رۆژنامەی ھەولێر

بەغدا هەمان هەڵوێست .. بەرانبەر کورد ڕێژەی نەگۆڕە

شێرکۆ حەبیب
لەوەتەی دەوڵەتی عێراقی دامەزراوە تا ئەمڕۆ تێروانینی دەسەڵاتدارانی بەغدا ئەوانەی جڵەوی دەسەڵاتیان لە دەستدابووە و دایە، هەمان تێروانین و بۆ چوونیان بەرامبەر گەلی کورد هەیە، و هەر سەردەمە و بەشێوازێک دژایەتی میللەتی کوردیان کردووە، تەنیا ئەو چوار ساڵەی رێککەوتنی ١١ ئاداری ١٩٧٠ تا کۆتای ساڵی ١٩٧٤ هەر چەندە لەو ماوەیەش کۆمەڵێک کاری دژایەتی کوردیان کرد وەک هەوڵدانی تیرۆرکردنی باوکی رۆحی کورد ژەنەراڵ مستەفا بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەردەم لەیاد، و جێبەجێ نەکردنی بڕگەکانی رێککەوتنەکە، بەردەوامی بە عارەبکردنی ناوچە کوردنشینە رەسەنەکان.
ئەوەی بەدی دەکرێت لە بۆچوون و تێروانینی هەندێکیان دوژمنایەتی گەلی کورد بە روونی دیارە، و لە ناخەوە رق و کینە هەڵدەگرن دژی مافەکانی کورد، و هاووڵاتی کورد بە هاووڵاتی پلە دوو هەژمار دەکەن وەک دەبینین لە کاتی دابەشکردنی مووچە دوای زیاتر لە مانگێک دوای فەرمانبەرانی عێراق بەهەزار ناڵەی عەلی وەک دەڵێن مووچە بە کەمی رەوانە دەکەن. ڕەنگە تێڕوانین و تێڕوانینەکانیان سەرەتا لە نەزانییانەوە سەرچاوەی گرتبێت، پاشان لە ڕق و کینە شۆڤێنی و ڕەگەزپەرستیەکانیان بەرامبەر بە نەتەوە و گەلانی دیکە.
ئێمەی کورد شانازی بە ناسنامەی کوردایەتی خۆمانەوە دەکەین و تاوەکو بەشێک بین لە عێراق بەرگری لەو وڵاتە دەکەین و کردوومانە و باجەکەیشمان داوە،. کورد پێش ئەوەی ئەم بەشەی پێی دەڵێن کوردستان بە ناڕەوا بخرێتە پاڵ دەوڵەتی عێراقەوە، پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق لە ساڵانی ١٩٢١-١٩٢٢، کورد لە زێدی ڕەسەنی خۆی (کوردستان) ژیاوە و نیشتەجێی بووە. بە واتایەکی تر کورد پێش هاتنی عەرەب لەو ناوچەیە بوونی هەبووە و ژیاوە، جا عەرەب لە ڕێگەی فەتوحاتی ئیسلامییەوە بێت یان کۆچی عەرەبەکان لە نیمچە دوورگەی عەرەبییەوە هاتوونەتە ئەو وڵاتە.
ئێمەی کورد زیاتر بەرگریمان لە عێراق کردووە و قوربانیمان داوە لەپێناوی عێراقدا، لەو کەسانەی کە ئەمڕۆ فرمێسکی تیمساح دەرژن بۆ یەکگرتوویی و یەکپارچەیی عێراق، لە ڕاپەڕینەکانی شێخ مەحمودەوە تا ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٢٠ی عێراق و ڕاپەڕینەکانی بارزان و شۆڕشی ئەیلوول و تا ئێستاش ئێمە هەمیشە پابەند بووین بە برایەتی عەرەب-کورد و بەرگریمان لەم برایەتییە کردووە، و بەردەوامین لە بەرگریکردن، کە برا عەرەبەکانمان هەرگیز بەڕاستی باوەڕیان پێی نەبووە.
پێم سەیر نییە کە هەندێ شۆڤێنی ئەمڕۆش هەروەک چۆن لە ڕابردوودا، بە ناڕەوا و درۆ کورد تۆمەتبار دەکەن، هەندێک جار بە جیابوونەوە لە عێراق، هەندێک جار بە هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل. کوردستان بەشێک نەبووە لە عێراق تا لێی جیاببێتەوە بەڵکو سەربەخۆ بووە دوور لە ئیرادەکەی میللەتەکەی لکێنراوە بە عێراق، کاتێک ئێمە بەرگری لە یەکگرتوویی و یەکپارچەیی عێراق دەکەین، ئەوان تۆمەتبارمان دەکەن بەوەی هەوڵی کۆنترۆڵکردن و زاڵبوونی بەسەریدا دەدەین. کاتێک باس لە عێراقێکی فیدراڵی و فرەیی و دیموکراسی دەکەین، تۆمەتبار دەکرێین بەوەی هەوڵی جیابوونەوە لە دەوڵەتی عێراق دەدەین، بانگەشەی ئەوە دەکەین کە ئەمە سەرەتای ڕێگای دامەزراندنی دەوڵەتی کوردییە. هەروەها تۆمەتبارمان دەکەن بەوەی کە پەیوەندیمان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، کە بانگەشەی ئەوە دەکەن یارمەتیدەرمانە بۆ دامەزراندنی قەوارەیەکی کوردی کە مافێکی رەوای جۆمانە
ئێمە هەرگیز هەوڵمان نەداوە و تەنانەت بیرمان لەوە نەکردۆتەوە زاڵ بین بەسەر عێراقدا یان کورد کردنی هیچ بەشێکی. بەپێچەوانەوە ئێمە ئەوانەین کە تووشی تەعریبکردن و ئاوارەبوون و دیپۆرتکردنەوە بووین. لای کەس شاراوە نییە کە ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە بە هەموو هەوڵ و تواناکانی خۆیانەوە هەوڵیان داوە بەعەرەبکردنی کوردستان و ئاوارەبوونی هاووڵاتیانی کورد لە شارەکانی کەرکوک و خانەقین و شەنگال و زوممار و هتد، و گۆڕەکان و وێرانکردنی زیاتر لە پێنج هەزار گوندی کوردستان و بەعەرەبکردنی بەڵگەی حاشا هەڵنەگرن دژی کوردستان.
گرنگە حکوومەتەکەی عەلی زەیدی کۆتایی بەم بێ ڕێزی و باوەڕ و دانەنان بە مافەکانی کورد بهێنێت هەروەک لە دەستوور داهاتووە بکات ڕەفتار بکات.