فازڵ میرانی
هەق: دژی باتڵە؛ لەو مەودا ڕەها زمانەوانی و بەکارهێنان و وەسفگەرییەی نێوان ئەم دوو دژە، ململانێ سەر هەڵدەدات. ململانێیەک لە بنەڕەتەوە نادادپەروەرانەیە. هەر کاتێک هەق بێتە کایەوە، باتڵ دەبێتە یەکەمین و سەختترین و بەردەوامترین دوژمنی. لە هەر کوێیەک حەق سەر هەڵبدات، لە بەرامبەریدا باتڵ شین دەبێتەوە. وەک چۆن حەق ئاماژە بە دژەکەی خۆی دەکات، باتڵیش بە هەمان شێوە ئاماژە دەکات، بەڵام دان بەوەدا نانێت کە خۆی باتڵە، بەڵکوو خەسڵەتی ناڕاستی و باتڵبوونی خۆی دەخاتە پاڵ حەق.
حەق دنیایەک ڕووی هەس، بەجۆرێک ناتوانرێت تایبەتمەندییەکانیان بژمێردرێن، ئاڕاستەکانی حەقیش سنووردار ناکرێن، بەڵام دەکرێت لەوەدا کورت بکرێنەوە کە بە چییەوە بەستراونەتەوە: بەستراونەتەوە بە مرۆڤ و خودی خۆی، مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و پەروەردگار، مرۆڤ و زیندەوەرانی ترەوە. لەمانەشەوە تایبەتمەندییەکان لق دەکێشن و نیاز و کردارەکان بەپێی بیروباوەڕ و یاسا تێکەڵ بەیەک دەبن.
چەندە کڵۆڵە ئەو مرۆڤەی حەق دەناسێت و ئینکاری دەکات، چەندەش کڵۆڵترە ئەگەر ببێتە ڕابەری بڵاوکردنەوەی بیری باتڵ و خەڵکانێکیش شوێنی بکەون کە دژایەتی حەق دەکەن.
مافەکانمان لە دەست باتڵ و لایەنگرانی، ئەوەندە مەینەتییان چەشتووە کە هیچ شتێک نیشان نادات بێجگە لە قەبارەی گەمژەیی پەیڕەوانی باتڵ، هەرچەندە خۆیان یان خەڵکان تر پێیان وابێت، کە ئەوان بلیمەتن؛ چونکە هەڵگری بیری باتڵ ناتوانێت مرۆڤێکی ژیر بێت، خۆ ئەگەر واش بێت و بڕیار بدات ژیرییەکەی لە پێناو باتڵدا بەکار بهێنێت، ئەوا خراپترین پێگە، کۆتایی، مێژوو و سەختترین لێپرسینەوەی بۆ خۆی هەڵبژاردووە.
ئەوانەی شەڕ لەگەڵ مرۆڤ دەکەن لەسەر مافی ژیانی و ئەو مافانەی لە چوارچێوەی ژیاندا هەیەتی، دوو تاقمن: نەزانێکی بێئاگا، و ئەنقەستکارێکی بەئاگا (هۆشیار). لێرەدا باسی مافەکانی خۆمان دەکەم و هەرگیز مافی کەسانی دیکە ڕەت ناکەمەوە، بەڵام لەم وتارەدا، لە ڕوانگەی لەپێشینەبوون و تایبەتکردنەوە، لەسەر مافەکانی خۆمان دەدوێم؛ ڕابردوو و ئێستا وەبیر دەهێنمەوە لە بزووتنەوەماندا بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان، لە بەرامبەریشدا جووڵەی لایەنی بەرامبەر لەسەر ئەم مافانە بەو باتڵەی کە هەیەتی.
هەر کاتێک ئەو سوورەتانەی قورئان دەخوێنمەوە کە تێیاندا وەسفی هەوڵی بێبڕواکان هاوبەشدانەران و دووڕووان بۆ ڕووشاندن و تێکدانی پەیامی حەق کراوە، گوزارشتێکی بەردەوام و زنجیرەیی لە هەوڵی ئەم سێ قۆڵییە دوژمنەی حەق بەدی دەکەم؛ هەوڵێک کە تەنیا ئەو حەقە ناکاتە ئامانج کە تایبەتە بە ڕاستگۆیی پەیامە ئاسمانییەکان و جێگیربوونیان لەسەر زەوی (کە دەبێتە هۆی پاشەکشەی هێزەکانی باتڵ)، بەڵکوو ئەم هەوڵدانە لە هەموو ڕووەکانی دیکەی حەقیش دەدات.
کوفر چەترێکی فراوانترە بۆ خراپەکاری، لە زمانەوانیدا بە واتای “شاردنەوە” دێت، لە زاراوەشدا بە واتای “ئینکاریکردن و نکۆڵی”. وەک چۆن لە پێناسە ئاینییەکەدا “کفر” بۆ دوژمنانی ئاین هەیە، بە هەمان شێوە جۆرێک لە کفر و نکۆڵی لای دوژمنانی مافەکانی تریش هەیە، لەوانەش مافی هاووڵاتیبوون، کە ئێمە زۆرمان لەم جۆرە چەشتووە؛ بە جۆرێک کە فەرمانڕەوا و ڕژێمگەلێک هەبوون، نکۆڵییان لە مافی ژیانی ئێمە کردووە.
ئەوانەی ڕێگرییان لە مافەکانمان کرد لە فەرمانڕەواییکردنی خۆماندا، کفریان بە هەموو شەریعەتێکی لێبوردە کرد کە بانگەشەی بۆ دادپەروەری و یەکسانی دەکرد. بە هەمان شێوە ئەوانەش کە چەک و قسەیان لە دژی ئێمە کۆکردەوە بۆ ئەوەی لە باتڵەکەی خۆیان حەق، لە حەقەکەی ئێمە باتڵ دروست بکەن.
ئێمە پێویستمان بە سەلماندنی هەبوونی مافەکانمان نییە، چونکە ئەوە لە دەقە ئاسمانییەکان و ڕێڕەوی دادپەروەریی مرۆڤدا جێگیر بووە؛ هیچ لە عەقڵەوە نزیک نییە ئەگەر پێمان وابێت ناوەرۆکی باتڵ دان بە مافی ئێمەدا دەنێت، چونکە بەم کارە خۆی تاوانبار دەکات بەوەی کە لە خاڵی پێچەوانەی حەقدایە. ئەم خەسڵەتەش هاوشێوەی بەسەرهاتی ئەو کەسەیە کە لە ڕۆژی [جەنگی] بەدردا خوێن دەموچاوی داپۆشیبوو و پرسی:
سەرکەوتن بۆ کێ بوو؟ کاتێک پێی گوترا بۆ خودا و پێغەمبەرەکەیەتی، کەچی ئەو سوور بوو لەسەر کەلەڕەقییەکەی و داوای لە وەڵامدەرەوەکەی کرد سەری ببڕێت و بەرزی بکاتەوە سەرڕمێک، تەنیا بۆ ئەوەی خەڵک بزانن کە بە دڵسۆزی بۆ بتەکە مردووە.
لە سیاسەتیشدا، هاوشێوەی بواری فەرمانڕەوایی، کەسانێک هەن کە خاوەنی خەسڵەتەکانی کفر، دووڕوویی (مونافیقی) و لادانن (مەبەست لێی لادانە لە ئامانجی حەق).
دۆزی ئێمە لە سەرەتادا جیاوازییەکەی لە دوو مانا و کردارێک زیاتر تێناپەڕێت، پاشان مەوداکە فراوانتر دەبێت؛ دۆزی ئێمە داواکردنی حەقە، چ ئەو مافەی بۆمان هەیە یان ئەو ئەرکەی لەسەرمانە، چونکە هیچ مافێک بێ ئەرک نابێت. لەبەر ئەوە، بۆ ئەوەی کەس بیانوو بە بیروباوەڕی خۆی نەهێنێتەوە، خەڵک پەنایان بۆ چوارچێوەیەکی کۆکەرەوە بردووە بە ناوی “دەستوور”، کە بەپێی ئەو، بەشێک لە خەڵکی مافەکانی خۆیان دەستنیشان کردووە و بە تەواوەتی داوای دەکەن؛ ئەمەش بۆیان پارێزراوە، بەو مەرجەی ئەوانیش پابەند بن بە مافەکانی بەرامبەرەوە ئەگەر پەیوەست بێت بە مافی ئەوانەوە. فەرمانڕەوا مافی دەسەڵاتی هەیە، بەڵام بە مەرجێک کە کارەکەی بە دادپەروەری و شارەزاییەوە ئەنجام بدات و لەسەری بەردەوام بێت، چونکە لە دۆخێکی پێچەوانەدا، مەرجەکانی گوێڕایەڵیکردنی هەڵدەوەشێنەوە.
درێژەی هەیە…

