رۆژنامەی ھەولێر

خــــــــــــــــــــــەوزڕان️

عەبدولڕەحمان فەرهادی

کە منداڵ بووم
شەو لە سەربان، وەختی نوستن
لەتەک دایکم، لە ئاسمانێ
مانگی داسوولکەییم دەدی،
دەگریام و دەمگوت دایە
ئەمن مانگی خڕم دەوێ.

دایکم هەر زوو
بەوە کڕی دەکردمەوە:
بوەستە کوڕەکەی دایە
قیچێکی دی،
مانگ لەودیوی
منارەی مزگەوتەکەوە
ئاودیو دەبێ،
ئینجا خڕخڕ دەردەکەوێ.

تا مانگ لەوێ ئاودیو دەبوو
ئەمن دەکەوتمە حەوت خەوێ.

ئێستە
پێروو و تەرازوو سووڕ دەخۆن
دێن و دەچن
ڕێی کاکێشانیش پڕ دەبێ لە ئەستێرە
گشتیان دەڕۆن و دێنەوە
هەموو شەو و هەیڤەشەوێ،
مانگی داسوولکەیی و خڕیش
زۆر دەبینم
کەچی چاوانم قەتوقەت
ناچنە خەوێ.