رۆژنامەی ھەولێر

پڕۆژەی ئاوی (دووکان – سلێمانی 3) چووە بواری جێبەجێکردنەوە و کێشەى کەمئاوی لە سلێمانی کۆتایی پێدێت

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەنگاوێکی ستراتیجیدا بۆ بنبڕکردنی کێشەی کەمئاوی، پڕۆژەی ئاوی (دووکان – سلێمانی ٣) جێبەجێ دەکات. پڕۆژەکە قۆناغی نەخشەسازیی بەتەواوی بڕیوە و ئێستا قۆناغی جێبەجێکردنی دەستی پێ کردووە.

ئەم پڕۆژەیە توانایەکی زۆری هەیە و کۆی بەرهەمهێنانی ئاوی پاک تێیدا دەگاتە ٢٠ هەزار مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا. لە قۆناغی یەکەمیشدا، ١٠ هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە لە کاتژمێرێکدا بەپێی بەرزترین ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ هاووڵاتییان دابین دەکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش، تانکییەکی سەرەکی بە قەبارەی ٤٠ هەزار مەتر سێجا، بۆ پڕۆژەکە دروست دەکرێت و لەوێوە ئاو دەگوازرێتەوە بۆ ناو شاری سلێمانی.

پڕۆژەکە ڕاستەوخۆ بە تۆڕی ئاوی سلێمانییەوە گرێ دەدرێت و تەواوی هاووڵاتییان لێی سوودمەند دەبن، هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنیدا، تۆڕی ئاو بۆ شارە نیشتەجێبووەکان و گەڕەکەکانی ناو شار ڕادەکێشرێت.

یەکێکی دیکە لە سوودە گرنگەکانی ئەم پڕۆژەیە ئەوەیە، لە وەرزی کەمئاویدا کانیاوی سەرچنار پاراو دەکات؛ ئەمەش وا دەکات ئەو گەڕەکانەی لەسەر ئەو کانیاوە ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین دەکرێت، لەو وەرزەدا هەرگیز بێئاو نەبن.

بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی لەم بارەیەوە بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند:” پڕۆژەکە بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت و ئێستا لە بوارى جێبەجێکردندایە؛ هەموو گەڕەک و شوێنەکانی سلێمانییش دەگرێتەوە، چونکە تێکەڵکردنەوەیەکی گشتگیری تۆڕەکانی ئاوی بۆ دەکرێت، تاکوو هیچ گەڕەک و شوێنێکی نیشتەجێبوون نەمێنێنت، کێشەى کەمئاویی هەبێت.”

جێگەی باسە، دروستکردنی ئەم پڕۆژە خزمەتگوزارییە، بەتەواوی پشت بە دەستی کاری ناوخۆیی دەبەستێت. بە تەواوبوونیشی، کێشەی کەمئاوی لە شاری سلێمانی بۆ دەیان ساڵی داهاتوو بەیەکجاری چارەسەر دەکرێت.