یاسین قادر بەرزنجی
د. عادل محەمەد کەریم
جوانترین خەسڵەت بۆ مرۆڤی هونەرمەند توانست و بەهرەمەندی و کاراکتەری لەخۆبردوو و خاوەن ئاکاری جوانە لە نێوەندە هونەرییەکەدا و، لە کۆمەڵگادا، بە دڵنیاییەوە هەموو ئەوانە لە هونەرمەندی ئازیز مامۆستا عادلدا کۆ بوونەتەوە.
ئەو ساڵی ١٩٩١ بەشی موزیکی ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی بەغدای تەواو کردووە و ساڵی ٢٠١٣ بڕوانامەی ماجستێری بەدەست هێناوە و ساڵی ٢٠٢٣ بڕوانامەی دکتۆرای بە پلەی نایاب لە زانستی موزیکدا لە کۆلیژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەلاحەدین وەرگرتووە.
ئەم هونەرمەندە ئەکادیمییە لە زووەوە وەک ژەنیار و ئاوازدانەر و ئامادەکاری موزیک بەرهەمی بوونەتە نیشانەیەکی بەنرخی موزیک و گۆرانی کوردی، وەک مامۆستاو پەروەردەکار و راهێنەریش دەیان خوێندکاری پێگەیاندووە، کە ئێستا بوونەتە هونەرمەندی ئومێدبەخش.
مامۆستا عادل لە دوای ڕاپەڕین بووەتە ئەندامی تیپی مۆسیقای سلێمانی و دواتربەڕێوەبەری هونەری و ئێستا سەرۆکی ئەو تیپەیە.
دامەزرێنەری یەکەم ئۆرکسترای فەرمییە لە سلێمانی و ئاوازو ئامادەکردنی موزیکی داناوە بۆ ئەو هونەرمەندانە:
حەمە جەزا، حەمەڕەووف کەرکووکی، عەبدولقادر حەسەن، ئازاد خانەقینی، ئەمەل سەعید کوردە، عەباس محەمەد و کیژان ئیبراهیم و چەندینی تر.
خاوەنی زیاتر لە ١٠٠ وتار و توێژینەوەیە سەبارەت موزیکی کوردی و جیهانی، ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و کۆمەڵەی فۆلکلۆر و کەلەپووری کوردە، دوو سروودی بۆ نەورۆز و یەکێکی بۆ سلێمانی داناوە و، لە بواری شانۆ و دراماشدا بەشدارییەکی بەرچاوی بووە، لەوانە دانانی موزیک بۆ ئەو درامایانە: ڕەشەی پۆلیس، شەوچەرە و، چارەنووس.
مامۆستای ئازیزمان، بە قەڵەمە بەبڕشتەکەی و بە زانیاری و ڕۆشنبیرییە قووڵ و فراوانەکەیەوە، خاوەنی چەندین توێژینەوەیە بە میتۆدی زانستی، لەوانە وەرگێڕانی(چۆن چێژ لە موزیک وەربگرین)، توێژینەوەکانی دیکەشی لەمەڕ ڕابەرانی ئاواز و گۆرانی کوردی، بە دەرخستنی ڕەهەندەکانیان،کە ئەوانیش بریتین لە مامۆستایان (حەسەن زیرەک، شەماڵ سائیب، کەریم کابان و عوسمان عەلی)، بوونەتە چوار کتێبی دەگمەن و بەنرخی کتێبخانەی کوردی، لە ئێستاشدا (ڕەهەندەکانی حەمەساڵح دیلان)ـــەکەی ئامادەیە بۆ چاپ.
ئەم هونەرمەندە هێژایەمان خاوەنی چەندین خولی موزیکە و، دادوەری چەندین بەرنامە و، پێشبڕکێی موزیک بووە.
یەک لە یادگارییە شیرینەکانی ژیانم، کارکردنم بووە لە بواری ڕۆژنامەگەریی هونەریدا، بە تایبەت لە گۆڤاری (شاکار)دا لەگەڵ هونەرمەندە خاوەن قەڵەمەکان، براکانم عادل محەمەد کەریم و دیاری قەرەداغی و
وەهبی ڕەسووڵ و شۆڕش محەمەد، وێنەی جوانییەکانی ئەوان لە دەروونمدا چەسپیوە.
سەرفراز بیت کاک عادلی خاوەن بەخشش، کاک عادلی سەرچاوەی جوانی و داهێنان، هەر بەردەوام بیت براکەم، کە خۆیشت دەنگ و رەنگی ئاوازێکی بەسۆزت گرتووە.

