەکە لەناو پیاڵەی چایەکەدا دەسووڕێنن بۆ ئەوەی شەکرەکە بتوێتەوە و شیرینی بکات، دەنا بە تاڵی دەمێنێتەوە. تەنانەت “تەها حوسێن” خۆی، شیعر و پەندی عامیی بە دیاردەیەکی سروشتیی دەوڵەمەند دەبینی کە کۆمەڵگاکان لە ڕێگەیەوە گوزارشت لە خۆیان و لە ئازارەکانیان دەکەن. لە ھەموو کایەکانی ژیاندا کەسانێک هەن کە (کەوچک لە دەوری پیاڵەکە دەخشێنن)، بوارەکانی سیاسەت و بەڕێوەبردنیش لەم جۆرە کەسانە بەدوور نەبوون.
من لەو کەسانە نیم کە پێیان وابێت مەبەست لەم پەندە ئەو کەسانەیە کە خۆیان لە بێئاگایی دەدەن تا ببنە بەرجەستەکەری ناوەڕۆکی پەندەکە؛ چونکە ئەوانەی خۆیان لە گێلی دەدەن، یان خاوەن دانایی و حیکمەتێکن کە وا دەکات کارەکان بەڕێوە بچن تا بەرژەوەندییەکان پەکنەکەون.
بەڵام (ئەوانەی لە دەرەوەی پیاڵەکە چا تێک دەدەن)، ئەو کەسانەن کە بەهۆی ئەو بارودۆخەی لەلایەن بێئاگا یان خراپەکارەکانەوە خوڵقێنراوە، گەیشتوونەتە پێگەیەک کە کێشە و بابەتە گرنگەکان ــ کە پێویستیان بە چارەسەرکاری کارا هەیە و لە ئێستادا ئامادە نین ــ بکەونە دەست کەسانێک کە هیچ لە بابەتەکە تێناگەن.
هاووڵاتی، بەرژەوەندییەکانی، نیشتمانەکەی، ئێستا، ڕابردوو و داهاتووی، بەرپرسیارێتیی گەورەن؛ پێویستیان بە دامەزرێنەران، دڵسۆزان، کەسانی جێی متمانە هەیە. ئەوانەی لەسەر بنەمای زانست بنیاد دەنێن و بەدواداچوون دەکەن، کارەکان بەڕێوە دەبەن و چاکسازی دەکەن، چاودێری و هەڵسەنگاندن دەکەن، کاری باشی ئێستا بەهێز دەکەن و پایەکانی وا دادەمەزرێنن کە بەرگەی قورسیی داهاتوو بگرێت؛ کەسانێکی بەئاگا، هۆشیار و دوور لە شێواوی، کە تەنها بەپێی پێویست دەدوێن و دەستیان لە خوڵقاندنی کاریگەری و گۆڕانکاریی ئەرێنیدا کورت ناهێنێت.
ئەو کەسانەی وا تێگەیشتوون کە سیاسەت ئەسپێکی ڕامکراو و ئاسانە بۆ سواربوون، سووکایەتی و خراپەیان بەرامبەر بە سیاسەت و مێژووەکەی کردووە؛ بەڵام سیاسەت بێ سەروبەند و سەرکێشە، ڕەنگە بیاندات بە زەویدا، وەک چۆن پێشتر کەسانێکی وای بە زەویدا داوە کە ئەگەر بەراورد بکرێن بەمانە، بەراوردکردنیان کارێکی نادروستە؛ تەنانەت بە ئەندازەی ئەو خراپەیەی لەلایەن کەسێکەوە دەکرێت کە کاتێک حوکم دەکات ستەمکارە و کاتێک حوکمی بەسەردا دەسەپێنرێت، هاوار بۆ فریادڕەس دەبات.
کێشەکانی دەوڵەت بە قسەی بێهوودە چارەسەر نابن، تەنانەت ئەگەر ئەو قسانە لە دەمی کەسێکی پاک و ژیریشەوە هاتبێتنە دەرەوە. دەوڵەتان تەنها بە بەرنامەی واقیعیی شیاوی جێبەجێکردن بەڕێوە دەبرێن، حوکمڕانی بۆ کەسێک ڕاست و بەردەوام نابێت کە ئەزموونەکان تاقی نەکردبێتەوە و لەناو کوورەی نەهامەتییەکاندا قاڵ نەبووبێتەوە.
ئەگەر شۆڕشگێڕ بێت، دەبێت خوێندەوار و هۆشیار بێت؛ خۆ ئەگەر دەستبەرداری خەبات بووبێت یان سەردەمی خەباتی نەدیبێت، ئەوا پێویستە تێبگات و پەلە بکات لە درککردن و قبووڵکردنی بارودۆخەکە.
دەوڵەتان قەوارەیەکی سیاسین؛ لە ناوەوە و دەوروبەریان گەل، بەرژەوەندی و حوکمڕانییەک هەیە کە خاوەن ئامرازی تایبەت بە خۆیەتی. ژیان مافە، دابینکردنی پێداویستییەکانیشی پێویستی بە ڕێکخستن، سیاسەت، بەڕێوەبردن و بەدەستهێنانی ئەنجام هەیە.
خەڵک پێویستی بە چارەسەرە؛ پێویستی بەوانە نییە کە لە کاتی پێویستبوون بە تەڕایی، وشکییەکە زیاتر دەکەن، لە کاتی پێویستبوون بە وشکیش، ئاو دەکەن بە قوڕەکەدا. خەڵک پێویستی بە کەسانێک نییە کە کاتێک دەئاخفن یان کارێک دەکەن، هاوشێوەی ئەو کەسە بن کە پەندی ناونیشانی ئەم وتارە باسی دەکات.