رۆژنامەی ھەولێر

قەوارەی هەرێم؛ بەرهەمی خوێنی خەڵکە نەک کاڵای بازاڕی ململانێی حیزبی

نووری بێخاڵی
سەیرە؛ هەر کاتێک ململانێ و کێبڕکێی سیاسی لە نێوان هێز و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دەگاتە بنبەست یان توندوتیژیی لێ دەکەوێتەوە، یەکێک لە بەرەکان هانا بۆ چەکێکی کۆن و ژەهراوی دەبات؛ بازرگانیکردن بە قەوارەی دەستووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای بەغداوە!
ئەم هاوکێشە چەوتە، کە پێشتر لە لایەن چەند هێزێکی ترەوە تاقیکرایەوە و لەم دواییانەشدا لەسەر زاری بازرگانی سیاسیی هەڵتۆقیوەوە وەک قەوانێکی کۆن لێ درایەوە، نیشانەی تێنەگەیشتنێکی قووڵە لە مێژوو، یان پشتگوێخستنی بەئەنقەست و بێباکانەی ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەیە کە دەڵێت: هەرێمی کوردستان موڵکی هیچ حیزب و سەرکردەیەک نییە تا لە ڕق و قینی بەرامبەرەکەی، بەغدا بکاتە قامچی بەسەر جەستەیەوە.
ئەوانەی وا بیردەکەنەوە کە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان تەنها دەقێکی یاسایی یان دەستووریی دوای ساڵی ٢٠٠٣یە کە بەغدا بە بەخشندەیی دابێتی پێمان، کورت بینن. پێش ئەوەی ئەم هەرێمە ببێتە ستاتۆیەکی ددانپێدانراوی نێودەوڵەتی، بەرهەمی پتر لە سەت ساڵ خەبات، قوربانیدان، ئاوارەیی و ڕابوونی نەتەوەیی خەڵکی کوردستانە.
ئەم قەوارەیە لەسەر ڕووباری شەهیدان، کیمیاباران، گۆڕغەریبەکانی ئەنفال، وێرانکردنی گوند و ئاواییەکان، کوێرکردنەوەی کانیاو و کارێز، سووتاندنی ژینگە و ژیانی کوردستان و فرمێسکی دایکانی ڕەشپۆش بونیاد نراوە. لێدانی ئەم قەوارەیە و ناردنی پەیامی لاوازی بۆ بەغدا بەهۆی تووڕەیی لە ڕکابەرە سیاسییەکان، هەڵگەڕانەوەیە لە بەها و بەرپرسیارێتییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، هەڵگەڕانەوەیە لەو خەونە مێژووییەی کە تاک بە تاکی کورد لە پێناویدا گەورەترین باجی داوە.
ڕەخنەگرتن لە حکوومەت، لێپرسینەوە لە گەندەڵی و شەڕی سیاسی بۆ چاکسازی، مافێکی سەرەتایی و دەستووریی هەر هێزێکی سیاسی و هەر هاووڵاتییەکی ناڕازییە. دەکرێت مرۆڤ توندترین ڕەخنەی لە حیزبەکانی دەسەڵات هەبێت، بەڵام هەرگیز نابێت هێڵی سووری نیشتمانیی خۆی ببەزێنێت.
شکاندنی شکۆی هەرێم لە بەغدا و هاندانی ناوەند بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی کوردستان، خزمەت بە پرۆسەی دیموکراسی و بەرژەوەندیی خەڵک و داهاتووی نەوەکانمان ناکات، بەڵکوو گەڕانەوەیە بۆ دواوە و ڕادەستکردنەوەی ئیرادە و بڕیاری سیاسیی گەلێکە بە لایەنێک کە هێشتا لە عەقڵییەتی ناوەندگەرێتی ڕزگاری نەبووە.
حیزبەکان و سەرکردەکان دێن و دەچن؛ هێزە سیاسییەکان بەپێی کات گەورە و بچووک دەبنەوە، بەڵام ئەوەی دەبێت وەک قەڵایەکی نەپساوە بمێنێتەوە، قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستانە.
لەم ڕوانگەیەوە، گەوجاندنی شەقام و بەکارهێنانی سۆزی خەڵک بۆ مەرامی حیزبی و بەرژەوەندیی تایبەتی لە ڕێگای لێدانی پایەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان، یارییەکی مەترسیدارە کە دوژمنانی کورد زیاتر تێیدا براوە دەبن.
بۆیە لە دەرەوەی هەر پابەندییەکی حیزبی و ئینتمایەکی ئایدیۆلۆژی، وەک بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی، نەتەوەیی، نیشتمانی و ئەخلاقی لە بەرامبەر خەبات و خوێن و قوربانیدانی گەلەکەمان، ئەوە ئەرکی بێ چەندووچوونی ڕۆژنامەنووسان، ڕۆشنبیران و تەواوی کۆمەڵگای مەدەنییە کە ڕێگا نەدەن خوێنی شەهیدان و ڕەنجی سەت ساڵەی ئەم گەلە ببێتە سووتەمەنی ناکۆکیی سەقەتی سیاسی و ململانێی حیزبەکان.
کوردستان هی هەمووانە و پاراستنیشی ئەرکی هەمووانە، نەک ئەوەی کە لەناو گێژاوی ناکۆکیی حیزبی و ملشکاندنی سیاسیدا و لەژێر کاریگەریی گوتاری پۆپۆلیستیی ئەم کاراکتەری هەلپەرست و ئەو هێز و گرووپی سیاسیی بەرژەوەندخواز، دەستبەرداری ئەو خاکە میراتەی خەبات و خوێنی خەڵک بن بن و پشت بکەنە ڕابردووی پڕ قوربانیدان و ئێستا و ئاییندەی نەتەوە و نیشتمانەکەیان.