حەمەسەعید حەسەن
زمانی گۆران
نووسین پێویستی به مەرەكەبە و تیرۆریش به خوێن، نووسەر پەیامی خۆی بە وشەدا دەنێرێت و تیرۆریستیش بە خوێندا، ئەوە بۆیە حەججاج لە ساڵی ٧٥ی كۆچیدا، لە كووفە گوتی: (سەران دەبینم گەییون و كاتی لێكردنەوەیان هاتووە. سەیری خوێنی نێوانی مێزەر و ڕیش دەكەم.) ئایین بەخواستی خۆی بێت یان بەدەر لە خواستی خۆی، جیاوازیی لێ پەیدا دەبێت و بەردەوام لەبەر جیاوازیی ئایین، كانیاوی خوێن خوڕەی دێت، وەلێ ئەدەب و هونەر و موسیک، خەڵكانی جیاواز دەكەنە دۆست و خۆشەویستی یەكدی. دەشێت موسڵمانێک، كریستیانێک و جوویەک به زەبری جادووی هەمان ئاواز سەما بكەن و بەهەمان فیلم یان ڕۆمان سەرسام بن. پێر لاگەركڤیست لە دەقی (جەللاد) دا كە ١٩٣٣ ئەو ساڵەی هیتلەر دەسەڵاتی گرتە دەست، نووسیویەتی، لەسەر زاری جەللادەوە، دەڵێت: (جێییەك نییە، ڕێی ئینسانی تێ كەوتبێت و من خەڵتانی خوێنم نەكردبێت.) ئەوە قسەی جەللادە لەو تێكستەی (پێر لاگەركڤیست) دا كە هەر لە قسەكەی حەججاج دەچێت.
ئەوی نیازی خۆكوشتنی هەبێت، گوێ بە قسەی كۆمەڵ نادات، شاعیریش خۆكوژانە دەنووسێت. ئەوی دووچاری خەمۆكی هاتبێت، دوورەپەڕێزی هەڵدەبژرێت، هەست به هەبوونی دەوروبەر ناكات و بیر لە داهاتوو ناكاتەوە. چونكە زۆر لایەنی هاوبەش لەنێوان شاعیرو ئەوانەدا هەیە كە تووشی خەمۆكی هاتوون، ئەوە بۆیە زۆرجار شاعیریش وەكوو خەمۆک، بیر لەخۆكوژی دەكاتەوە، ئەوە بۆیە بە دەیان شاعیر خۆیان كوشتووە، كە شاعیر وەختێكی زۆر بۆ داڕشتنی ڕستەیەكی جوان تەرخان دەكات و كەسێک نییە بایەخ به شیعری بدات، ناهەقی نییە، دووچاری نائومێدی و تەنانەت خەمۆكییش ببێت.
نیزار قەبانی دەڵێت: (نووسین هونەری خۆ تووشی سەرئێشەكردن و خۆ تێوەگلاندنە، نووسین نە مافوورێكی ئێرانییە، بۆ نووسەر ڕاخرابێت تا بەسەریدا بڕوات، نە بالیفێكیشە لە پەری چۆلەكه، تا سەری تێدا نوقم بكات. نووسەر دەبێت وەک ئەسپێكی كێوی، ڕووت بێت و زین ڕەت بكاتەوە.) نووسەر هەر كە بوو به بەشێک لە دەسەڵات، هەر كە بوو بە كوێلەی قازانجە تایبەتییەكانی خۆی، ئیدی ناپاكی لە نووسین دەكات و پێی ناكرێت ڕۆڵی نووسەر وازی بكات، ئیدی خەونەكانی پڕ دەبن لە مۆتەكە و ژیانی دەبێت بە بیابانێک لە نائومێدی.
زمانی نووسەری داهێنەر لە چوارچێوە دێرینەكاندا گیر ناخوات، نابێتە كۆیلەی ڕەوانبێژی کۆن و دەربڕینە دێرینە مردارەوەبووەكان، تاڤگە ئاسا دەڕژێتە نێو ژیانەوە، چونكە مۆلێر، شەكسپیر و گۆتە، گۆڕانكاریی بنەڕەتییان لە زماندا كردووە، بۆیە فەرەنسایی بە زمانی مۆلێر، ئینگلیزی بە زمانی شەكسپیر و ئەڵمانیایی بە زمانی گۆتە نێوزەد دەكرێت. بە ڕاست هەقی خۆی نییە زمانی كوردییش، بە زمانی (گۆران) ناو بنرێت؟ ئەگەر زمانی نووسینی ئافرەتێک، بۆن و بەرامەی (مێ)ی لێ نەهات، ئەوا یان نووسەر نییە، یان ژن نییە.
شاعیری چاک ملكەچی هیچ دەقێكی دەرەوەی ناخی خۆی نییە، وابەستەی ئەو ئینجیلەیە كە لە سنگی خۆیەوە هەڵدەقوڵێت، ئەوە بۆیە ئەو شیعرەی هەڵقوڵاوی ناخە، هەمیشە ژیانی لێ دەچۆڕێت و لەسەر زاران و لەبەر دڵانە، وەلێ ئەو شیعرەی گوێڕایەڵی دەسەڵاتێكی دەرەوەی ناخی شاعیرە، مەگەر ئەنتیكخانە داڵدەی بدات. شیعری چاک سەر بۆ هیچ ڕێسا و سانسۆرێک نەوی ناكات، ئاخر ئەگەر وای كرد، ئەوە ڕێسا و سانسۆرن شیعر دەڵێن نەك شاعیر، ئاخر ئەوسا دیوانی شیعر دەبێتە كۆقەبری هەستی جوان و مانای باڵا.

