ئاری ئاغۆک
ژینگەپارێزی وەک ناسنامەی بەردەوامی مرۆڤایەتی تەنیا لە یەک ڕوانگەوە سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک زمانێکی هاوبەشی هەموو گەل و نەتەوە و ئایینێک ئەوا بەدرێژایی مێژوو تاکەکانی کۆمەڵگە بەدوای پاکژیدا گەڕاون، ئەگەر لە هەر دید و بۆچوونێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی و ئایینیدا خاڵی جیاواز هەبێت، بەڵام لە ژینگەپارێزی و پاکژیدا ئەوا هەمووان لەسەر یەک تایتڵ کۆکن، ئەویش هەموو ئایینەکان داوای ژینگەپارێزی دەکەن، چونکە ژینگەپارێزی و خاوێنی یەکێکە لەو بنەما گرنگانەی کە ئایینە بەهێزەکان لە هەموو کات و قۆناغێکدا داوایان کردووە، ئەمیش وەک بەهای ڕەوشتی شارستانی و بەرپرسیاریەتێکی مێژوویی لەنەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە گواستراوەتەوە تا ئەمڕۆ، کە ژینگەپارێزی لە سنووری بەرپرسیاریەتی شوێن و ناوچە و دەڤەرێک تێدەپەڕێنێت بۆ بەرپرسیاریەتێکی گەردوونی، چونکە لە ئەزەلەوە تا ئێستا لە پیسداگەڕانی (هەوا و خاک و ئاو) هەموومان بەرپرسیارین!
ئەم بەرپرسیاریەش بەر لە هەموو شتێک بەرانبەر بە خودای گەورە یە.
(ئاو سەرچاوەی ژیانە، دەیخۆینەوە، خۆمانی پێ دەشۆین، دەستنوێژی پێ دەگرین، کشتوکاڵی پێ دەکەین، سەرچاوەی خواردنمانە، سەرچاوەیەکی گرنگی مرواری و مەرجان و کانزا گرانبەهاکانە، هۆکارێکی یاریدەدەرە بۆ گواستنەوە و زۆر نیعمەتی دیکەش کە شایەنی ئەوەن شوکر و سوپاسی خودای لەسەر بکەین). (سورة المومنون، الآیة ١٨).
لە ژینگەپارێزیی خاکیشدا ئایینی پیرۆزی ئیسلام زۆر بە ڕوونی لە چەند ئایەتێکدا ئاماژەی پێ کردووە.
(ئەو خاکە لێی دروست کرابێتین و تێیدا زیندوو بکرێینەوە و لێوەی دەرچینەوە، شایانی پاکڕاگرتنە و، ڕێزگرتن لێی، ڕێزگرتنە لە ئەسڵی خۆمان). (سورة طە، الآیة ٥٥).
کە خودا ئەم زەوییەی بۆ ڕاخستووین، چۆن ڕوومان بێت فەرشێک پیس بکەین کە خودا خۆی بۆی ڕاخستووین. (سورة البقرة، الآیة ٢٢).
(هەوا)ش بە هەناسەی بەردەوامی ژیان و مرۆڤ و گیانەوەران دادەنرێت، ئەوا لە قورئانی پیرۆزدا لە چەند سورەتێک باس کراوە:
ئاسمانی پڕ دووکەڵ یەکسانە بە عەزابی ئازاردەر (سورة الدخان، الآیة ١٠-١١).*(١)
ئەم ئایەتانەی قورئانی پیرۆز ئاماژە گەلێکن بۆ یەک بابەتی گرنگی سروشت و ژیان ئەوانیش (هەوا و خاک و ئاو و خاک)ـە، جگە لەمەش لە چەندین ڕوانینی دیکە لە بەشی دیکە ئاماژە بە چەمکی ژینگەپارێزی کراوە، لەبەر ئەوەی ئایینیش وەک بنەمایەکی گرنگی مرۆڤایەتی هەڵگری چەندین چەمک و پەیام و بەهای کۆمەڵایەتیە کە بە چەندین دیوەوە لە خزمەتی خۆشگوزەرانی مرۆڤایەتیدایە.*(٢)
کەواتە پێویستە ئێمەی مرۆڤ وەک بەرپرسیاریەتێکی ئایینی و مرۆیی لە هەموو لایەنەکانەوە پاکژی لە ژیانی ڕۆژانەمان ڕەنگ بداتەوە، لەگەڵ ئەوەی خاوێنی ڕەفتارێکی تاکە کەسی یە، بەڵام دەتوانین بیکەینە بنەمایەک و پردێکی زێرین بۆ کۆمەڵگایەکی هۆشیار و وەئاگا، چونکە ئەو خزمەتگەیاندنە جگە بۆ خۆت و دەورووبەر، ئەوا خزمەتگەیاندنە بە داهاتووی مرۆڤایەتی.
پەراوێز:
*١. ژینگەپارێزی لە ڕوانگەی ئایینەکانەوە، ئا: ئاری ئاغۆک، پێکهێنەرە سەرەکییەکانی ژینگە لە قورئان دا، ن- عەبدولڕەحمان سدیق، ل١٤.
*٢. هەمان سەرچاوە، پێشەکیی نووسەر، ل ٣.

