حەمەسەعید حەسەن
ئایا (هه‌موو مرۆڤه‌کانی سه‌ر ئه‌م زه‌مینه، له تاقه‌ژنێکی دیاریکراوه‌وه هاتوون که چه‌ند سه‌د هه‌زار ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر له ئه‌فریکا ژیاوه؟) یان هه‌موویان ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر دایه حه‌وا؟ خوێنه‌ر سه‌رپشکه، بڕوا به کام له‌و دوو چیرۆکه ده‌هێنێت، یان ده‌شێت هیچیان په‌سه‌ند نه‌کات. که هه‌وره‌بروسکه‌یه‌ک ده‌بینین، هێنده نابات هه‌وره‌گرمه‌یه‌کیشی به دوادا دێت، وه‌لێ (پازده ملیارد ساڵ به‌سه‌ر ته‌قینه‌وه مه‌زنه‌که‌دا تێپه‌ڕیبوو، ئه‌وسا گرمه‌که‌ی به‌ر گوێ که‌وت.) گرنگترین بیرۆکه‌ی ڕۆمانی (مایا)ی یۆستاین گاردەر بریتییه له: (خولقاندنی ئینسان چه‌ند ملیارد ساڵێکی ده‌وێت، که‌چی مردنی هه‌ر چه‌ند چرکه‌یه‌کی پێ ده‌چێت.) نووسه‌ر له‌م ڕۆمانه‌دا سه‌رقاڵی گه‌شتێکی فه‌لسه‌فییه به شوێن و به وه‌ختدا و به‌هۆی ئه‌و گه‌شته‌وه، تێروانینی خۆیمان ده‌رباره‌ی بوون بۆ ڕۆشن ده‌کاته‌وه و به هۆی زنجیره‌یه‌ک ڕووداوه‌وه، دیرۆکی گه‌شه‌کردنمان هه‌ر له ته‌قینه‌وه مه‌زنه‌که‌وه تا هه‌نووکه که چه‌ند ملیارد ساڵێکی پێ چووه، بۆ ده‌گێڕێته‌وه. ژماره‌ی کارته‌کانی یاریی کاغه‌ز په‌نجا و دوو دانه‌یه، مایا به مانیفێستێک دوایی دێت که په‌نجا و دوو به‌شه و به زمانێکی شیعریی که له‌نێوان فه‌لسه‌فه و ئاییندا هاتوچۆیه‌تی، نووسراوه.
یۆستاین گارده‌ر له ڕۆمانی (مایا)یشدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پرسیاره بنه‌ڕه‌تییه‌کان: من کێم؟ من له‌کوێوه هاتووم؟ ئه‌و پرسیارانه‌ی له ده‌وری بوون ده‌سووڕێنه‌وه و فه‌لسه‌فه به درێژایی مێژووی خۆی، به‌دوای وه‌ڵامه‌کانیاندا له گه‌ڕاندا بووه. ڕه‌نگه ئه‌ده‌ب له‌سه‌ر ئاستی دنیا، ڕۆماننووسێکی دیکه شک نه‌بات، له بواری پێکه‌وه گونجاندنی فاکت و فه‌نتازیادا، هێنده‌ی یۆستاین گارده‌ر ده‌ستڕه‌نگین بووبێت. (تۆ به‌د له مه‌به‌ستی من حاڵی بوویت.) ئه‌وه یه‌کێکه له‌و پاساوه حازربه‌ده‌ستانه‌ی سه‌رومڕ نووسه‌ره‌یلی که‌متوانا هانای بۆ ده‌به‌ن. ئه‌وه وه‌رگر نییه که توانای تێگه‌یشتنی نییه، ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه نووسه‌ری ناحاڵییه که توانای ده‌ربڕینی نییه. با نووسه‌رانی که‌متوانا، سه‌رنجی یۆستاین گارده‌ر بده‌ن که به ئاسانترین شێوه باسی قووڵترین کێشه ده‌کات، ئه‌وه‌تا به ڕوونترین زمان که خوێنه‌ران بەئاسانی لێی تێده‌گه‌ن، مێژووی گه‌شه‌سه‌ندن و فه‌لسه‌فه ده‌گێڕیته‌وه.
هه‌موو شتێک هه‌ر وه‌همه و ته‌نیا ڕوواڵه‌ته‌که‌ی ده‌بینین، هه‌ر چی تاقی بکه‌ینه‌وه له وه‌هم بترازێت، هیچی دیکه نییه و ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ ده‌که‌ین، هه‌میشه وه‌همه و هه‌رگیز شتێکی ڕاسته‌قینه نییه، ئه‌وه ئه‌و وه‌هم و ڕوواڵه‌تبینینه‌یه که هیندییه‌کان هه‌زاران ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ناویان ناوه، مایا. مایا هیچ نییه له ڕۆحێکی سه‌فه‌ری زیاتر، ڕۆحێکی تیژتێپه‌ڕ، ئاخر ته‌مه‌نی ئینسان به به‌راورد له‌گه‌ڵ هی گه‌ردووندا، ئه‌وه‌نده خێرا تێده‌په‌ڕێت، له بروسکه‌یش تیژتر، ئاخر ئینسان ڕۆحێکه له سه‌فه‌ردا، ڕۆحێکی تیژتێپه‌ڕ. فرانسیسکۆ دی گۆیا (١٧٤٦ – ١٨٢٨) که گه‌وره‌هونه‌رمه‌ندێکی ئیسپانیایییه، وێنه‌ی (مایا)ی که له‌کن ئه‌و ژنێکی جوان بووه، دوو جار کێشاوه، یه‌که‌م جار به ڕووتی و دووه‌م جار به پۆشاکه‌وه. مایا که له زمانی ئیسپانیاییدا به مانای کچی جوان دێت، ناوی گوڵێکیشه که له مانگی (مه‌ی)دا ده‌پشکوێت و له چه‌شنی هه‌میشه‌به‌هاره.
(ئایین هه‌ناسه‌ی ساردی که‌سانی چه‌وساوه‌یه، دڵی جیهانێکی بێدڵه، ڕۆحی هه‌لومه‌رجێکی بێڕۆحه و ئه‌فیوونی گه‌لانه.) ئه‌وه ده‌قی قسه‌ی کارڵ مارکسه، نه‌ک (ئایین ئه‌فیوونی گه‌لانه) و هیچی تر. که‌واته له ڕوانگه‌ی مارکسه‌وه، له کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریدا که چه‌وساوه‌کان تروسکه‌ی هیچ هیوایه‌ک به‌دی ناکه‌ن، ئایین تاقه ئومێدیانه، له‌و کۆمه‌ڵگه بێ به‌زه‌یییه‌دا، ئایین دڵه، ئایین ڕۆحی ئه‌و کۆمه‌ڵگه بێهه‌سته‌یه و له‌و کۆمه‌ڵگه ئازاربه‌خشه‌دا، ئایین ئه‌فیوونه. ئه‌وه دوژمنانی مارکسن که لێکدانه‌وه‌ی خراپیان بۆ ئه‌و گوته جوانه کردووه که ته‌نانه‌ت له ڕوانگه‌ی که‌سانی ئایینداری لێزانیشه‌وه، یه‌کێکه له پێناسه جوانه‌کانی ئایین. ئاخر ئه‌فیوون، ئه‌گه‌ر به‌د به‌کاری نه‌هێنین و خراپ سوودی لێ وه‌رنه‌گرین، مادده‌یه‌کی باشه نه‌ک خراپ، مادده‌یه‌که بۆ شکاندنی ئازار و سڕکردنی ناساغ، سه‌روه‌ختی نه‌شته‌رگه‌ری. مه‌به‌ستی مارکس له ئایین ئه‌فیوونه، ئه‌وه‌یه، ئایین (بۆ چه‌وساوه‌کان) ئازارشکێنه. ئه‌وه‌ی (ئه‌فیوون) له‌و ده‌ربڕینه‌دا، وه‌ک مادده‌یه‌کی هۆشبه‌ر لێک ده‌داته‌وه، یان به‌د له مه‌به‌ستی مارکس حاڵی بووه، یان مه‌به‌ستی ئه‌وی به هۆشیارییه‌وه شێواندووه. پوخته‌ی مه‌به‌ستی مارکس له‌و گوته‌یه بریتتیه له: (له جیهانی سه‌رمایه‌داریدا که دونیایه‌کی بێ‌دڵ و بێڕۆحه، ئایین دوا نوایه.)(١)
به‌لزاک هه‌رچه‌نده په‌نجا ساڵ ژیا، که‌چی هه‌شتا ڕۆمانی له پاش جێ ما. ئه‌و هێنده وابه‌سته‌ی نووسین بوو، جاری وا هه‌بوو، دنیای نووسین و واقیعی له‌کن تێکه‌ڵ ده‌بوو. ئه‌وه بۆیه له سه‌ره‌مه‌رگدا داوای دۆکتۆرێکی کرد، که دۆکتۆری ڕاسته‌قینه نه‌بوو، یه‌کێک بوو له قاره‌مانانی ڕۆمانێکی خۆی. به‌لزاک ده‌یگوت: (له‌به‌ر ڕۆشناییی دوو مه‌شخه‌ڵی نه‌مردا ده‌نووسم: خودا و ڕژێمی پاشایه‌تی،) وه‌لێ چونکه ناکۆکییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ده‌خسته ڕوو، هیچ گومان له‌وه‌دا نییه که نووسه‌رێکی نه‌ک هه‌ر پێشکه‌وتنخواز، وه‌ک جۆرج لۆکاچ بۆی چووه، به‌ڵکوو شۆڕشگێڕیش بوو، وه‌ک هوگۆ ده‌ڵیت.(٢) ببێت؟) که چه‌وساوه‌کان له‌م دنیایه نا‌ئومێد ببن، ئیدی ناهه‌قیانه خه‌و به دنیایه‌کی دیکه‌وه ببینن و به هیوا بن، له‌و جیهانه‌ی دیکه‌دا، ده‌ست له ملی هیواکانیان بکه‌ن؟
ستیڤان زه‌ڤاییگ (١٨٨١ – ١٩٤٢) که له لوتکه‌ی نائومێدیدا خۆی کوشت، ده‌ڵێت: (ئایدۆلۆجیا، ئیدی ئایینی بێت یان سیاسی، نه‌فره‌تێکه هه‌ر دیکتاتۆریا به‌رهه‌م ده‌هێنێت.) ئه‌وه بۆ داهێنه‌ر وه‌ک حه‌رام وایه، بانگه‌شه بۆ ئایدۆلۆجیا بکات. ئایدۆلۆجیا ئه‌گه‌ر له ژنێکی جوانیش بچێت، ئه‌وا ژنێکه له چه‌شنی (فیرساویس) که وه‌ک له میتولۆجیای گریکدا هاتووه، سه‌ری له‌بری قژ به مار داپۆشراوه. فیکر ئیدی ئاسمانی بێت یان زه‌مینی، زاده‌ی قۆناغێکه و هێدی هێدی ده‌بێته به‌شێک له دیرۆک، ئه‌وه بۆیه ناچارین، زوو یان دره‌نگ، ده‌ستبه‌رداری فیکر ببین، ئه‌گه‌رنا، بخوازین یان نا، ده‌بینه هه‌ڵگری فیکری به‌به‌ردبوو. ئه‌مه هیچ له‌و ڕاستییه ناگۆڕێت که بۆ نموونه مارکس، بیرمه‌ندێکی بلیمه‌ت بوو. خۆبه‌ستنه‌وه به گرووپه‌وه، ئیدی شێوه‌ی خێڵی هه‌بێت یان حیزب، سه‌رکوتکردنی تاکی لێ ده‌که‌وێته‌وه، ئاخر هه‌میشه کۆمه‌ڵ، ئازادی له تاک زه‌وت ده‌کات. یۆسیتاین گارده‌ر هه‌رچه‌نده مامۆستای ئایین و فه‌لسه‌فه‌یه، که‌چی ئه‌وه به هیچ ڕۆمانێکییه‌وه دیار نییه که لایه‌نی ئه‌م ئایین یان ئه‌و فه‌لسه‌فه‌ی گرتبێت.
به‌شێکی گرنگی ڕووداوه‌کانی ڕۆمانی مایا له دوورگه‌ی (تاڤیونی) که یه‌کێکه له دوورگه‌کانی (فیجی) و ده‌که‌وێته ئۆقیانووسی (هێدی)یه‌وه، ڕوو ده‌ده‌ن. ڕه‌نگه سه‌رنجڕاکێشترین لایه‌نی ڕۆمانه‌که، گوت‌وبێژی درێژی نێوان (فرانک) و مارمێلکه‌که بێت که به‌ڵگه‌یه‌که بۆ ئه‌وه‌ی یۆستاین گارده‌ر، له بواری هونه‌ری گێڕانه‌وه‌دا سه‌ر له هه‌ور ده‌سوێت. ڕه‌نگه گارده‌ر یه‌که‌مین ڕۆماننووس بێت که مارمێلکه‌ی هێنابێته گۆ و ڕۆڵێکی سه‌ره‌کیی پێ به‌خشیبێت و ئه‌وه‌ی فێر کردبین، (ئینسان که له بازنه‌یه‌کی داخراودا ده‌خولێته‌وه، هه‌ر له مارمێلکه‌یه‌ک ده‌چێت که گاز له کلکی خۆی بگرێت.) یۆستاین گارده‌ر له ڕۆمانی (مایا)دا پێمان ده‌ڵێت: چونکه ڕه‌نگه مرۆڤ ته‌نیا زینده‌وه‌رێکی ئه‌م گه‌ردوونه بێت که خاوه‌نی هۆشیارییه‌کی گه‌ردوونی بێت، چونکه له ئه‌نجامی هه‌ڵسوکه‌وتی هه‌ڵه‌ی ئینسانه‌وه له‌گه‌ڵ سروشتدا، زه‌وی تای لێ هاتووه، بۆیه پاراستنی ژینگه، ته‌نیا به‌رپرسیارییه‌تییه‌کی جیهانی نییه، گه‌ردوونیشه.
هه‌رچه‌نده ڕۆمانه‌که به شێوه‌یه‌کی گشتی جوان ته‌رجەمه کراوه، وه‌لێ هه‌ندێک جار به‌خت یاوه‌ری وه‌رگێڕ نه‌بووه. وه‌ک نموونه: (داپۆشینی ئه‌و بۆنه‌یه. ل٦٤) مه‌به‌ستی له داپۆشین، (تغگیە)ی عه‌ره‌بییه، که (ڕووماڵ)ی پێ ده‌گوترێت. (داپۆشین) شاردنه‌وه‌یه و (ڕووماڵ)یش ئه‌وه‌یه، (بۆنه)یه‌ک بدرێته به‌ر ڕووناکی، که‌واته داپۆشین به پێچه‌وانه‌ی ڕووماڵه‌وه، فه‌رامۆشکردنی بۆنه‌که‌یه. (کاتی خۆی سه‌رۆکهۆزه‌کانی دوورگه‌کانی فیجی، که‌سێکیان هه‌بووه که ناویان لێ ناوه: پیاوی مێشووله، ئیشیان ئه‌وه بووه، به‌درێژایی شه‌و، به ڕووتی له ته‌نیشتیانه‌وه دابنیشن، بۆ ئه‌وه‌ی مێشووله‌کان به‌وانه‌وه بده‌ن و سه‌رۆکهۆزه‌کان به ڕاشکاوی بخه‌ون. ل١١٢) به‌ڕاشکاوی بۆ ئه‌و شوێنه هه‌ڵه‌یه، (به‌هێمنی) دروسته.
ئه‌گه‌ر زه‌وی سه‌رۆکهۆز بووبێت، ئه‌وا جوپیته‌ر پیاوی مێشووله بووه، ئاخر ئه‌وه ئه‌و ئه‌ستێره گه‌ڕۆکه بووه، وه‌ک گه‌سکێکی کاره‌بایی ئه‌ستێره کشاوه‌کانی هه‌ڵمژیوه که هه‌ر یه‌کێکیان به‌س بووه بۆ ئه‌وه‌ی، نزیکه‌ی هه‌موو ژیانی سه‌ر زه‌وی بسڕێته‌وه. وه‌رگێڕ ده‌نووسێت: (ڕژێمێکی شێواو ده‌بینم که له مانگ و ئه‌ستێره‌ی گه‌ڕۆک و نه‌یزه‌ک پێک هاتووه. ل١٨٨) پێم وایه ڕژێم که زاراوه‌یه‌کی سیاسییه، بۆ شێوازی فه‌رمانڕه‌وایی دروسته، سیسته‌م بۆ گه‌ردوون شیاوتره. (بۆن و به‌رامه‌ی ڕووه‌ک و دره‌خته‌کان چوارده‌وریان ته‌نین، بولبول و باڵنده‌کانیش له چالاکترین وه‌رزدا بوون. ل٢٥٤) ئایا دره‌ختیش هه‌ر ڕووه‌ک نییه؟ ئایا بولبولیش هه‌ر باڵنده نییه؟ به‌هرۆز حه‌سه‌ن ڕۆمانه‌که‌ی له دانمارکییه‌وه کردووه به کوردی، که‌چی به فۆنتێکی ورد، له لاپه‌ڕه چواردا ناوی (کامیلا کریستن‌سن)ی که وه‌رگێڕه دانمارکییه‌که، نووسیوه، وه‌لێ ناوی خۆی له‌سه‌ر به‌رگ به هه‌مان قه‌واره‌ی ناوی نووسه‌ری ئۆرجیناڵ تۆمار کردووه!
*
(١) ضیا‌ء حمیو، حقیقة کلمات مارکس ١٦ أکتوبر ٢٠٠٩ إیلاف.
(٢) هاشم صالح، بلزاک فی مرأة المثقفین الفرنسیین ٢٦ نوفمبر ٢٠٠٩ الشرق الأوسط.
(٣) یۆستاین گارده‌ر، مایا، وه‌رگێرانی له نه‌رویژییه‌وه بۆ دانمارکی: کامیلا کریستن‌سن، وه‌رگێڕانی له دانمارکییه‌وه بۆ کوردی: به‌هرۆز حه‌سه‌ن، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م ٢٠٠٩ سلێمانی.

