رۆژنامەی ھەولێر

‎هەراسانکردنی دەروونی

لیا سیفەدین
زۆرجار کە باس لە هەراسانکردنی ئافرەت دەکرێت، مێشکی زۆربەمان دەچێت بۆ دەستدرێژی جەستەیی، بەڵام جۆرێکی تر لە هەراسانکردن هەیە کە ڕۆژانە هەزاران ئافرەت لە کۆمەڵگەی ئێمەدا پێوەی دەناڵێنن، ئەویش “هەراسانکردنی دەروونی”یە. ئەم جۆرەیان بێدەنگە، خوێنی لێ نایەت، بەڵام ڕۆحی ئافرەت تێکدەشکێنێت. خەفەتبارتر لە خودی هەراسانکردنەکە، کاردانەوەی کۆمەڵگەیە کە لە جیاتی سزای هەراسانکارەکە، ئافرەتەکە بە “بێدەسەڵات” “سۆزانی” یان “هۆکاری کێشەکە” ناوزەند دەکات.

هەراسانکردنی دەروونی چییە؟
ئەم جۆرە هەراسانکردنە لە ڕێگەی فشار، هەڕەشە، تەشهیرکردن (ناوزڕاندن)، کۆنتڕۆڵکردنی زیاد لە پێویست، و شکاندنی شکۆی ئافرەتەوە دەبێت. چ لە ژینگەی کار، چ لە ناو خێزان، یان لە سۆشیاڵ میدیادا. کەسێک کە بەردەوام فشاری دەروونی دەخاتە سەر ئافرەتێک، لە ڕاستیدا خەریکی ئەنجامدانی تاوانێکی دەروونییە.

بۆچی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا قوربانییە دەروونییەکە تاوانبار دەکرێت؟
١. گوتاری “بۆچی ڕێت پێ دا؟
کاتێک ئافرەتێک باس لە فشارێکی دەروونی یان سوکایەتییەکی پیاوێک دەکات، یەکەم وەڵام کە وەری دەگرێت ئەوەیە: “خۆت کاتت دایێ” “بۆچی لە سەرەتاوە بێدەنگ بوویت؟” یان “ئەگەر ڕووت نەدایێ نەیدەتوانی وات لێ بکات”. لێرەدا کۆمەڵگە بە تەواوی لەبیری دەچێت کە هەراسانکارەکە “بەرپرسیارە” لە ڕەفتارە ناشرینەکانی خۆی، و هەموو ئەرکەکە دەخاتە سەر شانی ئافرەتەکە کە دەبێت “دیوارێکی پۆڵاین” بێت.

٢. گۆڕینی “غیرەت” بۆ پاساوی هەراسانکردن:
لە زۆر حاڵەتدا، پیاوان لەژێر ناوی “خۆشەویستی” یان “غیرەت”دا، هەراسانکردنی دەروونی پەیڕەو دەکەن؛ چاودێری کردنی بەردەوام، قەدەغەکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، و شکاندنی متمانەبەخۆبوونی ئافرەتەکە. ئەگەر ئافرەتەکە ناڕەزایی دەربڕێت، کۆمەڵگە دەڵێت: “ئەو پیاوە حەزی لێتە بۆیە وات لێ دەکات، تۆ بۆچی ئەوەندە ناسکی؟”. ئەمە گەورەترین تاوانبارکردنی قوربانییە کە توندوتیژی دەروونی وەک “بەڵگەی خۆشەویستی” نیشان دەدرێت.

٣. تیرۆری کەسایەتی لە سۆشیاڵ میدیادا:
ئەمڕۆ گەورەترین هەراسانکردنی دەروونی لە جیهانی دیجیتاڵیدا ڕوودەدات. ئەگەر کەسێک وێنەیەک یان نامەیەکی ئافرەتێک وەک فشار بەکاربهێنێت، کۆمەڵگە لەجیاتی ئەوەی ئەو کەسە وەک “نزم و بێڕەوشت” ببینێت، کچەکە وەک “سەرشۆڕ و بێ حەیا” دەبینێت. ئەم فشارە دەروونییە زۆرجار کچان دەگەیەنێتە بنبەست، تەنها لەبەر ئەوەی دەزانن کۆمەڵگە بەزەیی بە قوربانیدا نایەتەوە.

٤. چەمکی “ئافرەتی بەهێز” بە هەڵە تێگەیشتووە:
لە کۆمەڵگەی ئێمەدا وا دەزانرێت ئافرەتی بەهێز ئەو ئافرەتەیە کە “بەرگەی هەموو ئازارێک دەگرێت و بێدەنگ دەبێت”. ئەگەر ئافرەتێک هاوار بکات و بڵێت “ئەم قسانە دەمڕوخێنن”، پێی دەوترێت “تۆ لاوازی”. ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە وای کردووە هەندێک کەس بەردەوام بن لە هەراسانکردنی دەروونی، چونکە دەزانن کاتێک ئافرەتەکە دەشکێت، کۆمەڵگە دەڵێت “خۆی لاواز بوو”.
کاتێک ئێمە وەک کۆمەڵگە لۆمەی ئەو ئافرەتە دەکەین کە لە ڕووی دەروونییەوە بریندار کراوە، ئێمە دەبینە “شەریکی تاوان”. ئەمە دەبێتە هۆی:
_پەنابردنی ئافرەتان بۆ گۆشەگیری و خەمۆکی قووڵ.
_نەمانی متمانە لە نێوان ڕەگەزەکاندا.
_دروستبوونی نەوەیەک لە پیاوان کە وا دەزانن “ئازاردانی دەروونی ئافرەت” نیشانەی پیاوەتی و دەسەڵاتە.
هەر لەبەر ئەم هۆکارانە،هەراسانکردنی دەروونی، کوشتنی هێواشی مرۆڤە. کاتی ئەوە هاتووە تێبگەین کە “هیچ ڕەفتارێکی ئافرەت، پاساو نییە بۆ بێڕەوشتی”. ئەگەر دەروونی ئافرەتێک بریندار دەکرا، ئەو تاوانبارە، نەک ئەو کچەی کە متمانەی کردووە، یان ئەو کچەی کە دڵسۆز بووە، یان ئەو کچەی کە تەنها ویستوویەتی وەک مرۆڤێک بژی.
با واز لە لۆمەکردنی قوربانی بهێنین و فێری نەوەکانمان بکەین کە “زمان” و “ڕەفتار”یش دەتوانن ببنە چەقۆ، و بەکارهێنانی ئەو چەقۆیانە بەرەو ڕووی هەر مرۆڤێک، نیشانەی ترسنۆکییە نەک هێز.