ئاری ئاغۆک
کاتێ دەڵێین دەنگی شاعیر لە یادگەماندا هەر زیندووە، دەبێ بگەڕێینەوە سەرچاوەی ئەو چەمکەی کە ئایا بۆ هەندێ شیعر نەمرن و هەندێ لە شاعیرانیش دوای ژیانئاواییشیان، نووسین و بەرهەمەکانیان لە رەفەی ئەدەبیاتدا هەر بە زیندوویی دەمێننەوە؟ لەکاتێکدا پەرتەوازەیی لە ڕووبەری شیعردا بەدی دەکرێت و بەرهەمی لاواز و بەهێز بەیەک ئاراستەدا لەدایک دەبن، بەڵام دواجار دەقی بەهێز و کاریگەر حوکم لەسەر بابەتەکە دەدات، بێگومان ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە شیعری کاریگەر و پەیامدار هەمیشە لەهەموو قۆناغ و سەردەمێکدا لە دڵ و یادگەی خوێنەردا زیندووە، نەوە دوای نەوە وەک شاکارێک دەیخوێننەوە و ئەدیب و ڕۆشنبیران لە تای تەرازووی هەڵسەنگاندندا بە بەهێزی و گەوهەرداری پێناسی دەکەین.
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی شیعری کوردی بدەینەوە ئەوا بۆ مان ڕوون دەبێتەوە چەند شاعیرێک دوای ژیانئاوایییان بەرهەم و دەقەکانیان زێتر خوێندراوەتەوە و شرۆڤە و خوێندنەوەی ئەدەبی بۆ کراوە.
یەکێک لەو شاعیر و ئەدیبە ناسراوانەی کورد (نەوزاد ڕەفعەت)ـە کە لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو و سەرەتای حەفتاکان وەک دەنگێکی نوێی شیعری کوردی لە ژێر هیچ کاریگەریەک بە دیدگاو ڕوانینی خۆی بە چەند دەقێکی جیاواز هاتە گۆڕەپانی ئەدەبیات و بە شێوازی تایبەت و بە دەقی شیعری جوان، گووتی منیش هەم.
ئەو کاتێ دەقە شیعری (خەوێک لە باوەشی ئاڤێستا)ی نووسی و، لە ڕۆژنامەی برایەتی بڵاو کرایەوە، دەنگ و هەرایەکی زۆری نایەوە، بێگومان هەر ئەوسا توانی خۆی بناسێنێ و بە هەمووانی گووت: هەر بەردەوام دەبم، بۆیە ڕەخنەگرانیش بۆچوونی خۆیان دەربارەی ئەم دەقە نووسی، بە بۆ چوونی من هەر ئەوکات و ئەو قۆناغە توانا و ئاستی ئەدەبی بەرزی (نەوزاد)ی نیشان داین، دوای ئەوە چەند بەرهەمێکی وەک کتێب چاپ و بڵاو کردەوە.
لێرەدا وەک یاد و وەفایەک بۆ ئەم شاعیرە مەزنە، لە چوارەم ساڵی ژیانئاواییەکەیدا، گەشتێک بە نێو پرۆفایلی ژیانی و وێستگەی ئەدەبی دەکەین و دواتر هەندێ نموونەی دەقە شیعریەکانی شرۆڤە دەکەین، کە بەداخەوە لە ٤ـی تەمووزی ٢٠٢٢ بە هۆی نەخۆشی لە شاری هەولێر ژیانئاوایی لێ کردین.
باڵەکانم بدەرەوە، دوایین کتێبە شیعر
نەوزاد رەفعەت وەک شاعیرێکی نوێخواز، بەرهەم دوای بەرهەم هەمیشە هەوڵی داوە بە ڕوانینێکی جیاواز و تایبەتمەند، بەزمانێکی ئەدەبی جوان بنووسێ، دوایین کتێبە شیعری بە ناونیشانی (باڵەکانم بدەرەوە) چاپ و بڵاو کردەوە، لێرەدا نموونەیەک لە تێکستی نێو ئەم کتێبە دەخەینە ڕوو، دواتر شرۆڤەی دەکەین.
بەر لە هەموو شتێک (ناونیشانی ئەم کتێبە هونەریبوون و ئیستاتیکییەتی لەوەدایە، کە لادانی واتایی پێکردووە بە خستنە پاڵی سیفەتی (باڵ) پێدان بە خودی خۆی (شاعیر) بە ئاژەڵکراوە بە تایبەتیش (باڵندە)، کە ڕەمزی جوانی و ئەوپەڕی بە هێزی و بە دەسەڵاتییەوە و خواستنی پێکردووە، هەروەها لە ڕووی پێکهاتەی سینتاکسییەوە لە ڕستەیەکی تەواو پێکهاتووە، ئیحای نووسینی ئەم ناونیشانە سەرەکییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە هەڵێنجراوی دەقێکی نێو دیوانەکەی بە هەمان ناونیشانە. (١) *
_ باڵەکانم بدەرەوە، بەیەکەوە بفڕینەوە (٢)*
لە دنیای ئەدەبدا گەلێ جار کورتترین دەربڕین زۆرترین مانا دەبەخشێت، بۆیە درێژی نووسین گرنگ نیە، بەڵکو لە نێوان چۆنایەتی و چەندایەتیدا پەیامێکی فەلسەفی دەبێتە جێگرەوەی هەموو مانا و گوزارشتەکان، بۆیە کاتێ شاعیر داوای باڵەکانی دەکاتەوە، ئەوا ئازادی و فڕینی دەوێ، چونکە چەقبەستوویی لە شوێنێک و نەتوانی بڕۆی یا گۆڕانکاری بکەی! دیارە هۆکارێکی گەورەی لە پشتەوەیە، چونکە (بێباڵی) واتە دۆش داماوی و کۆت و بەند، (بێباڵی) واتە بێدەنگی، بێهیوایی، هەموو ئەو کێشانە لە (بێباڵی) خۆی دەدۆزێتەوە، بەڵام ئایا شاعیر ڕازی یە بەو بێباڵیە؟! یا داوای دیکەی هەیە؟! چونکە باڵ هێز و توانای جەستەیش نیشان دەدات، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی شاعیر لە یەک داوا لە هەموو ڕوانینەکانمان پێ دەڵێت:
دوای ئەوە کە باڵەکانم وەرگرتەوە، خۆم دەزانم چی دەکەم و لەکام ئاسمان دا لەگەڵ کێدا گوزەر دەکەم.
لێرەدا ڕەهەندی وەرگرتنەوەی باڵەکان لە ووشەی دوای ئەو وەڵامەکە دەخاتە ڕوو ئەویش (بۆ ئەوەی بەیەکەوە بفڕنەوە).
شاعیر ناڵێ باڵەکانم بدەرەوە تا بفڕمەوە، بەڵکو دەڵێ با بفڕینەوە، ئەمە جوانترین و قوڵترین نامەی وەفاداری و بەیەکەوەبوون نیشان دەدات، ئەو خۆویستانە داوای باڵ ناکات، بەڵکو دەیەوێ بە جووت بفڕن، ئازاد بن، پڕ دەنگ بن، تا هەموو سنورەکان ببڕن بۆ خۆ دەرباز بوون و چڕینی ئاوازی خۆشخوانی!.
چونکە ئەگەر مرۆڤ تەنیا بێ، ئەوا بێباڵ و بێماڵوحاڵە، لێ ئەگەر هاوبەشەکەی، یا نیوەکەی دیکەی لەگەڵدا بێ ئەوا ئازاد و بەختەوەرە؛ بۆیە هاوبەشبوون لەگەڵ کەسی بەرامبەر ئەو پەڕی ئازادیە.
_ لەو کاتەدا
لەسەر شانۆی شارەکەما
شانۆگەریی سەربڕینی ڕابەرەکان
لە یەکەم پەردە و سێهەما
گۆشتی خاویان دەرخواردی
گورگ و سەگ ئەدرێ
پێئەکەنم
ئەگریم، پێئەکەنم
ئەگریم
ئەگریم، ئەگریم
پێئەکەنم
پەرییەکان هەڵ دەفڕێنمەوە.
مرۆڤ بە گریان پاک دەبێتەوە، هەست بە ئارامی ڕۆح دەکات، بە پێکەنینیش چێژ لە ژیان وەردەگرێ، بەڵام ئەو پێکەنین و گریانەی شاعیر جیایە، چونکە ئەو پێکەنینەی دوادێر، بابەتێکی سادە و پێکەنینی دڵخۆشی نیە، بەڵکو پێکەنینێکی قووڵی ئەسەفدارە، ئەسەفدار بەرامبەر ناهەقیەکانی ژیان، ئەسەفدار بەرانبەر هەموو گرێ ئاڵۆزەکانی خود، ئەم پێکەنینە لە هەناوی دڵێکی پڕ گریان دەردەچێت، بۆیە لە نێوان گریان و پێکەنین دا هەمدیس ڕێگەیەک هەیە بۆ بەختەوەری، بەڵام بەهۆی تراژیدیای شانۆی شار، (لێرەدا شاعیر شار وەک شانۆیەک نیشان دەدات)، گەلێ ناحەقی و ناعەدالەتی دەبینێ، ئەمەش دەگەڕێتەوە سەرچاوەی ئەزەل (هابیل ـ قابیل) کە جەنگ و مەرگ و ململانێ و شەڕ و ماڵوێرانی و، هتد، لە یەک لە دوای یەک دروست بوون و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.
لە لایەکی دیکەش خواردنی گۆشتی خاو بۆ سەگ و گورگ ئەوپەڕی لێکترازانی ڕۆحی ئینسان و کۆمەڵگایە بە رانبەر بە بێ بەهابوونی هەموو بابەتەکانی ژیان، هەموو ئەو دیمەن و حالەتانە وا لە مرۆڤ دەکات نازانێ سەرەتا بگری یا پێبکەنی؟! پێبکەنی یا بگری!
بۆیە ئەم حالە تە دواجار شاعیر تووشی نەخۆشی پێکەنین و گریانێکی ئەبەدی دەکات، نازانێ و ناتوانێ بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی. (٣)*
بۆیە لێرەدا دەتوانین بڵێین شاعیری کۆچکردوو (نەوزاد رەفعەت) وەک دەنگێکی نوێ و جیاوازی شیعری کوردی گەرچی بە جەستە جێیهێشتین، بەڵام هێزی شيعر و تێکستە ئەدەبیەکانی هەر بە زیندوویی لە کتێبخانەی کوردی دەمێنێتەوە.
پڕۆفایل:
نەوزاد حاجی ڕەفعەت عەبدوڵڵا سەبری، ساڵی ١٩٥١ لە شاری هەولێردا لەدایک بووە، خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانە کوڕانەکەی ئیبنخەلەکاندا خوێندوە، ساڵی ١٩٧٠ لە بەشی کوردیی کۆلیژی ئادابی بەغدا وەرگیراوە؛ ساڵی ١٩٧٤ بە هۆی بارودۆخی سیاسی کورد، دەچێتە شاخ و لەوێ وەک ڕۆشنبیرێک خزمەت بە لایەنی رۆشنبیری نەتەوەکەی دەکات لە ڕادیۆی دەنگی کوردستان وەک نووسەر و وەرگێڕ دەست بەکار بووە، لەگەڵ نسکۆی شۆرشی کورد گەڕاوەتەوە و بەردەوام بوە لە خوێندن، دوای دەرچوونی لە کۆلیژ لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەولێر دامەزراوە.
نەوزاد رەفعەت لە کۆلیژ وەک قوتابییەکی چالاک بەشداری لە چالاکیە ئەدەبی و ڕۆشنبیری و فیستیڤاڵەکان کردووە، هەروەها چەندین کۆڕی شیعری هاوبەش و تایبەتی ئەنجام داوە.
بەرهەمە چاپکراوەکانی:
١-تیری ئایرۆس، کۆمەڵەشیعر
٢-نیگەران، کۆمەڵەشیعر
٣-پەرییەکان هەڵدەفڕێنمەوە، دیوانەشیعر
٤-هەژانی بەرد، کۆمەڵەشیعر
٥-بەفری گەرم، کۆمەڵەشیعر
٦-ڕێی تاوسان، کۆمەڵەشیعر
٧-شینی شالوور، کۆمەڵەچیرۆکی منداڵان
٨-دارستانی ئەو بنارە، کۆمەڵەشیعر
٩-باڵەکانم بدەرەوە، دیوانە شیعر
دوای ململانێ لەگەڵ نەخۆشی، ڕێکەوتی ٤-٧-٢٠٢٢ لە شاری هەولێر ژیانئاوایی کرد. (٤) *
سەرچاوە:
١-ئیستاتیکای شیعرەکانی نەوزاد ڕەفعەت، شاخەوان فەرهاد محەمەد، تێزی دکتۆرا، کۆلیژی زمان، بەشی کوردی، زانکۆی سەڵاحەدین، هەولێر، ٢٠٢٣
٢-باڵەکانم بدەرەوە، نەوزاد ڕەفعەت، دیوانە شیعر، ٢٠٢٠
٣- لە پەنجەرەی شیعرەوە (کتێب) نووسینی: ئاری ئاغۆک، بەرگی یەکەم ٢٠٢١
٤-خۆم و ئەستێرە گەشەکان (کتێب) بەرگی سێیەم ل ٢١١، نەجمەدین عەزیز سمایل.

