خوسرهو جاف
لام وایە ئەمڕۆکە زۆربەی زۆری خوێندەوارانی ئێستای کورد شتێکی ئەوتۆ دەربارەی جووڵانەوەی باتینی نازانن، بۆیە بەندە بە ئەرکی خۆمی دەزانم لەم کورتەباسەدا کەمێک تیشک بخەمە سەر ئەو جووڵانەوە پڕ مەترسیدارە، کەوا سەردەمانێک ئەوەی بەناو دەسەڵاتی ئیسلامی هەبووە لە ترسی دەستوەشاندنی ئەو ڕێکخراوەدا نە خەوی خەو بووە نە خۆراکی بە حەزەوە بۆ قوت دراوە. بەندە بە ئەرکی خۆمی دەزانم لەم ڕووەوە تۆزە تیشکێک، نەختە ڕۆشناییەک بخەمە سەر ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەی وا فەرمانبەرانی دونیای بەناو ئیسلامی ژیانیان تاڵ و خەویان پچڕپچڕ و بەتاڵ، ژیانیان لە ترس و تۆقاندا دەبردە سەر، هەتاوەکوو سەلاحەدینی ئەییووبیش ناچاری سازش بووە لەگەڵیاندا.
جا خوێنەری کورد، دەزانم زۆر کەم ئەمڕۆکە تەوحت (حەوسەڵەت) بەلای کتێبی خوێندنەوە نییە و لە کتێب تۆراوی، بەندە وەک کوردێکی پابەند بە ئەرکی خۆی لەم ڕووەوە تۆ ڕۆشن دەکەمەوە و ڕابردوو دێنمەوە بیرت. ئەم بزووتنەوەیە کە بە (باتینی) ناسراو بووە، لە ڕاستیدا لەو سەردەمانەدا دامەزراوترین، گەورەترین، ڕێک و پێکترین، سەرەنجام پڕ مەترسیدارترین دامەزراوەی تیرۆریستیی بە دەست و پەل خوێناویی سەردەمی خۆی دەژمێردرێت. لەو سەردەمانەدا، وا خەیامی تێدا ژیاوە، لە تەواوی شارە گەورەکانی ئەو کاتەدا ئەو ڕێکخراوە ئەندامی دەستوەشێن و بێ ئاگاداری لەیەکتر، کۆمەڵێک خەنجەر وەشێنی تێدا ئامادەی فەرمان بوون لەژێر دەستی ئەو ڕێکخراوەدا؛ ئامادە و دەست لەسەر سینە بۆ جێبەجێکردنی کوشتن و تیرۆری گەورەدەسەڵاتدار و هەر نەیارێکیان لە کاردا بوونە.
بیروڕا و بۆچوونی (باتینی) لەمێژدا وەک فکر بوونی هەبووە، بەڵام نەک بەو شێوەی (حەسەن سەباح) ڕێکی خستووە و خستوویەتە کاروباری تیرۆر و کوشتنەوە. ئەوە (حەسەن سەباح) بوو توانیویەتی لە بنەماوە گۆڕانکاری لەو ڕێکخراوەدا ئەنجام بدات و کەسانێکی وا پەروەردە بکات، مەرگ لە پێناوی بیروبۆچوون و فەرمانی ڕێکخراودا بە شەکراو دابنێت و بەسەرفرازییەوە فەرمان بەجێ بێنێت و لە سەرتاسەری وڵاتی ئیسلامیدا پشتی دەسەڵاتداران بهێنێتە لەرزین.
لە پێش سەرۆکایەتیی (حەسەن سەباح) بۆ ئەو ڕێکخراوە، دوو سەدە لە خەوی دوور و درێژدا تلاوەتەوە. باتینی ناوێک بووە بێ دیاردە، بێ پێگە و نەناسراو و لەبیرچوو. سەرەتا هەر بە لایەنگرانی ئیسماعیلی دەناسران، وە لە دواییدا لە بیروڕای (قەرمەتی)یەکانەوە نزیک بوونەوە. کاتێک ئیمامی (سادق) جەعفەری کوڕی محەممەد وەفاتی کرد، بڕێک لە پەیڕەوانی ئەو زاتە وتیان وا (ئیسماعیل)ی کوڕی جێگەی گرتووەتەوە، بەڵام سەرەنجام وەک بیروڕا لە بیروڕای قەرمەتیان نزیک بوونەوە، لە کاتێکدا ئیسماعیلی کوڕی ئیمام لە پێش باوکیدا زەمانێک بووە مردوو بووە.
ئیمامی (سادق) خزمەتکارێکی هەبووە بە ناوی (مەیمونی کوڕی دیسان)، ئەم مەیمونە شۆرەتی بە (القاح) دەرکردووە. بەپێی بیروبۆچوونی زانای گەورە (عەبدولقاهیر بەغدادی) وا لە کتێبی (الفرق بین الفرق)دا نووسیویەتی: لە سەرەتاوە بیروڕای (باتینییە) لەلایەن مەیمونەوە دامەزراوە و کەسانێکی زۆریش وەک پەیڕەو بەدوای کەوتوون. بەڵام (ئیبنولنەدیم) بەپێچەوانەوە دەڵێت: مەیمون دامەزرێنەری (باتینییە) نەبووە، بەڵێ بۆ خۆی ڕاستەوخۆ کۆمەڵەیەکی دروست کردووە بەناوی (المیمونیە) و ئەو کۆمەڵە پەیڕەوانی زۆری لێ گڵێر بووەتەوە، وە لایان وابووە حەزرەتی (عەلی) خوا بووە. بە دوای مەیموندا، عەبدوڵڵای کوڕی بە توانا و تەقەڵایەکی زۆرەوە جێگەی باوکی گرتووەتەوە و بە هەر چوار لادا نوێنەر دەنێرێت بۆ بڵاوکردنەوەی بیروبۆچوونەکانی. لە شاری (کوفە)دا کابرایەک بە ناوی (حەمدان کوڕی ئەشعەس) کە شۆرەتی بە (قەرمەت) دەرکردبوو، لە دێی (قس یارام)دا ژیاوە، دەبێتە چاوساخ و ڕابەری بیروڕای (باتینی). بە دوای ئەودا (ئەبوسەعید جەنابی) جێگەی دەگرێتەوە، بە دەسەڵاتەوە دوورگەی (بەحرەین) دەکەنە بنکەی خۆیان.
بە دوای ئەوادا یەکێک لە پەیڕەوان بە ناوی (زەکەریای کوڕی مەهرەوەی دندان) ئاڵای کۆمەڵە بە دەستەوە دەگرێت. لە لایەکی ترەوە (مەیمونی برای حەمدان) لە ناوچەی (فارس)ی ئێراندا بە تواناوە دەکەوێتە تەقەڵای بڵاوکردنەوەی بیروڕای کۆمەڵەکە.
لەم ڕووەوە (عەبدولقاهیر بەغدادی) دەڵێت:
جووڵانەوەی (باتینییە) زۆرتر لە سەردەمی خەلافەتی دوو خەلیفەی بەدەسەڵاتی عەباسیدا پەرە دەسێنێت؛ مەئموون و موعتەسەمی عەباسیدا بەهێز دەبن. ئەو دوو خەلیفە جەببارە نەیانتوانی سنوورێک یان ترس و تۆقانیان بۆ (باتینی) دابنێن. هەر لە سەردەمی ئەواندا جووڵانەوەی (بابەکی خوڕەم دین) پەرەی سەند، وە (ئەفشین)ی فەرماندەی سوپای عەباسی بە دزییەوە یەکێک بووە لە پەیڕەوانی (باتینی). هەروەها بزوتنەوەی قەرمەتییەکان (قرامطە) زۆر کاری ناڕەوا و ناحەزیان کردووە. یەکێک لە سەرۆکەکانی قەرمەتییەکان پەلاماری شاری (بەسرە) دەدات بە ناوی (سلێمانی کوڕی حەسەن جەنابی)، ڕێگەی (حەج) دەگرن، ئەوەی حاجی بووە و زەواری حەج بوونە دەیانکوژن و هەرچی کاروانیش بووە تاڵان و چەپاوی دەکەن.
ئینجا بەرەو شاری (مەککە) دەڕۆن و ئەوەی بەرچاویان کەوتووە کوشتوویانە و (حەجەرولئەسوەد)یان هەڵکەندووە و لەگەڵ خۆیاندا بردوویانە بۆ دوورگەی بەحرەین. بەوەشەوە ڕازی نەبوونە، کەوتوونەتە کەڵەکەی پەلاماری شاری بەغدا و لەشکرێکی گەورە ڕووەو بەغدا مل دەنێن. لە شاری (هیت) ژنێک لە سەربانەوە بەردێک دەگرێتە فەرماندەی ئەو لەشکرە (سلێمان کوڕی حەسەن)ی جەنابی، ناوبراو بەو بەردەی ژنە دەمرێت، ئیتر بە مردنی فەرماندە لەشکرەکەی بڵاوەی لێ دەکەن.
بەڵام دووبارە لەلایەن (حەسەن سەباح)ەوە، ڕێکخراوەکە بە ئەوپەڕی تواناوە خوێنێکی تازەی لە ڕەگەکانی بیروبۆچوونی باتینییەکاندا هێنایە جووڵە و تەوژم و تەقەڵا. زۆر لە چاوساخان باوەڕیان وایە بیروبۆچوونی باتینییەکان لە مەجووسیەت و مانەوی و مەزدەکی و کۆمەڵی دەهرییەکانەوە وەرگیراوە و لە چوارچێوەیەکی تازە و نوێدا خراوەتەوە ڕوو. بەلای باتینییەکانەوە مارەکردنی کچ و خوشک نە قەدەغەیە و نە حەرامیشە، وە بەوەشەوە نەوەستاون، ئەو حەز و تام و چێژە هەیە هەر هەموو ئەوانە بۆ پەیڕەوانیان ئازاد کراوە. یەکێک لە بیرمەندانیان بە ناوی (ئیبن ئەبی زەکەریا ئەلسافی) لە ساڵی ٣١٩ک ڕایگەیاندووە: “ئەو کۆیلە پیاوەی لەگەڵ خاوەنەکەیدا دروست نەبێت و بۆی نەخەوێت کوشتنی حەڵاڵە، ئەو کەسەی ئاگر بکوژێنێتەوە شایانی دەستبڕینە یان ئەگەر پفی لە ئاگر کردبێت زمانبڕین سزایەکی ڕەوایە.” وە لایان وابووە مرۆڤ کە مرد زیندووبوونەوەی مەحاڵە و ڕۆحێک لە گۆڕدا نییە و، پەیامبەران لای ئەوان پەروەردگاریان بەلاوە نا و سەوداگەری دەسەڵاتن مرحبا و ،سەرۆکایەتییان بە فێڵ و فڕ خەڵکیان هەڵخەڵەتاندووە. ئیتر لەم جۆرە کوفر و ئیلحادە گەورەگەورانەیان بردووەتە بیری خەڵکەوە.
(عەبدوڵڵای کوڕی حەسەن قەیرەوانی) نامەیەک بۆ (سلێمانی کوڕی سەعید جەنابی) دەنووسێت کە هەردووکیان لە سەردارانی (قەرمەتییەکان)ی ناسراون، تێیدا دەڵێت:
“کارێکی وا بکە ئەوەی بەلای خەڵکەوە خۆشە با بیکەن، وایان پێ بسەلمێنە، کتێبێکی لەوانە هەموو کات باوەڕیان پەیدا کرد، بە کراوەیی لەگەڵیاندا بدوێ بەتایبەت بۆ ئەوانەی وا فەیلەسوفمەئابن، ئەو ڕەفتارە بۆ بیری ئێمە گەلێک سوودبەخشە.”
هەروەها لە کتێبی (ابطل القول فی المیعاد والعقاب)دا هاتووە:
“بەهەشت ئەم جیهانەیە وا تێداین، دۆزەخیش ئەوەیە بە نوێژ و ڕۆژوو و حەج و جیهادەوە خەریک بیت.” هەروەها دەڵێت پەیڕەوانی شەریعەت کە پابەندی ئەو ڕێگایەن جگە لە چەند بیروڕایەکی پووچەڵ زیاتر نین.
“من داوات لێ دەکەم کارێکی وا بکەیت ئەندازەی گومان لە دڵ و دەرووندا زۆرتر کە، بەتایبەت دەربارەی (قورئان و ئینجیل و تەورات و زەبوور)، باوەڕی زیندووبوونەوەی دوای مەرگ بە مەحاڵ دابنێن، وە حیساب و تۆڵەی ئەو دونیا بنبڕ بکە. بیسەلمێنە نە پەری لە ئاسمانەوە، نە جنۆکەش بەسەر زەوییەوە هەن. دەبێ بەو خەڵکە بسەلمێنێ کە لە پێش (ئادەم)دا ئێستادا کزۆر بەسەر زەوییەوە ژیاون، ئەم جیهانە گەلێک لەوە کۆنترە وا بەم خەڵکە سەلمێندراوە.”
لە کۆتایی نامەکەیدا دەڵێت: “ورد بەرەوە، کابرایەکی بێژن لە تەنیشتیدا خوشکێکی ڕاکشاوە یان کچێکی بۆ خەڵکی داناوە، ئەم جۆرە تێفکرینە گەوجانەیە و ترسێکی خامە و دوورە لە عەقڵەوە و ناپەسندە. ئەی سلێمانی کوڕی حەسەن، ئەوانەی وتوومە خاڵ بە خاڵ ئەنجام بدە.”
ئەم نامەیە گەورەترین بەڵگەی بێئایینی، بێباوەڕی، بێڕەوشتی، هەروەها کوفر و ئیلحادی بیروبۆچوونی فکری (باتینی)یە. لە هەمان کاتدا سیاسەتێکی وردیان بەکاربردوووە؛ لەگەڵ دانایاندا دانایانە دواون، لەگەڵ نەخوێندەوار و ڕوکەشتێفکریندا بە زمانی سادە و سەدان تەماح و تۆقانیان خستووەتە ڕوو. ئەوەش حاشاهەڵنەگرە ڕێکخراوی (باتینی) ڕێکخراوێکی پڕ لە هەراوهۆریا و پڕوپاگەندە، هەروەها ترسێنەر بوونە، وە بۆ پەرەسەندنی بیروڕایان سەدان کتێبی جۆراوجۆریان نووسیوە و بڵاو کردووەتەوە. و دوای تاقیکردنەوەی (ئەندام) بە درێژایی چوار ساڵ، تەجروبە بە بواری جۆراوجۆردا گوزەراندوویانە، و کتێبی جۆراوجۆریان خستووەتە بەردەستی پەیڕەوانیان وەک: کتێبی (الرحی والدولاب، الحدود والسناد، اللامح الزاهر، المیزان، النیران، الملاحم، المقصد).
ئەندامی تازەی ڕێکخراوی (باتینی) لە پێشدا دەبوو لە حەوت قۆناغدا بگوزەرێت، لە دواییدا بیروڕای (باتینی) دەخرێتە بەردەستی. هەر لە قۆناغێکدا نامە و بڕۆشۆرێکی پێ دراوە:
* لە یەکەم قۆناغدا نامەی (البلاغ).
* دووەم بووە لەوان کۆنتر.
* بەلاغی سێیەم بووە، ساڵێک بەسەر ئەندامبووندا بگوزەرایە.
* بەلاغی چوارەمی پێ دەدرا ئەوانەی دوو ساڵ بەسەر ئەندامبوونیاندا بگوزەرایە.
* بەلاغی پێنجەمیان پێ دراوە بۆ ئەندامی سێ ساڵە.
* یان بەلاغی شەشەم بۆ ئەندامی شەش ساڵە.
* لە حەوتەمین ساڵدا تەواوی بۆچوونی بیری (باتینی) بۆ ڕۆشن کراوەتەوە.
وەک وتمان ڕابەری گەورە (حەسەن سەباح) بە ئەوپەڕی لێزانییەوە کۆمیتە و بنکەی لە تەواوی وڵاتانی ئیسلامیدا دامەزراندووە، دووبارە پەرچەمی شڕ و لەبیرچووی (باتینی) لە وڵاتانی ئیسلامیدا زیندوو کردووەتەوە. (حەسەن سەباح) لە ساڵی ٤٣٠ک لە شاری (ڕەی) لەدایک بووە، بۆ خۆی ڕایگەیاندووە کە لە نەتەوەی (ئەبویوسف الحمیری)یە کە یەکێک بووە لە ئەمیرانی وڵاتی یەمەن، گوایە باوکی لە شاری کوفەوە هاتووەتە شاری (قوم) لەوێدا گواستوویەتییەوە شاری (ڕەی). بەڵام خەڵکی شاری (تووس) بە درۆی دەخەنەوە، دەڵێن: کوڕی پیاوێک بووە بەناوی (عەلی) کە لە ناوچەی ئەسفەهاندا ژیاوە، هەر لەوێشەوە مردووە.
حەسەن خۆی گەیاندووەتە وڵاتی میسر و توانیویەتی لە دەرباری خەلیفە (المستنصر)ی فاتیمییەکاندا جێپێی خۆی بکاتەوە و پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵی نهێنیی (ئیسماعیلییە) پەیدا بکات، بە بیروڕای تازەوە ڕووی لە ئێران کردووە. لە سەرەتاوە لە دەڤەری خوراساندا بیروڕای خۆی بڵاو کردووەتەوە و کۆمەڵێک خەڵکی لێ گڵێر بوونەتەوە، ڕووی کردووەتە دەڤەرەکانی (دەیلەم)، لەوێدا ناوچەیەک بە پوول و پارە دەکڕێت لە پیاوێک بە ناوی (مەهدی). سە8کرەنجام لە ساڵی ٤٨٣ک لە سەردەمی دەسەڵاتی مەلیکشای سەلجوقیدا، دەتوانێت دەست بگرێت بەسەر قەڵایەکی سەر بە ئاسمان کشاوە بە ناوی (ئەلەموت) کە دەکەوێتە دەڤەر و ئوستانی قەزوین. لەوێدا دامودەزگایەکی پڕ لە وردەکاریی بکوژ و ببڕ دەسازێنێت، کار و کردەوەیان ترس و تیرۆر و تۆقان بووە، و سوپا و چەکدارێکی زۆری ئازا و جەربەزە و خۆبەختکەر پێکدێنێت، زۆربەیان بێباک بوونە لە مەرگ و پەیڕەوی فەرمانی (حەسەن) بوونە و بەس. ئەو ڕێکخراوە تۆقێنەرە ١٧١ ساڵ درێژەی کێشاوە، سەرەنجام لەلایەن (هۆلاکۆ)ی خوێنڕێژ و وێرانکەری مەغۆڵەوە قەڵاکە گیراوە و ڕووخێندراوە.
هێشتا گەلێک لە نووسەران ناتوانن سەرسام نەبن بە چۆنیەتیی ئەو ڕێکخراوە و بلیمەتیی خودی (حەسەن سەباح). من وەک خوسرەو جاف گەلێک سەرسامم بە لێهاتوویی و کارزانی و فکری ڕێکخستنی (حەسەن سەباح)، هێندە سەرسام و هەیبەتەی بەلای لایەنگرانەوە زۆر بووە، کە حەسەن سەباح مردووە نزیکەی دوو هەفتە کەس نەیوێراوە بڕواتە خەڵوەتگاکەیەوە، کەسیش زاتی ئەوەی نەدیوە بڵێت بەڵێ وا (حەسەن سەباح) مردووە. لە دوای مردنی حەسەن سەباح، پەیڕەوانی هەمان شێوەی قەڵادارییان بەڕێوە بردووە کە لەمێژدا لەلایەن حەسەن سەباحەوە داڕێژراو بووە. وەک بیروڕا بۆ پەیڕەوانیان دایانڕشتووە:
یەکەم: (سەرۆک) یان ڕابەر و دەمسپیی چیا، کە تەواوی کاروباری پەیڕەوانی بەڕێوە بردووە، سەرتاسەری فەرمانی کۆمەڵە لەلایەن ڕابەرەوە بێ یەک و دوو ئەنجام دراوە.
دووەم: (الدعاە) کە سێ کەس بوونە، کە سێ وڵات هەڵدەبژێرن (وڵاتی چیا، قوهستان، شام) کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان لەگەڵ سەرۆکدا هەبووە.
سێیەم: (پەیامبەران) بە کادیرانی ناو کۆمەڵگا دەناسران، کار و پیشەیان بڵاوکردنەوەی بیر و فەرمانی سەرۆکایەتی بووە لەناو میللەتاندا.
چوارەم: (هاوڕێیان) کە بە دۆست و هاوڕێی (دعاە) ژمێردراون.
پێنجەم: (خۆبەختکەران) واتە ئەوانەی فەرمانی کوشتن و کاروباری پڕ لە مەترسیی ڕێکخراوەکە بێ یەک و دوو ئەنجامی دەدەن.
شەشەم: (تازەکاران) بە سەربازانی کۆمەڵەکە دەناسران، وە هەر لەژێر تاقیکردنەوەیدا بوونە.
حەوتەم: (خەڵک) ئەو کەسانەی هێندە ئاگاداری بۆچوون و کاروباری کۆمەڵە نین، بە هێرشبەرانی سەر قەڵا و جێگەی سەربازانی دوژمن ژمێردراون.
بەو شێوەیە حەسەن سەباح توانیویەتی تۆقێنەرترین دامودەزگای خوێناوی لە تەواوی وڵاتانی ئیسلامیدا ڕێک بخات، وە هەر کەسێکی بویستبایە بە ئاسانی تیرۆر کردووە. یەکێک لەوانە سەرۆک وەزیرانی دەسەڵاتی سەلجوقی (نیزامولمولک) لەلایەن فیداییەکانی حەسەن سەباحەوە تیرۆر کراوە.
حەسەن سەباح دوای ٣٧ ساڵ فەرمانڕەوایی لە قەڵای (ئەلەموت)دا مردووە. حەسەن پیاوێکی زیرەک، بەتوانا، ترسێنەر، بێڕەحم، ئاگادار و هۆشیار لە زۆر بواردا بەتایبەت لە ئەندازیاری و ئەستێرەناسیدا دەستی باڵای هەبووە.
بەندە ئەم زانیارییانەم بەگوێرەی سەرچاوە جۆراوجۆرەکانەوە نووسیوە، ئەوانەی تینووی ئەم جۆرە زانیارییەن با ئەوانیش وەک من بەدوای سەرچاوەکاندا بگەڕێن، ئەگەر ئەو کارە بکەن ڕەنگە بگەنە بیروبۆچوونی لە من باشتر. بۆیە بەندە پارێز دەکەم لە ناوهێنانی ئەو سەرچاوە جۆراوجۆرانە. ئیتر ژیان هەروا بووە، تەقەڵا هەوێنی ڕاستەقینەی حەقیقەتی مرۆڤە و بێگومان هەر کەسێک لە هەر ڕێگەیەکدا خۆی ماندوو بکات، دەتوانێ زۆر لە نەزانراوەکان ڕۆشن بکاتەوە، ئەوەش دەبێتە بەهێزکردنی حەقیقەت و درۆ و دەلەسەی ناو مێژوو کەمتر دەکاتەوە. بەتایبەت ئێمەی کورد، قەڵەمبەدەستانی میللەتانی دەوروبەرمان هیچ جۆرە ڕەحمێکیان پێ نەکردووین، کاتی ئەوە هاتووە ڕۆشنبیرانی کورد موو لە ماست وەدەربێنن، ئەگەر نەکەوێتە تەقەڵاوە، وەک هەمیشە مافخوراو و کەنارنشین دەبین.

