رۆژنامەی ھەولێر

نەخشی بیرەوەرییەکانم

یاسین قادر بەرزنجی

ئەکرەم عەلی
١٩٥٥ -٢٠٠٢
تەمەنمان نزیک یەک بوو، من و ئەکرەم ساڵی ١٩٧٤ بووینە هاوڕێ، خوێندنەوە و کتێب گۆڕینەوە و پاشانیش پێکەوە چوونە بینینی نمایشە شانۆییەکان و فیلمەکان، هێندەی تر لە یەکتری نزیک کردینەوە.چایخانەکەی (مام عەلی)ی باوکی شوێنی دانیشتنی عەسرانمان بوو، جارجارجارەش نێو درەخت و گوڵەکانی باخی گشتی، یان سەرچناری هەمیشە جوان، دەبوونە شوێنی کات بەسەربردن و ئاڵوگۆڕی قسەی شیرین و باسی ئەدەب و هونەرمان؛ ئەکرەم لە زووەوە خولیای خویندنەوە و نووسینی کورتەچیرۆکی تێدا دەرکەوت، سەرسامی بەرهەمی مامۆستایان حسێن عارف و دڵشاد مەریوانی و ڕەووف حەسەن بوو، لە شیعریشدا مامۆستا شێرکۆ بێکەس.
ساڵی ١٩٧٧ لەگەڵ برایان فوئاد محەمەدئەمین سەڕاج و هەمزەی عەلی دەدە (کۆمەڵێ چیرۆکی ئاوس)یان لە چاپدا، کە شەش چیرۆکیان هی ئەکرەم بوو، ئەو لە یەکەمەکانی پەیمانگای کشتوکاڵ بوو، بۆیە لە کۆلیژی کشتوکاڵی ئەبوغرێب وەرگیرا و دوای تەواوکردنی بووە وانەبێژی کۆلیژی کشتوکاڵ لە ئاسکی کەڵەک.
کە ئەکرەم گیان لەگەڵ شەهید سەلامی خوشکەزام، سەلامی کوڕی کاک قادری مەلا ئەحمەدی دێلێژەیی، پێکەوە لە کۆلیژەکەی ئەبوغرێب بوون، جارێکیان چوومە سەردانیان، لەوێ ئەکرەم باسی هەڵوێستی مەردانەی شەهید سەلامی ئەندامی حیزبی شیوعیی کرد لە کۆبوونەوەیەکی بەعسییەکاندا؛ سەلامی ڕۆحشیرین دوای تەواوکردنی خوێندن بووە پێشمەرگەی حیزبەکەی و لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا لە ناوچەی کارێزە شەهید کرا؛ لەگەڵ ئەکرەمدا زۆر جار یادی شیرینی سەلام گیانمان دەکردەوە.
ئەکرەم ساڵی ١٩٨٢ لەگەڵ خاتوو بێگەرددا هاوسەرگیرییان کرد و (زۆزک)ـی تاقانەیان بووە میوانی دەروون و ماڵیان، چوار ساڵ دوای ئەوە ئەکرەم بە دەردەسەرییەکی زۆرەوە چووە دەرەوە و لە سوید نیشتەجێ بوو، لەوێ بە رەنجی خۆی دەژیا و هاوکاریشی بۆ کەسوکار و دۆستانی نزیکی دەناردەوە .
لە دەرەوە زیاتر ناسراو بووە ناوێکی دیاری دنیای چیرۆک و بواری ڕۆژنامەنووسی؛ لەوێ کۆمەڵە چیرۆکی (بازنەی خۆر)ی لە ١٩٩٢دا لەچاپ دا. هەر لەوێ لە سەردەمی شەڕی براکوژیی کورداندا یەکێک بوو لە بەڕێوەبەرانی رادیۆی هێڤی لە مالمۆ؛ چەندین وتاری دژی ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە پێشکەش دەکرد، هەر لەو ساڵانەدا بووە تەنزنووسیکی بەرهەمڕەنگین و لەگەڵ وتارەکانی دیکەیدا بڵاوی دەکردنەوە و بووە ئەندامی دیاری دەستەی نووسەرانی بڵاوکراوەی چراخان لە سوید و گۆڤاری مەڵبەند لە شاری لەندەن و مانگنامەکانی ژینی نوێ و پەیام و ڕۆژی نوێ لە لەندەن، چەند ساڵێکیش بە وتنەوەی وانە بە مندالانی کوردەوە ڕەنجی فەرهادانەی کێشا.
یەک لە چاپکراوەکانی تر کە لە سوید بڵاو کرایەوە (پەلکە زێڕینەکانی ئەکرەم عەلی لە بڵاوکراوەی چراخاندا) بوو، دوای مەرگی بەسوێشی، لە سلێمانی لە ٢٠٠٦دا وەرگێڕانی (چیرۆکەکانی دۆن)ـی شۆلۆخۆفی لەچاپ درا.
ئەکرەم دووچاری نەخۆشییەکی سەخت بوو لە سەریدا، تەنانەت وای لێ هاتبوو کەم کەسی دەناسییەوە، لەوێوە برای هەمیشە دڵسۆزمان کاکە عەتای نەوەی موفتی پێنجوێنی، کە هاوڕێی نزیکی ئەکرەم بوو، بە کۆششی زۆرییەوە ئەکرەمی هێنایەوە بۆ کوردستانی سەرچاوە و ئیلهامی نووسینەکانی، کاک تەحسین قادری برام و هاوڕێی ئەوان بۆ پێشوازییان چووە سەر سنوور و لەوێوە پێکەوە هاتنەوە، هەر کە گەیشتبوونە سەرچنار کاک تەحسین وتی، ئەکرەمی نیوەمردوو ئەوێی ناسیبووەوە و بە زەردەخەنەوە و بە چاوە ڕەشەکانیەوە بۆ دواجار روانیبوویە سەرچنار. لێرە چەند جارێ چوومە سەردانی، یەک جار ناسیمیەوە و ئیدی بەدەم هەنسکی گریانەوە ئەو برا شیرینەم بەجێهێشت.
ئەکرەم گیان ئێستا بە چاوی تەڕ و دڵی گەرمەوە ئەم وشانەت بۆ دەهۆنمەوە، هەرگیز لە یادی من و ئازیزانت لەبیر ناچیتەوە، ئەکرەمی زمانپاراو و ڕۆحشیرین و خاوەنی قەڵەمی جوان و زەردەخەنەی هەمیشەیی، بیرت ئەکەم ئەکرەم گیان، تا ئەوپەڕی بیرکردن .