فەزیلە شۆرش
ئافرەتبوون، تەنیا بوون وەک بوونەوەرێک نییە، بەڵکو بە مانای سەرچاوەی بەخشینی ژیان و هێز دێت بە خودی ئافرەت، خێزان و دەوروبەری. ئافرەت خاوەن بەها و پێگەیەکی گرنگی بنیادنەرە بۆ سەقامگیری و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی.
هەر کاتێک ئافرەت باس لە یەکسانی دەکات، مەبەستی ئەوە نییە لە ناسنامەی ئافرەتبوون و تایبەتمەندییە جوانەکانی خۆی دەستبەردار بێت، بەڵکو مەبەستی ڕێکخستنی دادپەروەرانە و هاوسەنگییە لە مرۆڤبووندا؛ واتە ڕێگەپێدان بۆ ئەوەی لە ماف و ئەرکەکاندا یەکسان بێت و جیاوازیی بایۆلۆژی و فسیۆلۆژی نەبێتە هۆکاری ستەمکردن، کەمکردنەوەی بەهاکانی، یان کاڵکردنەوەی ڕۆڵی لە ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، بەڕێوەبردن و پێشەنگایەتیدا. چونکە یەکسانی پێوەرێکی کۆمەڵایەتییە بۆ کردنەوەی دەرگای پێشخستن و بوژانەوەی هەموو ڕەهەندەکانی ژیان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست، بۆ ئەوەی تواناکانی تاک بە تەواوی بخرێنە گەڕ.
بێگومان یەکسانی بەرپرسیارێتییە؛ بەرپرسیارێتیی تاک بەرامبەر بە خودی خۆی و دەوروبەری. هاوکات یەکسانی واتە هەڵگرتنی بەها مرۆییەکان و نەهێشتنی هەڵاواردن و توندوتیژی، نەک تێکدانی بنەما کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکان. یەکسانی مەرجێکی پێویستە بۆ ژیان، بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بتوانن بە ئازادی و سەربەرزی بژین و هەست بە مرۆڤبوون بکەن. بێگومان مرۆڤبوون و یەکسانی تەواوکەری یەکترین، بە مانای قبووڵکردنی فڕەچەشنی، جیاوازنەکردن لە ڕەگەز و سیما، و واڵاکردنی دەرگای دەرفەت بۆ تاکەکان بە یەکسانی.
گرنگترین بنەمای یەکسانی و مرۆڤبوون، هاوبەشییە بۆ بەردەوامیدان بە ژیان و پێشوەچوون. تێگەیشتنێکی دروست بۆ یەکسانی گرنگە و پێویستە لە هەموو گۆشەنیگاکانەوە سەیری ناوەڕۆکی چەمکی یەکسانی بکرێت. هەڵبەتە ڕەچاوکردن و تێگەیشتن لە دیدی ئافرەت بۆ یەکسانی، پاڵنەرە بۆ تێگەیشتنێکی باشتر لە دیدگاکانی ئافرەتان. لە هەمان کاتدا گرنگە پەیوەندییەکان بە هەموو شێوەکانیانەوە لەسەر بنەما سەرەکییەکانی مرۆڤبوون و یەکسانی بن و هەستی بڕوابوون بە مرۆڤبوون ببەخشن.
بێگومان خێزان کانیاو و سەرچاوەی بەخشینی مرۆڤبوون و یەکسانییە بە ڕۆڵەکانی، کە کۆڵەکەی جومگەکانی ژیان و پێشەنگی قبووڵکردنی یەکترن. هەر لەم سۆنگەیەوە، کارکردن بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست لە خێزانێکی دروستەوە دەست پێ دەکات کە یەکسانی بە گرنگ دەزانێت بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی و هاوبەشی لە ژیانێکی شکۆداردا.

