رۆژنامەی ھەولێر

دەبێ میللەت تاوانبار نەبێت؟!

شێرکۆ حەبیب

میللەتی کورد یەکێکە لەو میللەتانەی کە زیاتر لە سەدەیەکە هەوڵ و تێکۆشانی لە پێناو ئازادی و گەیشتن بە سادەترین مافی ژیان لە زێدی باب و باپیرانی دەدات، بۆ ئەم مەبەستەش دەیان شۆڕشی بەرپا کردووە دژی دوژمنانی، هەزاران گیانی پاکی کردۆتە قوربانی، هەزاران لاوی لەو پێناوە گیانی خۆیان بەخشیوە، هەزران شارۆچکە و لادێ ئاسەواریان نەماوە وێرانکراون، جگە لە گۆرینی دیمۆغرافی و بە عارەبکردنی چەندین شار و شارۆچکە، جگە لە دەربەدەری هەزاران هەزران نەوەی ئەم میللەتە ستەم دیدە.
لە دوای راپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ١٩٩١ و ڕزگارکردنی زۆربەی ناوچە کوردنشینەکان بە هەوڵ و هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە و جەماوەر و خوێنی شەهیدان و بەرگری دەیان ساڵی پێشمەرگە قارەمانەکان، توانرا یەکەم هەڵبژاردنی ئازاد ئەنجام بدرێت لە کوردستانێکی ئازاد کراو لە دەسەڵاتی رژێمی عێراق، و لە ئاکام پێکهێنانی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم لەسەر بنەمای پەنچا بە پەنچا، کە بەداخەوە لەسەرەتا وا بیری لێکراوە کە هەنگاوێکی بە سوود دەبێت بۆ بەرێوەبڕدنی کاروباری کوردستان، بەڵام بە پێچەوانە وا نەبوو بەڵکو دووبەرەکی لێکەوتەوە کە تا ئەمرۆش ئاسەواری ماوە (با خۆمان هەڵنەخەتێنین ئاسەواری ماوە، کە ئەمە ئاواتی هیچ تاکێکی دڵسۆزی ئەم میللەتە نییە) لە ئاکام شەڕێکی ناوخۆی نەخوازیار ڕوویدا، کە میللەت باجەکەی دا، ئەو میللەتەی تا ئەمرۆش باجی کوردبوونی دەدا کە دوژمنان لە هەوڵی پیلانن دژی، ئەو میللەتەی کە هیچ ساتە وەختێک لە مافی خۆی زیاتری داوا نەکردووە، هەردەم گوند و لادێکانی پەناگای هێزە سیاسییەکان بووە، نەک تەنیا هیزە کورد و کوردستانییەکان بەڵکو سەرجەم لایەنەکانی ئەوکاتی عێراقی ئۆپۆزسیۆنی دژی رژێمی عێراقی، هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە هەردەم هاوکار و پشتیوانی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان بوون کە گیانی خۆیان بۆ ئەم خاک و نەتەوەیە تەرخان کردبوو.
لە دوای راپەرینە مەزنەکەی بەهاری سالی ١٩٩١ کورد لەو باوەرەدا بوو کەوا ساتی ئەوە هاتووە بتوانێت مافەکانی بەدەست بهێنێت لە خاکەکەی بە ئارامی بژیەت، لەگەڵ ئەو هەموو ناکۆکییانە نێوان هێزەکانی کوردستان، بەڵام لەگەڵ سەرجەم ئەو بوارەی هاتە پێش توانی زاڵ بێت بەسەر شەڕی داعش و پەتای کۆرۆنا و گرفتی ئابووری و دارایی کە ئەمەیان حکوومەتی عێراقی هۆکارە، بەڵام میللەت سەربەرزانە ئەو قەیرانانەی بەڕێکرد.
لەگەڵ ئەوەش میللەت بۆ پاڵپشتی کوردستانێکی ئازاد و پشتگیری ئەزموونە دیموکراسیەکەی و پاراستنی قەروارەی هەرێمی کوردستان بە جۆش و خرۆشەوە روویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد بۆ هەڵبژاردنی نوێنەری خۆیان لە پەرلەمان و حکوومەت، بەڵام ئەوەی جێگای داخە وا لە دوو ساڵ نزیک دەبێتەوە نە پەرلەمان کارایە و نەکابینەی حکوومەت پێکهاتووە، کە ئەمەش نیگەرانی لای هاووڵاتیان دروست کردووە، لە سەرتاپای دونیا و لە وڵات و دەسەڵاتی دیموکراسی ئاکامی هەڵبژاردنەکان پێوەرە بۆ پێکهێنانی حکوومەت، و دەبێ هەموو لایەک وەک دەڵێن بەقەدەری خۆی رازی بن، و ئەمە کۆتای دونیا نییە، و گرنگە لەسەر ئەو پێوەر و بنەمایە هەڵسوکەوت و رەفتار بکەن، نەک هەرەشە و بەکارهێنانی وشەی نەشیاو.
لە دوا پەیامیدا بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆز سەرۆک بارزانی داوایکرد کەوا سەرجەم لایەن و حزبەکان گفتوگۆ بکەن و ئەو گرفت و قەیرانانەی لە ئارادایە لەبەردەم کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنای حکوومەت چارەسەری بکەن، هەڵبەتە ئەم تێروانین و دیدەی جەنابی سەرۆک بارزانی لە هەستکردن بە ترسناکی بارودۆخەکە و دڵسۆزی بۆ گەل و نیشتمانە، بەڵام بەداخەوە هەندێ لەو حزبانە گرفتی زیاتریان خستە بەردەم گفتوگۆکان و زیاتر لێکترازان، داواکردنی نیوەی پۆستی حکوومەت و سەرۆکی هەرێم ماناکەی روونە کە هەنگاو نانێن بۆ چارەسەری گرفتەکان، چونکە لە هیچ وڵاتیکی دیموکراسی نەبووە لە ئاستی کورسییەکانی پەرلەمان داوای پۆستی زیاتر بکەن، لە راستی گرنگە ئەو پەیامەی سەرۆک بارزانی بەهەند وەربگرن و سوود لە ئەزموونی سیاسی و کوردایەتی ئەو وەربگرن.
ئەوەی سەیرە سەرجەم ئەو لایان و ئەندامانی سەرکردایەتییەکانیان لە بۆنەکان پێکەوە لە پاڵ یەکن و کاتێک رۆژنامەنووسێک یا میدیاکارێک پرسیاریان لێ دەکەن، دەڵێن پەیوەندییەکانی نێوانمان ئاسایییە و هیچ گرفت نییە و ئێمە دەرگامان کراوەیە بۆ گفتوگۆ، و پۆست گرنگ نییە و تەلەفۆن لە نێوانمان داهەیە خۆزگە وا بێت کوردەواری دەڵێ “کوێرە چت دەوێت دەڵێ دوو چاوی ساغ” میللەتیش ئەوەی دەوێت تەبایی و پێکەوە ژیان. لەوەش سەیر و سەمەرەتر دەڵێن کەس لەم حکوومەتەی ئیستا رازی نییە، ئەگەر وایە بۆ بەشدارن لە حکوومەت، ئایا دەنگی زیاتر لە ملیۆنێک و سێ سەد هەزار بەڵگەی حاشا هەڵگر نییە کەوا میللەت لەگەڵ ئەو حکوومەتەیە ئەگەر نا قەسەم بەخوا پارتی ئەوەندە دەنگەی نەدەهێنا ئەگەر ئەدای حکومی و حزبایەتی لە ئاستی پێویست نەبووایە، ناڵیم هەموو شتێک سەد لە سەدە بەڵام زۆریش کراوە، ئەوە کارەبای ٢٤ کاتژمێری، رێگا و بان و بەنداوەکان، لەسەرووی هەموویانە ئارامی و ئاسایش. و زۆریش ماوە…
بەڵام وا دیارە ئەو میللەتەی ساڵەهای ساڵانە خەباتی کردووە و پێشمەرگە خوێنی رشتووە و شەهیدی داوە، بەگری لە کوردستان کردووە، هۆکار ئەوانن بۆیە وەک میللەت تاوانبارین !