فازڵ میرانی
بەشی دووەم
لە مێژوودا زۆر جار ئەو ڕژێم و سیمایانە لەناوچوون، کە ناحەقی و باتڵیان کردبووە بیروباوەڕی دامەزراندن و بنەمای کارکردنیان. ئەوان ئەگەرچی ڕەنگە سەرکەوتوو بووبن ــ تەنانەت لە ڕاستیدا سەرکەوتووش بوون ــ لەوەی بۆ ماوەیەک حەق لابدەن، یان بیشارنەوە، یاخود چاوی لێ سوورکەنەوە؛ لەم پێناوەشدا فیکر و ماڵیان بەفیڕۆ دا و باری گوناهی ئەم دووانە و گوناهی قوربانییەکانی خۆیان و قوربانییانی ئەو کەسانەشیان هەڵگرت کە بەهۆی ترس، تەماح یان نەزانییەوە دایانمەزراندبوون یاخود شوێنیان کەوتبوون؛ ڕەنگە شانازی و شکۆیەکی درۆینەشیان بۆ خۆیان تاشیبێت، بەڵام لەبەردەم پێوەرەکانی شەرەف، مرۆڤایەتی و هەڵسەنگاندنی بێلایەنانەدا، خۆ ناگرن و سەرەنجام سەرەوخوار دەبنەوە بۆ ناو ئەو دۆڵە نەفرەتلێکراوەی کە سەرجەم ڕژێمە زۆردارەکانی پێش خۆیان و پیاوانیان تێدا کۆبووەتەوە.
بەڵام ئەوان نە توانییان بمێننەوە، نە توانیشیان فکرەی حەق و گەڕانەوە و گەشەکردنی بنبڕ بکەن؛ چونکە حەق حەقیقەتێکی ڕەها و واقیعێکی گۆڕاوە، بەڵام باتڵ (ناحەق) دەستکردە و تەنیا واقیعێکە نەک حەقیقەت، چونکە لە بنەڕەتدا تەنیا بانگەشەیەکی درۆینەیە، هەرچەندە گەورە ببێت و ڕەگ دابکوتێت، هەر بە نامۆیی و درۆزنی دەمێنێتەوە.
باتڵی دەسەڵاتخوازانە لە وڵاتماندا تەشەنەی سەند، تا ببێتە دەرخەری جیاوازیی نێوان “کردار” و “ڕاگەیاندنی بیروباوەڕ”؛ چونکە ئەو کەسەی بیروباوەڕێک ڕادەگەیەنێت، بە باوەڕداری ڕاستەقینەی ئەو بیروباوەڕە دانانرێت ئەگەر کردارەکانی پێچەوانەی دەق و بنەماکانی بن. ئەم بابەتەش دوو پرس دەگرێتەوە:
یەکەمیان؛ دەستووری هەر دەوڵەتێک، بە شەریعەتی دەستکردی (یاسای پۆزەتیڤ و بڕیاردراوی) ئەو وڵاتە دادەنرێت کە تا ڕادەیەکی زۆر سازان لەسەر دەقەکانی کراوە، بەڵام ئەگەر ئەم دەقانە دادپەروەرانە بن و پەسەند بکرێن، ئەوا کارکردن پێیان نیشانەی باوەڕبوونە،سەرپێچیکردنیان هاوتای کوفر، بێدینی، نیفاق و گاڵتەجاڕییە.
یادەوەری و سووچەکانی ڕابردووشمان پڕن لە نموونەی هاوشێوەی ئەمانە؛ ئەوانەی پەیمانیان دەشکاند، خیانەتیان لە ئەمانەت دەکرد، درۆیان دەکرد، کاتێکیش بەڵێنیان دەدا، پاشگەز دەبوونەوە.
بێگومان ئەو کەسەی دەگاتە دەسەڵات و بانگەشەی شایستەیی خۆی دەکات بۆ ئەوەی پێی گەیشتووە، بەڵام پاشان ڕوو لە هەوا و ئارەزوو دەکات و بەپێی ویستی خۆی ــ نەک پێوەرە دادپەروەرەکان ــ جیاکاریی لە نێوان هاووڵاتیاندا دەکات، ژیانیان لێ تەنگ دەکاتەوە و چەک بۆ کوشتنیان و برسیەتی بۆ چۆکپێدادانیان بەکار دەهێنێت، و پۆشاکی حەقێکی درۆینە دەکاتە بەری باتڵەکەی؛ ئەو کەسە بێبڕوایە و داهێنەرێکە لە نەفامی و جاهلیەتێکی بەردەوامدا. پاشان کەسانێک دێنە جێگەی کە یاسایەک لە سەرووی یاساوە دادەنێن تاوەکوو یاسا حزبییەکەیان بەسەر تەواوی دەسەڵاتی دەوڵەتدا زاڵ بێت؛ بە جۆرێک بۆ هەر شتێک کە بەپێی میزاجی داڕێژەرەکەی بە تاوانی بزانێت، سزایەک داهێناوە، فەرموون ئەوە داهێنەری خراپەیە. ئەو، خەڵکی بەرەو دواوە گەڕاندووەتەوە تا ڕێساگەلێک (وەک ئایینێک) بۆ ڕەفتارەکانیان دابنێت کە بەپێی پێوەرەکانی خۆی بێت. هەر بۆیە بە سامانی ئێمە، چەکی کڕی کە چەندین جار و بە پێداگرییەوە پێی کوشتینەوە، کار گەیشتە ئەوەی دەستکاریی لە جینی کۆمەڵگەدا بکات، بە جۆرێک گەمژە و نەفامەکان بوونە خاوەن بڕیار و دەسەڵات؛ لە بەرامبەریشدا، زانایان و هۆشیاران گۆشەگیر بوون و بەسەر چەند بەرەیەکدا دابەش بوون: هەندێکیان ڕووبەڕووبوونەوە، هەندێکیان هەڵاتن، هەندێکیان کوژران و هەندێکیش بێدەنگییان هەڵبژارد، یان پاشەکشەیان کرد و لەبەر تەماحی خۆیان، چوونە پاڵ ئەوانەی لە ڕووی نەزانییەوە شوێنی باتڵ کەوتبوون.
بەڵام دڵتەنگی و تاڵییەکە لەوەدایە کە پەند و عیبرەت وەرگرتن ون بووە؛ بەشێک لەوانەی دواتر هاتوون، دەگەڕێنەوە بۆ دووبارەکردنەوە و ڕۆچوون لە هەمان ڕەفتارە خراپ و زیانبەخشەکانی پێشینانیان. لەبەر ئەوە، نە هەژاری کۆتایی دێت و نە نەزانی کەم دەبێتەوە، دەستپاکی کەم دەکات، زمانی درۆ درێژتر دەبێت و فێڵ و چەواشەکارییش دەبێتە نەریت و عورف.
حەق هەیە و بوونی بەستراوەتەوە بە بوونی مرۆڤی یەکەمەوە کە ڕاسپێردرابوو بە گەیاندنی پەیامەکەی. لە هەندێک کۆمەڵگەدا، حەق وەک کانزایەکی بەنرخ شاردراوەتەوە؛ چەندین چینی بەرد و خۆڵ بەسەریدا هاتووە، یان لە تاریکیی قووڵایی ئاودا نوقم کراوە، تەنیا بەو نیازەی ناحەقی (باتڵ) وەک حەق نیشان بدرێت. بەدوای هەر مەزڵووم، نەدار و بێبەشێکدا بگەڕێیت، سێبەری حەق لەگەڵیدا دەبینیت و دێوی باتڵیش لە بەرامبەریدا ڕاوەستاوە.
بێگومان حەق و بەدیهاتنی، ئەگەرچی دوا بکەوێت یان ون بێت، ئەوا پەیڕەوانی، هاوشێوەی خۆی ڕاستەقینەن، هەروەک چۆن حەق خۆی حەقیقەتێکە. بەڵام لایەنگرانی ناحەقی (ئەهلی باتڵ)، هەرچەندە هەوڵ بدەن، پیلان بگێڕن و خۆیان بە دەسەڵات و پڕوپاگەندە دەور بدەن، ئەوا هاوشێوەی پێشینانی خۆیانن؛ ئەوان تەنیا واقیعێکی کاتین و گرێدراوی سەردەمێکن، بۆیە هەرچەندە درێژەش بکێشێت، تەنیا وەکوو واقیع دەمێننەوە نەک حەقیقەت.
بێگومان نموونەی ئەوانەی حاشا لە حەق دەکەن ــ لە کاتێکدا جڵەوی کارەکانیان لەدەستدایە ــ و پاشان ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان نیشانی خەڵک دەدەن و دوژمنایەتییان بۆ دەردەخەن، وا دەزانن بەم ڕەفتارەیان دەگەنە خواست و ئامانجی مانەوەیان؛ ئەوا هیچ نین جگە لە بەرجەستەکردنی ئەو وێنەیەی کە لە سوورەتی (الرعد)دا هاتووە: (… كباسط كفيه إلى الماء ليبلغ فاه وما هو ببالغه …) [واتە: وەک کەسێک وایە کە هەردوو دەستی بەرەو ئاو درێژ بکات بۆ ئەوەی بگاتە دەمی، لە کاتێکدا هەرگیز پێی ناگات]. چونکە تەنیا درێژکردنی دەست بەرەو ئاوێکی دوور، وا ناکات ئاوەکە بەرز ببێتەوە بۆ ناو دەمیان تا لێی بخۆنەوە.

