یاسین قادر بەرزنجی
سەرەتای حەفتایەکانی سەدەی ڕابردوو، شانۆی سانەوی سلێمانی دیارترین هۆڵی نمایش بوو، ئێمەی گەنج و شەیدای نواندن و نمایشەکان، بە تامەزرۆییەوە دەچووینە ئەو هۆڵەو بە خزمەت نمایشەکان و ئەکتەران دەگەیشتین.
یەک لە ئەندامە کاراو بەتواناکانی تیپی نواندنی سلێمانی مامۆستا شێخ تالیب بەرزنجی بوو، بە هەڵکەوتەی دەنگ و لەش و سیمایەوە بە باشی کاراکتەرەکانی بەرجەستە دەکرد و لە هەردوو شانۆگەریی (کۆتایی زۆردار)ی ١٩٧١ و (نرخی ئازادی)ی ١٩٧٢دا ئەم ئەکتەرە بەهرەمەندە بە باشی نمایشەکانی جوانتر کردبوو.
ئەو بەڕێزە لە باوکییەوە فێری زمانی ئینگلیزی بووەو کە ماڵیشیان لە کەرکوک بووە فێری تورکمانیش بووە، هەر لەوێ باوکی خستوویە ناوەندی ئایینی و بەو هۆیەشەوە بە باشی فێری زمانی عەرەبی بووە، پاش تەواوکردنی سانەویی ئەوقاف لە بەغدا خولێکی پەروەردەیی دەبینێت و دەبێتە مامۆستای زمانی عەرەبی و دواتر دەگوازرێتەوە بۆ سلێمانی و دواتریش لە ١٩٦١دا کاتێک وڵاتی جەزائیر لە ژێر ئینتیدابی فەڕەنسی ڕزگاری دەبێت، مامۆستا دەنێرنە ئەوێ وتا لە ١٩٦٤دا دەگەڕێتەوە عێراق و دەینێرنە کەربەلاو لەوێ وانەی ئینگلیزی دەڵێتەوە لە قۆناغی دواناوەندیدا، هەر لەوێ هاوسەرگیری دەکات، لەساڵانی ئەوێیدا بەشداریی چەند بەرهەمێکی شانۆیی دەکات.
ساڵی ١٩٧١ دەگەڕێتەوە سلێمانی و دەبێتە ئەندامی تیپی نواندنی سلێمانی و لە چەند بەرهەمێکی تیپدا وەک ئەکتەر، یان وەرگێڕ و ئامادەکار بەشداری چەندین نمایش دەکات، وەک (قەیسەرت لەبیر نەچێت)، هەروەها لە نواندنە تەلەفزیۆنییەکاندا ئەکتەری دیارو خاوەن ئەزموون بووە، لەوانە :
من کێم، هاوڕێ و نیو، دزی زۆرزان.
ساڵی ١٩٧٤ لەگەڵ بەرپابوونەوەی شۆڕشی ئەیلوولدا دەچێتە شاخ و لە ئێزگەی دەنگی کوردستان کار دەکات، دوای نسکۆ لەگەڵ شێخ عەبدولی برای، باوکی نووسەرو وەرگێڕ ئازاد بەرزنجی و هونەرمەند نەژاد بەرزنجی بە ماڵ و منداڵەوە دەچنە ئۆردوگای کامیاران، ساڵی ١٩٧٥ کۆچ دەکات بۆ ئەمریکاو لە کالیفۆرنیا نیشتەجێ دەبێت، هەر لەوێ بڕوانامەی ماستەر لە سۆسیۆلۆژیادا بەدەست دێنێت و لە گەلێک بۆنەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بەشداریی بەرچاوی کردووەو تا دوا ساتی کۆچی دوایی هەر لەوێ ژیاوە.
یەک لە کتێبە وەرگێڕڕاوەکانی کە لەفەوتان ڕزگار بووە ( لە عەممانەوە بۆ ئامێدی) عەلی سەیدۆ گۆرانییە کە دەزگای سەردەم چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
مایەوە بڵێم، هەرچۆن نواندنە سەنگینەکانی ئەم هونەرمەندە لە نەخشی بیرەوەرییەکانمدا هەرگیز کاڵ نابنەوە، هاوکات ئەم پیاوە بەڕێزو ڕۆشنبیرە وزانیاری و قسە خۆشەکانیشی لە یادەوەریمدا هەر بە زیندوویی دەمێننەوە.
یادت بەخێر مامۆستای گەورەمان، ئەکتەرو نووسەری دیاری بزاڤی شانۆمان، کاک شێخ تالیب بەرزنجی نەمر، هەمیشە یادت بەخێر.

