چــــالاک سدیـــق
یاسین قادر بەرزنجی
چالاک سدیق کوڕی شاری کەرکوکە، کەرکوکی زێدی عەلی مەردان و حسێن عەلی و سەڵاح داودە و قادر مەردان و محەمەد عەباس بارام.
ناسینی مامۆستا چالاک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٨، ئەوکاتەی مامۆستای پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی بوو، کاتێکیش ئێمە(تیپی شانۆی سالار) زنجیرەی هەمەڕەنگی (شەوچەرە)مان تۆمار کرد، کاک چالاک یەک لە موزیکژەنە بەتواناکان بوو، کە بە هونەرمەندی و خەسڵەتە جوانەکانییەوە بوو بووە خۆشەویستی هەمووان.
ئەم هێژایە، وێڕای مامۆستایی و پەروەردەکاریی، موزیکژەن و ئاوازدانەرو دابەشکارو سەرپەرشتیاری گروپی موزیک بووە، لە هەمان کاتدا خاوەنی چەندین وتارو توێژینەوەیە سەبارەت مەقام و ئاوازە کوردییەکان، بەتایبەت مەقامەکانی ئەڵڵاوەیسی و خورشیدی و قەتارو خاوکەرو سەفەر.
ئەم هونەرمەندە لە سەرەتاوە سوودمەند بووە لە مامۆستا جەلال سۆدەچی کە ڤیۆلین ژەنێکی تورکمانی بەناوبانگ بووە.
دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی موسڵ و کۆلیژی هونەرە جوانەکانی بەغدایە.
کاتێکیش لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی لە ٢٠٠٦دا پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کەرکوکیان دامەزراندووە، ئەم بووەتە مامۆستاو سەرۆک بەشی موزیک، دواتریش بۆ ماوەی چەند ساڵێکی زۆر بەڕێوەبەری پەیمانگاکە بووە.
کاک چالاک، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و سەرۆکی لقی کەرکوک بووە، هەروەها لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی ئازاد هەورامییە.
ساڵی ١٩٩١ یەکێک بووە لە دامەزرێنەرە سەرەکییەکانی تیپی مۆسیقای کەرکوک و سەرپەرشتیاری تیپەکە بووە، ساڵی ٢٠٠٢ بووەتە ئەندامی تیپی مۆسیقای سلێمانی و بەشداری چالاکییەکانیان بووە، هاوکات یەکێکە لە ئەندامە کاراکانی ئۆرکێسترای سلێمانی، ئەم کەمانچە ژەنە بەتوانایە بەشداریی کۆمەڵێ ڤێستیڤاڵی لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان کردووەو
سەرپەرشتیی چەندین بەرنامەی هونەریی کردووە کە بۆ گۆرانیبێژان سازکراون، لەوانە : شکور خەیات،
ئیسماعیل سابوور، شاروخی، حەمە ڕەووف کەرکوکی، تارا ڕەسوڵ، ئەمەل کوردە، سابیر کوردستانی، تاهیری خەلیلی، عەباس محەمەد و محەمەد عەباس بارام.
وێڕای ئەو هەموو چالاکییانەی مامۆستا چالاک، موزیکی بۆ درامای کەرکوک ٤ داناوە کە لە دەرهێنانی هونەرمەند ناسر حەسەن بووەو خاوەنی ١٠ ئاوازە بۆ منداڵان و چەندین ئاوازیشی بۆ سروودو گۆرانی داناوە.
دەست و پەنجەت هەمیشە سەوزو بەردەوام بێت و خەرمان بەرەکەت هونەرمەندە چالاک و درەوشاوەکەی کەرکوک و کوردستان، مامۆستا چالاک گیان.

