رۆژنامەی ھەولێر

یــەڵــدا هــەرکی

خەو لە پێڵووی تەڕی شەبەق فڕیبوو
هێشتا بەیان
قەیتانەکانی بەتەواوی توند نەکردبوو،
کە ئێمە، میهرەبانیمان
بەسەر شۆستەکاندا بەش کرد.
بۆ نانەوای پیر، لە ئەندازەی ڕوونی گەنم دواین،
بۆ چۆلەکەکانی گۆڕەپانی شار، نان و ئارامیمان پێشکەش دەبرد و،
لە وێستگەی قەرەباڵغی پاسدا،
پەژارەی هەڵچووی نامۆیەکی ڕێبوارمان،
بە ڕاوەشاندنی سەرێک، ماڵی کرد.
ئێمە لە دەرەوەی ئەم چواردیوارییە،
سۆزی لێشاوی ئاو بووین بۆ تینوێتیی خاک و،
ماڵمان،
تەنیا بە نیشتووی تاریکی پەرداخەکانەوە بەجێ هێشت.
من بینیومە …
دەستێک،
کە لە تاقەتی مۆم، هەتاوی دەئافراند؛
بەڵام لە ئامێزگرتنی نەجیبی دڵێک، دەستەوستان بوو
نەخشێکی لە قەبارەی ڕووناکی دەدا لە تەوێڵی جیهان،
لە کەمەرەی بچووکی شانێکدا،
لە تینی ڕاستی دەلەرزیا.
سەخاوەتی، سەرنشینی شەمەندەفەرە دوورەکان بوو؛
کۆڵەپشتی گەرووی بۆ دڵنەوایی بێگانەکان دەبەست،
بۆ ڕێبوارانی کۆڵان، سپەندی دەسووتاند.
بەڵام …
لە جوگرافیای بچووکی ماڵدا،
شێوەزاری، ڕەنگی بیابانی دەگرت و،
دەستەکانی،
لە لاواندنەوەی تەوێڵی ماڵ، دوودڵ دەبوون.
تەواوی چراکانی بۆ میوانداریی جادە بردبوو؛
پشکی مەحرەمی ژوورەکە،
تەنیا
پاشماوەی تاریکی مۆمێکی سووتاو بوو.
ئێمە فاتحانی لووتکە دوورەکان بووین؛
پەیامبەرانێکی خاوەن پەرجووی مەزن لە هەراوهوریای شەقامەکاندا.
هەرکوێ خەمێک بێخودان بمایەتەوە،
تۆزێک لە دڵمان لەوێ بەجێدەهێشت.
حیکمەتی ئێمە لە باڵای وشەکاندا بەرز دەبووەوە و،
لە بێدەنگیی بەسەبری سەر سفرەدا، کورت دەبووەوە.
لەنێو ئەندازەی تاریکی دەمدا،
بەیانیت باشێکی سادە، سەرەوخوار دەبوو.
ڕەنگە شارستانییەت لەو ڕۆژەوە بە هەڵە وەرگێڕدرابێت،
کە ڕێز، ڕێگای ماڵەوەی ون کرد.
و ئێمە،جوانترین میوەکانمان بۆ حەراجی بازاڕ لێ کردەوە و،
خوانی ماڵمان لە ناوکی ئاڵوودە بە ڕاهاتن، پڕ کرد.
ئێمە کتێبی ئەشقمان بۆ جیهان نووسی،
کەچی پەراوێزی نوسخەی ماڵەکەمان سپی مایەوە.
ئێستا،
ڕەفەکان لێوانلێون لە دڵداری؛
بەڵام هەندێک تەنیایی،
لەنێو هیچ لاپەڕەیەکدا ڕوویان نەدا.
لیزا هێشتا لە هەناسەی داڤینچی ناکەوێت،
و ئەمە، بێدادیی فەلسەفیانەی مێژوو بوو دەرهەق بە سالای …
نزیکترین ڕۆحێک کە لەگەڵ پاشماوەی ئێمەدا ژیا و،
لە سێبەری شاکارەکەدا، ون بوو.
ڕەنگە گەورەترین شکستی جوانی، ئەو ساتە بێت
کە بەرهەمەکە،
لە خاوەنەکەی نەجیبتر بمێنێتەوە.
کاتێک جیهان، باشترینی ئەو لە یاد دەگرێت و،
نزیکترین مرۆڤ،
بە پاشماوەی ئەو، پیر دەبێت.
شاکار،
دڵێکە کە لە تەنیشت تۆدا، لە وێرانبوون پەشیمان بێتەوە.
هیچ کەس هێندە نامۆ نییە
کە بەقەد نزیکترین مرۆڤی ژیانمان،
پشتگوێ بخرێت.