ئەحمەد ستار
لە کۆمەڵگەکاندا زۆرجار کاتێک باس لە دادپەروەری دەکرێت، چاوەکان بەرەو دادگا، دادوەر و دەقی یاسا دەڕۆن. هەموو گفتوگۆکان لەسەر ئەوە دەسووڕێنەوە کە ئایا یاساکان باشن یان نا، بڕیارەکان یاسایین یان نا. لە نێوان ئەو هەموو گفتوگۆیانەدا پرسیارێکی بنەڕەتی پێویستتر هەیە کە زۆرکەم دەکرێت؛ ئایا کێ ئەو تاکە یاساییە دروست دەکات کە لە داهاتوو ئەو یاسایانە جێبەجێ دەکات؟ ئەو پرسیارە ئێمە دەباتەوە بۆ هۆڵەکانی کۆلێژی یاسا؛ ئەو شوێنەی لە ڕوانگەی زۆر کەسەوە تەنها دامەزراوەیەکی خوێندنە، بەڵام لە ڕاستیدا کارگەی دروستکردنی ئەخلاق، بیرکردنەوە و داهاتووی دادپەروەرییە. هەر لەوێوە چارەنووسی ئەو پارێزەرە نووسراوە کە لەداهاتوو بەرگری لە مافی بریکاردارەکەی دەکات، و دەکرێ بە نەزانین و گرینگی نەدانی بە بابەتەکان ببێتە هۆی لەدەستچوونی ئەو مافە. کێشەی سیستەمی خوێندنی یاسا لە هەرێمی کوردستان لەوەدایە کە زۆرجار یاسا وەک کۆمەڵێک دەقی وشک دەبینێت، نەک وەک هونەری دادپەروەری. قوتابی فێری ماددەکان دەبێت، بەڵام کەمتر فێری ئەوە دەبێت کە چۆن ماددەی یاسایی لە ژیانی مرۆڤدا مانا وەردەگرێت. لەبەر ئەوە کێشەکە تەنها نەبوونی وانەی کرداری نییە؛ کێشەکە ئەو فەلسەفەیەیە کە خوێندنی یاسای لە بیرکردنەوەی کرداری دابڕیوە. لێرە قوتابی فێری وەڵامدانەوەی پرسیاری تاقیکردنەوە دەبێت، نەک فێری دروستکردنی پرسیار. فێری لەبەرکردنی ماددەکان دەبێت، نەک فێری لێکدانەوە و شیکار کردنی. ئەم جۆرە خوێندنەش بەرهەمەکەی دەبێتە؛ دەرچووێک کە لە تاقیکردنەوەدا سەرکەوتووە، بەڵام لەبەردەم واقیعەیەکی یاسایی ڵاڵە. لە یەکەم کەیسی لە دادگا، دەقی یاسای لەبەرە، بەڵام زمانی قەناعەتپێکردنی دادوەری نییە. ئێمە دەبێ جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە پەیوەندی نێوان زانکۆ و دادگا و سەندیکای پارێزەران کاریگەری زۆری لەسەر پێشکەوتنی سیستەمی خوێندنی یاسا هەیە. هەر کاتێک ئەم پەیوەندییە بەهێزتر بێت، قوتابی بە ئامادەیی زیاتر دەچێتە ناو بازاڕی کار و دڵنیایی هاووڵاتییانیش بە سیستەمی دادپەروەری زیاتر دەبێت. بە پێچەوانەوە، ئەگەر زانکۆ تەنها شوێنی وتنەوەی وانە بێت، ئەوا پیشەی پارێزەری لەسەرەتادا دەبێتە مەیدانێکی تاقیکردنەوە بۆ تازە دەرچووان. لەبەر ئەوەیە کە پارێزەر بوون تەنها زانینی دەقی یاسا نییە. پارێزەرێک ئەگەر نەتوانێت داواکاریەک بنووسێت، دۆسیەیەک ڕێکبخات، لائیحەیەکی قانونی دابڕێژێت، یان لەبەردەم دادوەر بە هێمنی و لۆجیک قسە بکات، پرسیار لە شایەت بکات، ئەوا بەڕاستی کارەساتێکە کە داڕێژەرانی سیستەمی خوێندنی یاسا و کۆلێژەکان لێی بەرپرسیارن چوونکە تەنها خوێندنی تیۆری ناتوانێ ئەو بابەتانە فێری فێرخواز بکات. بەڵکو لە ڕێگەی ڕاهێنان، بەشداریکردنی دانیشتنەکانی دادگا و کارکردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پارێزەر و دادوەران بەدەست دێن. کۆمەڵگەیەک کە پزیشکێک قبوڵ ناکات بەبێ مەشقی نەشتەرگەری، دەبێت لە خۆی بپرسێت: بۆچی پارێزەری بەبێ مەشقی دادگا قبووڵە؟ بۆچی لە یەک بواردا کردار مەرجی بنەڕەتی پیشەیی بوونە، بەڵام لە بوارێکی تر، کردار دەبێتە شتێکی لاوەکی؟ ئەگەر وەزیفەی پارێزەر پاراستنی مافی تاکەکانبێت، ئەوا هەر هەڵەیەکی پیشەیی لەو بوارەدا هەمان ئەنجامی هەیە لەگەڵ هەڵەی پزیشکێک. لە وڵاتانی پێشکەوتوو، زانکۆ پێش ئەوەی قوتابی فێری یاسا بکات، فێری بیرکردنەوەی یاسایی دەکات. فێری ئەوەی دەکات کە پرسیار بکات، گومان بکات، لێکبداتەوە، بەرگری لە بیرۆکەی خۆی بکات و لە هەمان کاتدا ئامادە بێت دانبنێت بە هەڵەکانی خۆی. چوونکە دادپەروەری بە مرۆڤی بیرکەرەوە دەست پێ دەکات، نەک بە مرۆڤی ئەزبەرکەر. لە هەرێمی کوردستان، چاکسازی لە سیستەمى خوێندنی یاسا نابێت بە زیادکردنی وانەیەک یان کەمکردنەوەی تێبپەڕێت. ئەوەش پێویستی بە نوێکاری لە بیرکردنەوە هەیە؛ کە زانکۆ لە شوێنی گواستنەوەی زانیاری بگۆڕێت بۆ شوێنی دروستکردنی لێهاتوویی. قوتابی تەنها فێری ئەوە نەبێت یاسا چی دەڵێت، بەڵکوو فێری ئەوەش ببێت کە بۆچی یاسا وادەڵێت ؟ لە کۆتاییدا ئەگەر زانکۆکانمان هەر بەردەوامبن لە دابەشکردنی بڕوانامە، بەبێ ئەوەی توانا و بیرکردنەوەی پیشەیی دابەش بکەن، ئەوا تەنها ژمارەی پارێزەران زیاد دەبێت و هیچ کوالێتیەکی پیشەیی نابیندرێت ئەوەش وتار و بابەتێکی سەربەخۆی پێویستە.

