رۆژنامەی ھەولێر

مانیفێستی ئەدەبی، لە مڵکی تاکەوە بۆ مڵکی گشتی

بژار حەکیم
مانیفێستی ئەدەبی بریتییە لە نووسراوێکی فەرمی و ڕاگەیەندراو، کە تێیدا نووسەرێک یان گروپێکی ئەدەبی، بیروبۆچوون، ئامانج و شێوازی نوێی خۆیان بۆ ئەدەب و داهێنان دەخەنە ڕوو. مانیفێست زۆرجار وەک جۆرێک لە یاخیبوون، دژی ئەدەبی باوی پێشخۆی سەرهەڵدەدات و دەیەوێت جیهانبینییەکی نوێ بنیادبنێت. تایبەتمەندییەکانی مانیفێستی ئەدەبی، ڕەخنەگرتنە لە ڕابردوو، چونکە زۆربەی مانیفێستەکان بە ڕەخنەگرتن لە شێوازە ئەدەبییەکانی پێش خۆیانەوە دەست پێ دەکەن. لە مانیفێستی ئەدەبیدا تێیدا پێشنیازکردنی شێوازی نوێ دێتەگۆڕێ و باس لە زمانێکی نوێ و تەکنیکی نوێی گێڕانەوە دەکرێت و پێشنیازی نوێ لە دەقی مانیفێستدا دەخرێتە ڕوو، زۆرجار مانیفێستەکان تەنها لایەنی هونەری ناگرنەوە، بەڵکو باس لەوەدەکەن کە ئەدەب دەبێت چۆن کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە، سیاسەت، یان مرۆڤ هەبێت . ساڵی ١٩٣٨مانیفێستی سوریالیزم لەلایەن ئاندرێ بریتۆن نووسرا، کە داوای دەکرد ئەدەب لەژێر دەسەڵاتی لۆژیک ڕزگاربکرێت و بایەخ بە خەون و نائاگایی بدرێت، ئەو مانیفێتسە دژی فاشیزم بوو. فلیپۆ مارینێتی شاعیری ئیتاڵیایی ساڵی ١٩٠٩مانیفێستی فوتوریزم (فاشی) راگەیاند، کە دژی مێژوو و کۆنەپەرستی بوو، ستایشی خێرایی و تەکنەلۆژیای دەکرد. لە ئەدەبی عارەبیدا مانیفێستی گۆڤاری شیعری (مجلة شعر) لە ساڵانی پەنجاکان و شەستەکان لەلایەن ئەدۆنیس و یوسف ئەلخال، نووسرا و بڵاو کرایەوە، کە گۆڕانکارییەکی گەورەی لە شیعری هاوچەرخیی عارەبیدا دروست کرد.
لە ئەدەبی کوردیدا دیارترین جووڵەی مانیفێستی، ساڵی ١٩٧٠ بەیاننامەی ڕوانگە بوو، لەلایەن شێرکۆ بێکەس، حوسێن عارف، جەلالی میرزا کەریم و کاکەم بۆتانی و هاوڕێکانیان، لەو مانیفێستەدا داوای نوێکردنەوەی زمانی کوردی، تێکشکاندنی قاڵبە کۆنەکان و تێکەڵکردنی ئەدەبی کوردییان بە ڕەوتە جیهانییەکان دەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا گرووپی کفری وەک رەوتێکی نوێی ئەدەبیی خۆی راگەیاند، لەلایەن لەتیف هەڵمەت و فەرهاد شاکەلی دواتر بەیاننامەی پێشڕەو و ڕەهەند خۆیان بەیان کرد.
لە ڕوانگەی ڕەخنەییەوە، مانیفێست تەنها دەقێکی ئەدەبی نییە، بەڵکو گرێبەستێکی نوێیە لەنێوان نووسەر و خوێنەردا، کاتێک نووسەرێک مانیفێستێک بڵاودەکاتەوە، بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و فیکری دەگرێتە ئەستۆ، کە دەبێت دەقەکانی ڕەنگدانەوەی ئەو بنەمایانە بن کە تێیدا باسی کردوون. گرنگیی مانیفێستی ئەدەبی لەوەدا کورت نابێتەوە کە تەنیا کۆمەڵە نووسەرێک ئامانجەکانی خۆیان ڕابگەیەنن، بەڵکو مانیفێست وەک وێستگەیەکی وەرچەرخان کاردەکات، کە ڕێڕەوی مێژووی ئەدەب دەگۆڕێت. مانیفێست یارمەتیی نووسەران دەدات کە لە پەرتەوازەیی ڕزگاریان بێت و ببنە خاوەن ناسنامەیەکی خاوەن دنیابینینی خۆیان و فیکرێکی دیاریکراو، کاتێک گرووپێک مانیفێستێک بڵاودەکەنەوە، لەڕاستیدا دەڵێن: “ئێمە کێین و چیمان دەوێت”. ئەمەش وادەکات خوێنەر و ڕەخنەگر بە دیدێکی ڕوونترەوە سەیری بەرهەمەکانیان بکەن. هەموو سەردەمێک تووشی جۆرێک لە دووبارەبوونەوە و باوبوونی شێوازێکی دیاریکراو دەبێت، کە داهێنان تێیدا دەمرێت. لێرەدا مانیفێست وەک زەنگێکی ئاگادارکردنەوە دێت بۆ تێکشکاندنی ئەو قاڵبە کۆنانە. مانیفێست تەنیا بۆ نووسەران نییە، بەڵکو ژینگەیەکی لەبار بۆ ڕەخنەگران دەڕەخسێنێت، کاتێک مانیفێستێک دەخرێتەڕوو، شەپۆلێکی گەورە لە گفتوگۆ و مشتومڕ بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ئەم دیالۆگانە ئاستی هۆشیاریی ئەدەبیی کۆمەڵگە بەرز دەکەنەوە، وا دەکەن ئەدەب لە کایەیەکی کات بەسەربردنەوە ببێتە کایەیەکی فیکریی قووڵ. یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی مانیفێست، دەستکاریکردنی زمانە، زۆرجار مانیفێستەکان داوای زمانێکی نوێ دەکەن، بۆ ئەوەی لەگەڵ رووحی سەردەمەکەدا بگونجێت، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی وشە و دەربڕینی نوێ بێنە ناو ئەدەبەوە و زمان لە وشکبوون بپارێزرێت.
مانیفێست زۆرجار پەیوەندی نێوان دەق و واقیع ڕێکدەخاتەوە، تێیدا باس لەوە دەکرێت کە نووسەر بەرامبەر بە پرسە مرۆییەکان، ئازادیی و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان چ ئەرکێکی لەسەر شانە. ئەمە وا دەکات ئەدەب وەک بەشێکی زیندوو لە جەستەی کۆمەڵگە بمێنێتەوە. زۆرجار ئەو گرووپانەی خاوەن مانیفێستی بەهێزن، زووتر دەتوانن سنوورە ناوخۆییەکان ببەزێنن، چونکە مانیفێستەکە لەسەر بنەمای فەلسەفی و تیۆری بنیادنراوە، ئەمەش وادەکات وەرگێڕان و تێگەیشتن لەو ئەدەبە بۆ نەتەوەکانی دیکەش ئاسانتر و سەرنجڕاکێشتربێت .مانیفێستی ئەدەبی نەخشە ڕێگەیەک یان گرێبەستێکی نوێیە بەبێ مانیفێست، ئەدەب وەک کەشتییەک وایە، کە دەگەڕێت بەڵام ئاراستەیەکی ڕوونی نییە، مانیفێست ئاراستە و مانا بە بزووتنەوە ئەدەبییەکان دەبەخشێت .
ئەگەر بپرسین مانیفێستی ئەدەبی دەتوانێت چی بکات، دەتوانین بڵێین دەبێتە بزووێنەری ئەو پرۆسانەی کە ئەدەب لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دیکە دەگوازنەوە. مانیفێست هێڵێکی ئەستوور دەکێشێت بەسەر ڕابردوودا و ڕایدەگەیەنێت، کە سەردەمێکی نوێ دەستی پێکردووە، ئەمە وا دەکات خوێنەر و نووسەر هەست بکەن کە لەناو گۆڕانکارییەکی گەورەدا دەژین .مانیفێست دەتوانێت ئەو زمانە کلاسیکی و باوەی کە بووە نەریت تێکبشکێنێت و دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ هێنانە ناوەوەی وشەی شەقام و زمانی ڕۆژانەی خەڵک بۆ ناو شیعر، چیرۆک و ڕۆمان. یەکێک لە کارە هەرە گرنگەکانی مانیفێست ئەوەیە، کە تەنیا نووسەر ناگۆڕێت، بەڵکو سەلیقەی خوێنەریش پەروەردە دەکاتەوە، مانیفێست بە خوێنەر دەڵێت، بە تێگەیشتنی کۆن سەیری دەق مەکە، بەدوای مانا کۆنەکاندا مەگەڕێ، ئەمە وا دەکات خوێنەر ئامادەبێت بۆ قبووڵکردنی شێوازە نامۆ و نوێیەکان.
ئەدەب زۆرجار کارێکی تاکەکەسییە، بەڵام مانیفێست دەتوانێت کۆمەڵێک نووسەری جیاواز لە دەوری یەک پڕۆژەی هاوبەش کۆبکاتەوە. ئەمە هێزێکی گەورە بە بزووتنەوە ئەدەبییەکە دەبەخشێت و وای لێدەکات وەک بەرەیەکی یەکگرتوو لە بەرامبەر ڕەخنە و کۆسپەکاندا بوەستێتەوە. مانیفێست پەیوەندیی نێوان هونەرو ژیان پێناسە دەکاتەوە،دەتوانێت دیواری نێوان خەیاڵ و واقیع بڕوخێنێت، دەتوانێت ئەدەب لە کایەیەکی پەتییەوە بگۆڕێت بۆ ئامرازێکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی، بۆ نموونە مانیفێستە مۆدێرنەکان زۆرجار جەخت لەوە دەکەنەوە، کە ئەدەب دەبێت گوزارشت لە ئێش و ئازاری مرۆڤی هاوچەرخ بکات، نەک تەنیا خەریکی وەسفی جوانکاری بێت .کاتێک مانیفێستێک بڵاودەبێتەوە، وەک چەترێک وایە بۆ نووسەرە گەنجەکان، کە دەترسن لەوەی شێوازە باوەکە تێکبشکێنن، مانیفێست شەرعیەت بە تاقیکردنەوە دەدات و ڕێگەیان بۆ خۆش دەکات بەبێ ترس دەست بۆ تەکنیکە نوێیەکان ببەن.
مانیفێست دەتوانێت ئەدەب لە خەو ڕابچڵەکێنێت، ئەگەر مانیفێست نەبێت، ئەدەب تووشی دووبارەبوونەوە و سستی دەبێت، بەڵام مانیفێست وەک تەزوویەکی کارەبایی وایە کە گیانێکی نوێ بەجەستەی داهێناندا دەکاتەوە. پرسیارێک دەمانباتە سەر یەکێک لە قووڵترین کێشەکانی تیۆریی ئەدەبی، ئایا مانیفێست مڵکی ئەو نووسەرەیە کە دەینووسێت، یان مڵکی ئەو خوێنەر و واقیعەیە کە دەقی تێدا بەرهەم دێت.
لە ساتەوەختی لەدایکبوونیدا، مانیفێست مڵکی ئەو کەس یان گرووپەیە کە بڕیاری نوێ دەدەن، بەڵام دواجار مانیفێست نابێتە مڵکی کەسەکان، بەڵکو دەبێتە بەشێک لە مێژووی پەرەسەندنی زمان و تەکنیکی نوێێ گێڕانەوە و نووسین، بۆیە کاتێک مانیفێستێک سەرکەوتوو دەبێت، ئیتر تایبەتمەندییەکانی دەبنە مڵکی گشتیی ئەدەب. مانیفێست دواجار دەبێتە مڵکی ئەو خوێنەرەی کە بەو دیدە نوێیەوە دەق دەخوێنێتەوە، ئەگەر خوێنەر مانیفێستەکە وەک بەشێک لە هۆشیاریی خۆی وەرنەگرێت، مانیفێستەکە تەنها وەک پارچە کاغەزێکی بێدەنگ لە ئەرشیفەکاندا دەمێنێتەوە. بۆیە مانیفێست کاتێک دەبێتە مڵکی ڕاستەقینە، کە دەچێتە ناو سەلیقەی گشتی و شێوازی تێگەیشتنی خەڵک بۆ دنیایەکی نوێی تێگەیشتن دەگۆڕێت .کورت و پوخت، مانیفێستی ئەدەبی لەسەرەتاوە بە ناوی تاک یان گرووپ دەست پێ دەکات، بەڵام ئەگەر مانیفێستێکی ڕاستەقینە بێت، دواجار دەبێتە مڵکی و گشتی و مێژوو.