یاسین قادر بەرزنجی
مامۆستای خاوەن بەخشش و فرە بەرهەم، هاشم سەلیمی یەکێکە لە ناوە درەوشاوەو دیارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە خاوەنی چەندین کتێبی بە نرخە بە زمانەکانی کوردی و فارسی، وێڕای چەندین بابەتی بڵاوکراوەی لە گۆڤارەکانی سروە و مەهاباددا.
ئەم قەڵەمە مەهابادییە، کارە بەنرخەکانی زیاتر لە بوارەکانی فۆلکلۆرو کەلەپوری کوردیدان، ناسیاویم لەگەڵ ئەم زاتە سەنگین و هێژاو زمان شیرینە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٢٥ ساڵ لەمەوبەر، لەخانەوادەیەکی نەجیبزادەی سابڵاخەو لەگەڵ خاتوو حەمیدە داودی هاوسەری ئەمەکداری هەر سێ جگەرسۆزەی هەڵکەوتوویان (سامرەند و سیامەند و سەرگوڵ)یان پەروەردە کردووەو هەرکەس بیانبینێ و بیانناسێ دەبنە هاوڕێی دڵ و دەروونیان.
سەلیمی ساڵی ١٩٤٦ لە شاری مەهابادی لانکەی کوردایەتی و مەڵبەندی ئەدەب و هونەر چاوی هەڵهێناوە، لە بنەماڵەیەکی سونەتی و کوڕی باوکێکی زەحمەتکێش بووە، بابی سۆفییەکی گۆشەنشینی مزگەوت و خانەقاو ئەمیش مندالێکی بزۆز، هەموو خەونی وەدەستهێنانی تۆپێکی فوتباڵ و دووچەرخەیەک بووە.
دایکی ژنێکی سەلارو ژیرو نیشتمانپەروەر بووە، دوای شەهیدکردنی پێشەواو هاوەڵانی تا شۆڕشی گەلانی ئێران لە ١٩٧٩دا، تەرکی خۆشی و شادیی ژیانی کردووە، دایکی مەزنی کاریگەریی کاک محەمەدی سەلیمی برای لەسەر بووە کە ئەندامی ژمارە ١٣ی کۆمەڵەی ژ.ک بووە.
قۆناغەکانی خوێندنی لە مەهابادو تەورێز تەواو کردووەو بووەتە خاوەنی بڕوانامەی لیسانس لە بواری فەلسەفەدا، کە لە زانکۆ بووە پەیوەندیی کردووە بە بزووتنەوەی لاوانی کوردستانەوە بە ڕێبەریی سولەیمانی موعینی.
ساڵی ١٩٧٢ لە ڕادیۆو تەلەفزیۆنی تاران دامەزراوە، دواتر ناردوویانە بۆ شارەکەی خۆی و لە ڕادیۆو تەلەفزیۆنی مەهاباد بووەتە بەرپرسی هەواڵ و وەبەرهێنەری پڕۆگرامە کوردییەکان، دواتر گەڕاوەتەوە تاران و لە مەرکەزی فەرهەنگی مەرددوم و بووەتە بەرپرسی ئەرشیف، دوا جار لە ١٩٩٥دا خانەنشین کراوە.
چاپکراوەکانی ئاغای سەلیمی بریتین لە :
*ژانەژین، لایلایەی دایکانی کورد
*چیرۆک و ئەفسانەی موکریان
*دوو بەرگی پەنجەمۆر، مێژووی زارەکی شاری مەهاباد
*وەرگێڕانی کتێبی ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی پڕۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ بۆ فارسی
*زمستان در فرهنگ مردم کورد
لە ئێستاشدا چەند کتێبێکی دیکەی ئامادەن بۆ چاپ.
چەندین جار لە مەهابادو تاران و شوێنانی تر خەڵاتی رێزلێنان بەخشراوە بەم پیاوە تا سەر ئێسقانە بەڕێزە.
هەر پایەدار بیت خاوەن زمانە پاراوەکە، چرا مەهابادییە گەشەکەی نێو کتێبخانەی کوردی، مامۆستا (سەلیمی)ی خۆشەویستی هەمووان.

