عومەر چنگیانی
ناڵێم نازانم بۆ، بەپێچەوانەوە چاك دەزانم بۆچی لەم كاتەدا ئەم گوڵخەرمانەی مانگی نیسانی 2016 دێنمەوە بیری ئێوەی بەڕێز كە ئەوكات نووسیومە: (وێڕای دەستخۆشی لە جەنابی سەرۆك و پشتیوانیكردن لەو هەنگاوانەی كە زۆرمان چاوەڕوان كرد و هێشتا زۆریشی ماوە بۆ دوورخستنەوەی هەندێك كارمەند و، دادگاییکردنیان، بەرلەوەی ئەوانەی ناخوێننەوە و پێشتر بڕیار دەدەن بڕیار بدەن، پێتان دەڵێم: تكایە ئەوەندە كات بدەن بە خۆتان و بڕواننە لاپەڕە 11ـی ژمارە 3489ـی ڕۆژنامەی خەباتی هەینی 4/6/2010دا تا بزانن لە ژێر سەردێڕی: “كەنارخستنی میر و كارمەند و دوورخستنەوە و لادانیان، ڕێبازێكی جوانی عومەری سینبوولی دادپەروەرییە” چیم نووسیوە بەڵام بۆ ئەوەی ئەركەكەتان لێ سووك بكەم، هەندێكیتان بۆ دەنووسمەوە: “لەگەڵ ئەوەی بەرەوسەركەوتن چوون، لە پێپلیكەی خوارەوە دەست پێدەكات، پاككردنەوە، بە پێچەوانەوەیە و دەبێ لە سەرەوە بۆ خوارەوە ڕابماڵدرێت و ئەوكاتەی بەرپرسێك لادەبرێت دەبێ بزانرێت كێ بوون كە ستاف و تیمی ئافەرم و چەپڵەی بوون، ئەوانیش دەرسی خۆیان وەربگرن، دەنا كارەكە بەرهەمی باشی نابێت!
وەك چۆن زۆرجار باسی عومەرم كردووە و دووربینییەكانی لەمەڕ دادپەروەری پیادەكردن و دەرفەت نەهێشتنەكانی بۆ ئەو كاربەدەستەی كە خەریك دەبێ خۆی و كارەكەی لەبیر بچێتەوە، لێرەدا بە نموونە تەنیا یەك هەڵوێستی دێنمەوە: كە بریتییە لە كەنارخستن و لەسەركارلادانی خالیدی كوڕی وەلید كە سەرچاوەكان وامان بۆ باس دەكەن كە عومەر، وێڕای لێپێچینەوەی بەردەوام، ناوبەناو كارمەند و میرەكانی دەگۆڕی و دەستی پێدا دەهێنان و، تەنها خالید لە ماوەی دەسەڵاتی خەلافەتی عومەریدا، دووجار لادرا و شوێنی پێ گۆڕدرا:
1/ لە كاتێكدا كە خالید گەورەی میرەكان بوو لە شام لە سەردەمی ئەبووبەكردا و، دوای ئەوەی عومەر بوو بە خەلیفە كارەكەی لێ سەندەوە و جێگەیەكی دیكەی بۆ دیاری كرد، ئەبووبەكر ڕای وا بوو كە میرەكان بۆیان هەیە دەستگیراو نەبن لە بەخشین، مادام دادپەوەری هەبێت، بەڵام عومەر ڕای وابوو: با ئەوان میریش بن، دەبێ هەموو شت بگەڕێتەوە بۆ ڕازیبوونی سەرەوە و، عومەر لە شتەكان ئاگادار بێت، بۆ ئەم مەبەستەیش ڕێنمایی ئەبووبەكری كرد كە نامەیەكی نووسی بۆ خالید بەڵام ئەو وای پێ باش بوو میر سەرپشك بێت و خالیدی هێشتەوە لە جێگەی خۆیدا، دواتر عومەر وەلای نا.
2/ لە ساڵی 17ی كۆچیدا دوای ئەوەی خالید سەركەوتنی زۆری بەدەست هێنا و، سەری كێشا بۆ ئەوەی بەبێ پرسوڕا بە خەلیفە، بە ئارەزووی خۆی هەندێك دەستكەوت بدات بە كەسانێك ــ گەرچی دواتریش دەركەوت كە نادادپەوروەریی نەكردووە ــ عومەر، لە میرەوە كردی بە سەرباز!
جا ئەمە پوختەی باسەكەیە و هەڵدەگرێت زۆری لەسەر بگوترێت كە من تەنها ئەوەندە دەڵێم: ئەگەر كەمێك لەو شێوازی حوكمڕانییەی عومەر، كە كارمەندی لەسەر كار لادەدا و لێی دەپێچانەوە، سوود لێ بكەین، زیان ناكەین و بەری تەوژمی هەڵچوون و نیگەرانی ئەگەر نەشگیرێ كەم دەكرێتەوە و، با هەرگیز لە یادمان نەچێت ئێمە پێویستیمان بە گومڕانەبوونە، سەد باری لەخۆباییبوون، كە هەر پێویستمان پێی نییە، ئاخر وەرن سەیری ئایەتی 25 و 26ـی سوورەتی تەوبە، بكەن و بزانن خوای گەورە چی بە پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لەسەر – و یارانی دەڵێ و، چۆن هۆشدارییان دەداتێ كە بە هێزی خۆیان نەنازن و، دەفەرمێت:
“بە ڕاستی خوای گەورە لە زۆر جێگەدا چاک یارمەتیتانی داوە، نەخاسمە لە ڕۆژی “حونەین”ـدا ئەوکاتەی وا لە خۆتان بایی بووبوون و، فیزتان بەو زۆرییەی خۆتانەوە دەکرد، کەچی ئەوەتان بەسەردا هات وا دیتان؛ هەڵخەڵەتان! زۆر بوون بەڵام هیچیشتان پێ نەكرا و، ئەو زەوییە پانوبەرینەتان لێ هاتبوویەوە یەک و پشتتان كردە دوژمن! پاشان خوای گەورە ئۆقرەی خستە دڵی پێغەمبەر و بڕوادارانەوە”. بەرلەویش هەر قورئان باسی مووسا – دروود و سڵاوی خوای لەسەری، بۆمان كردووە؛ وەك سەرچاوە پێمان دەڵێن: “ڕۆژێكیان مووسا پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لەسەر- بۆ كۆمەڵە شوێنكەوتەیەکی، وتاری دەدا؛ جوولەكەیەکی بڕوادار، كە زۆر شەیدای گفتارەكەی مووسا دەبێ و كاری تی کردووە، دەڵێ: “ئەرێ قوربان كەست پێ شك دێت لە جەنابت شارەزاتر بێت؟” ئەویش بێ سێودوو دەفەرمێت: نەخێر! یەكسەر خوای گەورە نیگا دەنێرێ بۆ مووسا – دروود و سڵاوی خوای لەسەر- و پێی دەفەرمێت: “بەڵێ بەندەی زۆر شارەزاتر لە تۆیشمان هەیە!” ئینجا ڕێگای دەنێتە بەر، بڕوات خدر ببینێت؛ ئیتر وەك قورئان لە سورەتی (كەهف)دا باسی لێوە دەكات و چەندین فەرموودەی دروستی پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لەسەر – بۆمان ڕوون دەكەنەوە، ئەوگەشتە فەراهەم دێت، كە خدر تیایدا چەند جارێک جوانجوان دەرسی مووسا دادەدا؛ هەرە ئاسانەکەیان ئەوە دەبێت، كە هەر لەسەرەتای گەشتەكەدا دەبینن پەلەوەرێك خۆی دەکوتێت بە ئاوی دەریاکەدا و، هەڵدەفڕێتەوە؛ خدر ڕوو دەکاتە مووسا و دەڵێ: ـ دەبێ ئەو پەلەوەرە بەو دەندووکەی چەند لەو ئاوەی كەم بکردبێتەوە؟ زانستەکەی من و تۆیش، لە ئاست زانستی خوای پەروەردگاردا، هێندەیش نابێ!

