هاودەنگ فارووق
لەم قۆناغە هەستیار و چارەنووسسازە سیاسییەی هەرێمی کوردستاندا، چیتر بوار بۆ گوتاری میدیایی توند و دروشمی بێناوەڕۆک نەماوەتەوە. پێویستە حزبەیلی هاوپەیمانی زیندان، واز لە گوتاری چەواشەکاری و هاتوهاواری پشت مایکەکان بهێنن و بەرپرسیارێتییە سیاسی و ئەخلاقییەکانیان بەرامبەر بە هاووڵاتییان بگرنە ئەستۆ.
ڕەتکردنەوەی بەردەوامی دەستپێشخەرییەکان بۆ دیالۆگ و هەڵاتن لە بەرپرسیارێتی لەلایەن هاوپەیمانی زیندان، نیشانەی نەبوونی دیدگایەکی ڕوونە بۆ داهاتوو؛ چونکە مێژوو سەلماندوویەتی کە سیاسەت و خزمەتگوزاری بە کردارە، نەک بە دروشمی خەیاڵاوی، کە هیچ دەرئەنجامێکی بەرهەمداری بۆ سەر ژیانی خەڵک نییە.
پەرلەمانی کوردستان، وەک ماڵی گەل، تاکە مەرجەع و دامەزراوەی یاسایی و دەستوورییە، بۆ گفتوگۆکردن و چارەكردنی تەنگژە و ململانێ نێوخۆیییەکان. ئەگەر ئەوحزبانەی بەربەستی پێكهێنانی حكوومەتن، ڕاستگۆن و مەبەستیانە بەرگری لە مافەکانی خەڵک بکەن، پێویستە گوتارو ڕەخنە و بەرنامەکانیان بهێننە ناو پەرلەمان، لە ژێر سایەی یاسا و بە شێوازێکی دیموکراتییانە، بەدوای چارەسەری ڕاستەقینەدا بگەڕێن.
ئاخر مانەوەیان لە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان و بەردەوامبوون لەسەر عینادیی سیاسی، پاساوێکی نادروستەو خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی، کە هیچ سوودێک بە خزمەتی نیشتمان
ناگەیەنێت، ئەو دوو هاوپەیمانە وەرزییە زۆرجار لە میدیاکاندا باسی هەڵكشانی ژمارەی کورسییەکانیان دەکەن . بەڵام پرسیار ئەوەیە: ئەگەر بە ڕاستی باوەڕیان وایە پشتیوانییەکی گەورەی جەماوەری و کورسیی زۆریان دەستكەوتووە، بۆچی ئەو هێزە لە شوێنی ڕاستەقینەی خۆیدا بەکارناهێنن؟
باشترین پێوەر بۆ سەلماندنی هێزی سیاسی، حەرەمی پیرۆزی پەرلەمانە، نەك شانازی سەپاندنی ئیتیفاقی بەتۆبزیی زیندانی هەڵتۆقیوێك، ئەگەر لە بەر ڕەحمەتی زیندان، كورسی زۆر بووە، فەرموون کورسییەکانتان بەرنە ناو پەرلەمان و بیکەنە ئامرازێك بۆ گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی كابینەی دەیەم، چاکسازی لە دامەزراوەکان و چارەكردنی کێشەکانی هاووڵاتییان، نەک تەنیا بۆ بانگەشەی میدیایی .
لەم قۆناغەدا، پێویستە هەمووان بزانن کە لاپەڕەکانی مێژوو بە گوتاری سیاسی و هاواری بێکردار ناڕازێنێتەوە، بەڵکوو تەنیا ناوی ئەو کەس و لایەنانە دەنووسێتەوە کە ئازایەتی ئەوەیان هەبووە لە ڕۆژگارە سەختەکاندا، بەوپەڕی سەربڵندییەوە، بەرپرسیارێتی نیشتمانی و نەتەوەیی هەڵبگرن و لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانەوە ڕاستگۆیانە کار بۆ باشترکردنی ژیانی دەنگدەران و هاونیشتمانیانی خۆیان بکەن.

