دیمانە: حەسەن حەمەد ئاندێکی
وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هەرێم، ئیبراهیم عه‌بدولمه‌جید، لە دیمانەیەکدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر، تیشکی خستەسەر شێوازی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان و هاتنی ڕێژەی گەشتیاران بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی کوردستان.
دۆخی ئێستای گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
لە چوارچێوەی ستراتیژی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی (ڕێزدار مەسرور بارزانی)، بە مەبەستی بووژاندنەوەی ئابووری هه‌رێمی كوردستان و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات؛ کەرتی گەشتوگوزار لە پاڵ سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازیدا، وەک كۆڵه‌كه‌یه‌كی سەرەکی خرایە کارنامەی حکومەتەوە. بایەخی تایبەتیی سەرۆکی حکومەت بۆ ئەم بوارە، دیدگایەکی کردەیی بوو کە لەسەر ئەرزی واقیع ڕەنگی دایەوە.
ئامار و داتا کۆنکریتییەکان گەواهیدەری ئەو ڕاستییەن کە کابینەی نۆیەم بزوێنەری سەرەکیی بووژاندنەوەی ئەم کەرتە بووە؛ بە شێوەیەک لە سەردەمی کابینەی نۆیەم، لە ماوەی پێنج ساڵدا (٨٠) پرۆژەی گەشتیاری بە گوژمەی ٧ملیار و ٥٥٥ملیۆن و ٣٠٥هەزار دۆلار لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە، کە گەشتوگوزاریان لە ڕووی ژێرخانەوە بردە قۆناغێکی پڕشنگدار و هیوابەخش.
بۆیه ده‌توانم بڵێم كه دۆخی گەشتوگوزار ئێستاکە لە “درەوشاوەترین ” قۆناغی مێژوویی خۆیدایە. ئێستا هه‌رێمی كوردستان کوردستان تەنها بۆ گەشتیاری ناوخۆیی نییە، بەڵکو وەک ناوچەیەکی “ئارام و سه‌رنجراكێش” لەسەر نەخشەی گەشتیاری جیهانی پێگەی خۆی جێگیر کردووە و بووەتە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتی نیشتمانی و هەمەجۆرکردنی ئابووری.
لە ماوەی ساڵی ڕابردوو چەند گەشتیاری ناوخۆیی و دەرەکی هاتوونەتە هەرێم؟
بەهۆی ئەو ئه‌و پێشڤه‌چوونه‌ی له كه‌رتی گه‌شتیاری هاتۆته كایه‌وه، ڕێژەی هاتنی گەشتیاران ساڵ دوای ساڵ بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو زیادی کردووە. ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێستاکە ساڵانە زیاتر لە ٧ملیۆن گەشتیار ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەم ژمارەیە پێک هاتووە لە گەشتیارانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، گەشتیارانی وڵاتانی دراوسێ و، گەشتیارانی بیانی کە بە مەبەستی گەشتوگوزاری شوێنەواری، سروشتی و کولتووری سەردانی هەرێم دەکەن. له كۆی ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی ساڵانه ڕوو له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن نزیكه‌ی %25 گه‌شتیاری بیانین.
دیدگا و پلانی درێژ خایه‌ن ئه‌وه‌یه كه تا ساڵی 2035 بتوانین ساڵانه پێشوازی له ٢٠ملیۆن گه‌شتیار بكه‌ین.
گرنگترین شوێنە گەشتیارییەکان کامانەن کە زۆرترین سەرنجیان ڕاکێشاوە؟
لە هەرێمی کوردستان چەندین بنەمای بەهێزی گەشتیاری هەن کە یارمەتیدەر بوون بۆ زیاتر ئاشنابوونی گەشتیاران بە هەرێمی کوردستان، لەوان:
*. ئەو ئاسایش و تەناهیەی هەرێم، وای کردووە گەشتیاران هەست بە دڵنیایی و ئارامی و سەلامەتی بکەن لە کاتی مانەوەیان لە هەرێمی کوردستان.
*. کولتووری میواندۆستی و گیانی ڕێزگرتن لە گەشتیاران بۆتە خاڵێکی بەهێزی هەرێمی کوردستان بۆ زیاتر ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران.
*. لە ڕووی سروشتەوە: کوردستان وڵاتێکی چواروەرزە، چیا سەرکەش و کانیاوی سازگار و تاڤگە و دەریاچە دڵڕفێنەکانی بۆتە جێگای سەرنجی گەشتیاران.
*. لە ڕووی شوێنەوارەوە: کوردستان خاوەنی سەدان شوێنەواری دانسقەیە.
*. کولتووری جیاواز و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پەیڕەوانی ئایینە جیاوازەکان، ئەویش خاڵێكی به‌هێزی هه‌رێمی كوردستانه بۆ زیاتر ڕاكێشانی سه‌رنجی گه‌شتیاران.
ستراتیژی ئێوە بۆ زیادکردنی ژمارەی گەشتیاران چییە؟
ستراتیژی ئێمه به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پێك دێت له:
• پەرەپێدانی ژێرخان: زیادکردنی ژمارەی پڕۆژەکان و باشترکردنی ڕێگاوبانەکان.
• به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی كواڵیتی خزمه‌تگوزارییه گهشیارییهكان
• په‌ره‌پێدانی جۆره جیاوازه‌كانی گه‌شتوگوزار، فره‌چه‌شنكردنی چالاكییه گه‌شتیارییه‌كان و، په‌رپێدانی توانای مرۆیی له‌م كه‌رته‌دا.
• ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنان و هاندانی وه‌به‌رهێنه‌ران بۆ ئه‌نجامدانی پرۆژه‌ی گه‌شتیاری.
چ پلانێکتان بۆ ناساندنی گەشتوگوزار هەرێم لە ئاستی نێودەوڵەتی هەیە؟
پلانەکە بریتییە لە “بە براندکردنی کوردستان”. ئەمەش لە ڕێگەی بەشداریکردنی بەردەوام لە پێشانگا جیهانییەکانی گەشتوگوزار. چه‌ند ساڵێكه شاندی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار به‌شدار ده‌بێت له پێشانگا گه‌شتیارییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه وڵاتانی دنیا به‌ڕێوه ده‌چن، بۆ نموونە لە ئیسپانا، ئه‌ڵمانیا، توركیا و، ئیمارات. له مانگی ڕابردوو له مه‌دریدی پایته‌ختی ئیسپانیا كۆڕبه‌ندی گه‌شتیاری له نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئیسپانیا به‌ڕێوه چوو.
هه‌ره‌وه هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتییەکانی حکومەت لە دەرەوە كراوه بۆ بڵاوکردنەوەی ڕێبەر و ئەلبوومی گەشتیاری بە زمانە جیاوازەکان.
له ئێستادا به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (ڤیزیت كوردستان) كار ده‌كه‌ین بۆ زیاتر ناساندنی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی دنیا. هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستا به فه‌رمی (ئه‌نجوومه‌نی گه‌شتیاری كوردستان) له لایه‌ن (ڤیزیت كوردستان) ڕاگه‌یه‌نرا.
ئهنجوومەنی گەشتیاری کوردستان (KTC) پلاتفۆرمێکی ستراتیژی و ڕێکخراوە کە لەلایەن “ڤیزیت کوردستان”ـەوە به هامهنگی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان دامەزراوە بۆ ئەوەی ببێتە پردی پەیوەندی نێوان کەرتی گشتی (حکوومەت) و کەرتی تایبەت.
بە کورتی، ئەنجوومەنەکە کۆکەرەوەی هەموو لایەنە کاریگەرەکانی نێو کەرتی گەشتیارییە، وەک (هێڵە ئاسمانییەکان، هۆتێلەکان، کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار، وەبەرهێنەران و نوێنەرانی حکوومەت). شوێنێکە بۆ گفتوگۆ و بڕیاردانی هاوبەش لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەت.
ئامانجە سەرەکییەکانی ئه‌نجوومه‌نه‌كه بریتیه له:
*. هەماهەنگی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت پتەوتر دەکا.
*. ئەم ئەنجومەنە ناوەندێک دەبێت بۆ دەستنیشانکردنی کێشەکانی بەردەم ئەم کەرتە و دۆزینەوەی چارەسەری بۆیان.
*. ئەنجومەن کار دەکات بۆ ناساندنی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتی: لە ڕێگەی ڕێکخستنی گەشتی ئاشنایی (FAM Trips) بۆ میدیاکاران، ئینفلوێنسەران و کۆمپانیا بیانییەکان تا بێن و لە نزیکەوە ئەزموونی کوردستان بکەن.
*. جێگریگرندی هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشەی گەشتایری جیهان.
پێشاندانی وێنەیەکی پڕۆفیشناڵ: نیشاندانی هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی گەشتیاری لەسەر نەخشەی جیهانی.
ئێستاکە چ پڕۆژەیەکی نوێی گەشتیاری لەجێبەجێکردندایە؟
جگە لەو ٨٠ پڕۆژەیەی کە لە پێنج ساڵی ڕابردوودا بە گوژمەی ٧.٥ملیار دۆلار جێبەجێ کراون، چه‌ندین پرۆژه‌ی تر له قۆناغی جێبه‌جێكردن دان. هه‌ر له چوارچێوه‌ی ستراتیژیه‌تی زیادكردنی پرۆژه گه‌شتیارییه‌كان، به ئامانجی ئاسانكاری بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران و زیاتر هاندانیان، له ئێستادا به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كارده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئاماده‌كردنی (رێبه‌ری ده‌رفه‌ته‌كانی وه‌به‌رهێنان له كه‌رتی گه‌شتوگوزار (Tourism Sector Investment opportunities) كه له قۆناغی یه‌كه‌م نزیكه‌ی ٣٠ پرۆژه وه‌ك و ده‌رفه‌تی وه‌به‌رهێنان له كه‌رتی گه‌شتیاری ده‌خرێته به‌ر ده‌ستی وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوهحۆیی و بیانی.
دەربارهی چالاكی و خزمەتگوزارییەکانی گەشتیاری: هه‌نگاوه‌كانمان به‌و ئاراستەیه كه له ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە گۆڕانکاری ئه‌رێنی بهێنینه كایه‌وه. لە ڕووی چەندایەتیەوە، له ئێستادا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٣٠٠٠ (سێهەزار) شوێن و بنکەی گەشتیاری هەن، بۆ نموونه به‌شێك له‌وانه: (هۆتێل ٤٨٠ شوێن، مۆتێل ٢٨٢ شوێن، کۆمەڵگای گەشتیاری ٤٤ کۆمەڵگە، گوندی گەشتیاری ٢٠ گوند، ڕیستورانت و خواردنی حازربەدەست (خێرا) نزیکەی ١٠٠٠ شوێن، کافتریای گه‌شتیاری نزیکەی ٧٠٠ شوێن.
ڕۆڵی کەرتی تایبەت لە گەشەپێدانی بواری گەشتوگوزاردا چییە؟ هاوکاری نێوان حکومەت و کۆمپانیا گەشتیارییەکان چۆنە؟
کەرتی تایبەت “هاوبەشی ڕاستەقینە” و داینەمۆی گەشەکردنی ئەم کەرتەیە. ئه‌و هه‌ماهه‌نگیه به‌هێزه‌ی له نێوان حكومه‌ت و كه‌رتی تایبه‌ت هه‌یه وای كردووه كه كه‌رتی تایبه‌ت ڕۆڵێكی كاریگه‌ر بگێڕێت له زیاتر په‌ره‌پێدانی گه‌شتوگوزار و بۆته داینەمۆی گەشەپێدانی ئه‌م سێكته‌ره.
حکومەت لە ڕێگەی ئاسانکاری یاسایی و دابینکردنی ئاسایش و ژێرخان، زەمینەیه‌كی له‌باری بۆ کەرتی تایبەت ڕه‌خساندووه.
ئه‌و بنکە گەشتیاریانهی هەن، بەرهەمی کارای کەرتی تایبەتن کە هەلی کاریان بۆ هەزاران گەنج ڕەخساندووە.
هەماهەنگییەکی تەواو هەیە؛ حکومەت ئاسانکاری دەکات بۆ كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كان.
پلانتان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری هۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکان چییە؟
كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كان بەپێی ستانداردی جیهانی بێت. پێشتر هۆتێلی براند و پێنجئەستێرە زۆر کەم بوون، بەڵام ئێستا زیاتر لە ٤٠ هۆتێل و بنکەی براندی جیهانی و پله نایاب هەن. چاودێرییەکی ورد دەکرێت تا کوالێتی خواردن، خزمەتگوزاری و مامەڵەی کارمەندان لە بەرزترین ئاستدا بێت.
ئایا پڕۆگرامێک بۆ ڕاهێنانی کارمەندانی بواری گەشتوگوزار هەیە؟
سه‌ره‌ڕای بوونی به‌شی گه‌شتیاری له زانكۆ و په‌یمانگاكان و قوتابخانه پیشه‌ییه‌كان، بە هاوکاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک (UNDP) و بە پاڵپشتی (USAID) و (GIZ)، چەندین وۆرکشۆپ و خولی ڕاهێنان بۆ گەنجان و کارمەندانی ئەم کەرتە کراوەتەوە. ئامانجەکە تەنها دامەزراندن نییە، بەڵکو پێگەیاندنی “کارمەندی پیشەیی”یە کە شارەزای کولتووری میوانداری و مامه‌ڵه‌كردن بێت له‌گه‌ڵ گه‌شتیاران.
گرنگترین وڵاتان کە گەشتیار بۆ هەرێم دەنێرن کامانەن؟
لە پلەی یەکەمدا گەشتیارانی ناوخۆ و عێراق دێن. لەسەر ئاستی دەرەکی؛ گەشتیارانی وڵاتانی دراوسێ (ئێران و تورکیا)، وڵاتانی کەنداو، هاوكات گەشتیارانی ئەوروپا و ئەمریکا کە زیاتر بۆ گەشتوگوزاری مێژوویی و بەسەرهات دێن.
ئاسانکاری بۆ وەرگرتنی ڤیزا و هاتنەژوورەوەی گەشتیار لە هەرێمی کوردستان چۆنە؟
کابینەی نۆیەم سیستەمی “ڤیزای ئەلیکترۆنی”ـی کارا کردووە، کە گەشتیار دەتوانێت پێشوەختە و بە ئاسانی داوای بکات. هەروەها لە فڕۆکەخانەکان و خاڵە سنوورییەکان ڕێکارەکان زۆر خێرا کراون بۆ ئەوەی گەشتیار هەست بە میواندۆستی بکات نەک ماندوویەتی.
هه‌روه‌ها په‌یوه‌ست به گه‌شتیارانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق، به سوپاسه‌وه بۆ وه‌زاره‌تی ناوه‌خۆ وه برایانمان له ئاسایشی بازگه‌كان كه ئاسانكاری ته‌واو پێشكه‌ش به هاتنه ناوه‌وه‌ی گه‌شتیاران ده‌كه‌ن.
چ هەنگاوێک نراوە بۆ ڕاکێشانی گەشتیاری بیانی؟ ئایا هەڵمەتی ڕیکلامی دەرەکی ئەنجام دراو؟
بەڵێ، لە ڕێگەی بەشداریکردن لە پێشانگا نێودەوڵەتییەکان (وەک پێشانگاکانی بەرلین، دوبەی و ئیسپانیا و توركیا) به بازاڕكردن بۆ کوردستان کراوه. هەروەها وێنەی کوردستان وەک “ناوچەیەکی ئارام و جیاواز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” ناسێنراوە، کە ئەمە گەورەترین ڕیکلامە بۆ ڕاکێشانی بیانییەکان.
خۆشبه‌ختانه لە كۆتاییه‌كانی ساڵی ڕابردوودا، هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، وەک باشترین شار لە کیشوەری ئاسیا بۆ گەشتیاران لە ساڵی ٢٠٢٦ دەستنیشان کرا لە لایەن گۆڤاری کۆندی ناست تراڤێلەر (Condé Nast Traveler)ـەوە؛ هۆکارەکانی ئەم دەستنیشانکردنە بریتی بوو له:
١. سەقامگیری و ئاسایش: گۆڤاره‌كه هەولێری بە “شوێنێکی ئارام لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشەدا” وەسف کردووە. ئاماژەی بەوە کردووە کە شارەکە سەرکەوتوو بووە لەوەی خۆی وەک پەناگەیەکی سەقامگیر و ئارام نیشان بدات.
٢. مێژوو و کەلەپوور (قەڵای هه‌ولێر): گۆڤاره‌كه ئاماژەی بە قەڵای هەولێر کردووە (کە لە لیستی یونسکۆدایە)، وەک کۆنترین شوێنی نیشتەجێبوون لە جیهاندا کە ژیان تێیدا بەردەوامە بۆ زیاتر لە ٦٠٠٠ ساڵ. گەشتیاران لە یەک کاتدا دەتوانن ئەزموونی شارستانیەتی کۆن و ژیانی مۆدێرن بکەن.
٣. نوێگەری و گەشەسەندنی شار
٤. ژیانی کۆمەڵایەتی و میوانداری
ئەم دەستنیشانکردنەی هەولێر وەک باشترین شوێن لە ئاسیا بۆ گەشتیاران دەبێتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ زیاتر ناساندی گەشتوگوزاری تەواوی هەرێمی کوردستان و بەرزکردنەوەی ژمارەی گەشتیارانی نێودەوڵەتی بەرزکردنەی پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشەی گەشتیاری جیهانی.
گەورەترین کێشەی بواری گەشتوگوزار لە هەرێم چییە؟
کێشە سەرەکییەکە دەرەکییە، ئەویش ناجێگیریی دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و ناوچەکەیە. هەروەها بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە کە دەبێتە ڕێگر لە بەردەم جێبەجێکردنی پڕۆژەی زیاتری گه‌شتیاری، بەڵام سەرەڕای ئەمانەش گەشەپێدان نەوەستاوە.
سه‌ره‌ڕای به‌ربه‌ست و ئالنگارییه‌كان و ئاڵۆزی بارودۆخی ناوچەكه، بەڵام ئیرادەی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان و پاڵپشتی کەرتی تایبەت وایکردووە کوردستان وەک “ناوچەیەکی ئارام و سه‌رنجڕاكێش” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بمێنێتەوە. دەستنیشانکردنی هەولێر وەک باشترین شار لە كیشوه‌ری ئاسیا بۆ گەشتیاران لە ساڵی ٢٠٢٦ لە لایەن گۆڤاری (Condé Nast Traveler)، نیشانەی سەرکەوتنی ئەم کاروانی ئاوەدانییە و ناساندنی زیاتری کو‌لتوور و میواندۆستی گەلی کوردستانە بە جیهان.
کێشەی ڕێگا و هاتوچۆ چەند کاریگەری لەسەر گەشتوگوزار هەیە؟
ڕێگاوبان “شا ده‌مار”ی گەشتوگوزاره. لەسەردەمی کابینەی نۆیەم سێکتەرە جیاوازەکان بە شێوەیەکی هاوسەنگ گەشەیان کردووە. گه‌شه‌پێدانی سێکتەرەکانی تر یەکانگیربووە لەگەڵ ڕەوتی زیاتر بووژاندنەوەی کەرتی گەشتوگوزار، بۆ نمونە ڕێگاو بان، له ماوه‌ی پێنج ساڵدا زیاتر له ٧٠٠ پرۆژه‌ی ڕێگاوبان جێبه‌جێ كراون، به‌شێكیان ڕێگای ستراتیژی و سه‌ره‌كی بوون له ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان، كه كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆیان هه‌بووه له‌سه‌ر ئاسانتركردنی جموجۆڵی گه‌شتیاران له نێوان شار و شوێنه گه‌شتیارییه‌كان. به‌رده‌وام كار ده‌كرێت بۆ باشتركردنی ڕێگاوبان و بردنی ڕێگا بۆ ناوچه گه‌شتیارییه دووره‌ده‌سته‌كان.
چۆن پاراستنی ژینگە و شوێنە سرووشتییەکان دڵنیا دەکەن؟
لە ڕێگەی داڕشتنی ستراتیژی پەرەپێدانی گەشتوگوزاری ژینگەیی (Eco-tourism)ـەوە، بە هاوکاریی شارەزا نێودەوڵەتییەکان، كار ده‌كرێت به ئاراسته‌ی گه‌یشتن به گهشتوگوزرای به‌رده‌م كه ژینگه‌پارێزی تێیدا به یایه‌خ وه‌رده‌گیرێت.
هه‌روه‌ها هه‌ماهه‌نگی ته‌واو هه‌یه له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه و ڕێكخراوه‌كانی بواری ژینگه‌پارێزی. هاوكات ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار له ئێستادا كار ده‌كات له‌سه‌ر كه‌مپه‌ینی هۆشیاری گهشتیاریژینگهیی له ناوه‌نده‌كانی خوێندن، تیمه‌كانی گه‌شتوگوزار له سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی قوتابخانه‌كان ده‌كه‌ن بۆ پێشكه‌شكردنی سیمینار به ئامانجی پێگه‌یاندنی نه‌وه‌یه‌ك كه ڕێز له ژینگه‌ی وڵات به گشتی و ناوچه گه‌شتیارییه‌كان به تایبه‌ت بگرێت.
چاودێری نرخ و کوالێتی خزمەتگوزارییەکان چۆن دەکرێت؟
تیمەکانی پشکنین و بەدواداچوون له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی گەشتوگوزار بەردەوام بنكه گه‌شتیارییه‌كان به‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه. لیستی نرخەکان دەبێت هەڵواسرابێت و هەر بنکەیەک سەرپێچی بکات یان زیاد له پێویست نرخه‌كان به‌رزبكاته‌وه یان کوالێتی خزمەتگوزاری نزم بێت، ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە. به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی نرخی خزمه‌تگوزارییه گه‌شتیارییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان به‌راورد به وڵاتانی تر باشتره و گه‌شتیاران لێێ ڕازین.
چاوەڕوانی ئێوە بۆ داهاتووی گەشتوگوزار لە هەرێم چییە؟
چاوەڕوانییەکان زۆر بەرزن. ئامانجمان ئەوەیە کوردستان بكه‌ینه ڕووگه‌یه‌كی سه‌رنجراكێشی گەشتیاری لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە و، ببێتە سەرچاوەیەکی جێگیری داهات کە تێیدا هەزاران هەلی کاری تر بۆ گەنجان بڕەخسێنرێت. له ئێستادا زیاتر لە ٢٠هەزار کەس لەم کەرتەدا کاردەکەن کە خۆشبەختانە ٨٠٪ی دەستی کاری ناوخۆیین. هەروەها کارمان کردووە بۆ پاراستنی شوناسی نیشتمانی لە ڕێگەی چەسپاندنی زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی لە هەموو بنکە گەشتیارییەکاندا و براندکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان لە ڕێگەی فێستیڤاڵە جۆراوجۆرەکانەوە.
ئایا پلانتان هەیە بۆ گەشتیاری وەرزشی، کولتووری یان چارەسەری؟
بەڵێ، ستراتیژیه‌تی ئێمه په‌ره‌پێدانی جۆره جیاوازه‌كانی گه‌شتوگوزاره. خۆشبه‌ختانه تۆپۆگرافیای هه‌رێمی كوردستان به جۆرێكه كه بۆ زیاتر له ١٥ جۆری گه‌شتوگوزار گونجاون.
ستراتیژیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وە ئامانجی سەرەکی دەستەی گەشتوگوزار هەنگاونانە بە ئاراستەی گەیشتن بە گەشتوگوزاری بەردەوام (sustaiable tourism). بەو واتایەی کە بە تەواوی قۆناغی گەشتوگوزاری تاک وەرزی ببڕین و بپەڕینەوە بۆ قۆناغێک کە لە تەواوی وەرزەکانی ساڵ گەشتیاران ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن ئەویش لە ڕێگەی پەرەپێدانی جۆرە جیاوازەکانی گەشتوگوزار و فرەچەشنکردنی چالاکیە گەشتیارییەکان بە ئەنجاندانی کۆمەڵێک فێستیڤاڵی جۆراوجۆر لە وەرزی پایز و زستان.
كاركراوه بۆ په‌ره‌پێدانی گه‌شتوگوزاری زستانه، خۆشبه‌ختانه چه‌ند ساڵێكه گه‌شتیاران له وه‌رزی زستانیش ڕوو له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و چه‌ندین چالاكی وەرزشی، وەک خزخزان (خلیسکانی سەر بەفر) ده‌کرێت. هه‌روه‌ها پلانمان هه‌یه به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی په‌ره به گه‌شتوگوزاری چاره‌سه‌ری بده‌ین. هاوكات له ئێستادا كار ده‌كرێت بۆ داڕشتی (ستراتیژیه‌تی گه‌شتوگوزاری ژینگه‌یی).
هه‌روه‌ها چەند ساڵێکە لە چوارچێوەی پلانی پەرەپێدانی جۆرە جیاوازەکانی گەشتوگوزار و فرەچەشنکردنی چالاکیە گەشتیارییەکان ژمارەیەک فێستیڤاڵی جۆراوجۆر لە وەرزی پایز و زستان ئەنجام دەدرێن، کە خۆیان دەبیننەوە لە فێستڤالی کولتووری، هونەری، بە براندکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان و کارە دەستییەکان، بە واتایەکی تر تێکەهەڵکێشکردنی چالاکی کولتووری و فەرهەنگی و هونەری و کشتوکاڵی و گەشتیاریی.
ئامانجی سەرەکی لە ئەنجامدانی ئەم فێستیڤاڵانە بریتییە لە:
پاڵپشتیکردن و ناساندن و بە براندکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان.
*. هاندانی جوتیاران و خاوەن بزنسە بچوکەکان بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمەکانیان.
*. ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ ژمارەیەک خاوەنکار و هاونیشتمانی هەرێمی کوردستان.
*. فرەچەشنکردنی چالاکییە گەشتیارییەکان و و زیاتر ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران و زیاتر مانەوەی گەشتیاران.
*. هەنگاوێکی درووستە بە ئاڕاستەی ناساندنی زیاتری کو‌لتوور و شوناسی وڵاتەکەمان و خواردنە کوردیییەکان بە گەشتیاران.
*. رەخساندنی دەرفەتێکی ناوازە بۆ خانمان و گەنجانی دەستڕەنگین کە خەریکی پیشەی کارە دەستییەکان و سوڤینێرن.
پەیامتان بۆ وەبەرهێنەران لەم بوارەدا چییە؟
پەیام ئەوەیە: کوردستان “وڵاتی دەرفەتەکانە”. ژینگەیەکی پارێزراوی یاسایی و ئاسایشێکی تەواومان هەیە. دەرگای هه‌رێمی كوردستان واڵایە بۆ هەر وەبەرهێنەرێکی ناوخۆیی و بیانی کە بیەوێت پشکداری لەم کاروانی ئاوەدانییەدا بکات.
پەیامتان بۆ هاووڵاتیان بۆ پشتیگری گەشتوگوزاری ناوخۆیی چییە؟
هاووڵاتیان “سەرمایەی سەرەکی”ـی گەشتوگوزارن. داوایان لێ دەکەین بە گیانی میواندۆستییەوە پێشوازی لە گەشتیاران بکەن، پارێزگاری لە ژینگە و سروشتی وڵاتەکەمان بکەن، چونکە گەشتوگوزارێکی سەرکەوتوو دەبێتە مایەی ئابوورییەکی بەهێز بۆ هەمووان.

