رۆژنامەی ھەولێر

ئازادیی زانیاری، ئامراز و زامنێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و دیموکراسی

شێرکۆ حەبیب
ڕۆژنامەنووس دەبێت و پێویستە ئاشنای کولتوری کۆمەڵگاکەی بێت، ئەمەش وای لێدەکات، لەکاتی نووسینی هەر بەدواداچوونێک، بابەتێک، یان هەر ڕووداوێکی گشتی یان تایبەتی، لەبەرچاو بگرێت کە لە نەریت و بەهاکانی ئەم گەلە لانەدات، و لە هەموو نووسینەکانیدا پشتگیریان دەکات. هەروەها پێویستە ڕۆژنامەنووس ئاشنا بێت بە فەرهەنگەکانی تر، ئەمەش یارمەتی دەدات بۆ تێگەیشتن لە بەرامبەرەکەی، و ئەوەی دەیەوێت لە پێشنیارەکانی ڕۆژنامەوانی و میدیایی بە گشتی، و بەم شێوەیەش دەتوانێت ڕووبەڕووی هەر مەترسییەک بێتەوە کە لەوانەیە لە کاتی کارەکەیدا ڕووبەڕووی ببێتەوە و بە شێوەیەکی گونجاو بە وەڵامێکی دیپلۆماتی شارستانی مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، و بە هەموو ئەتەکێتک و ئەخلاقێکەوە پەیامەکەی بگەیەنێتە بەرامبەرەکەی.
پێویستە ئەرکی ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن بە گشتی لە خزمەتی میللەت و گەلدا بێت، بەتایبەتی لە پرس و بابەتە گرنگە نیشتمانییەکان. ئەمەش پێویستی بە هەوڵی یەکگرتووی هەموو ڕۆژنامەنووسان هەیە بۆ بەرگریکردن لەم بابەتە یان ئەو مەسەلەیە، ئەگەر کاریگەری لەسەر بناغەکانی ئەم گەل و میللەتە هەبێت، چ لە ناوخۆ یان دەرەوە. بەمجۆرە چاپەمەنی لەخزمەتی نیشتمان و گەلەکەیدایە و خزمەتێک پێشکەشی ئەم میللەتە دەکات، کە گەلەکەی رۆژنامەگەری وەک دەسەڵاتی چوارەم بۆ پاراستن و بەرگریکردن لێی و بیروباوەڕەکانی و بناغەکانی و یەکگرتوویییەکەی بە گشتی دەبینن.

لە کۆمەڵگا دیموکراسیەکاندا، هەر تاکێک مافی ئەوەی هەیە ئاگادار بکرێتەوە و بزانێت لە دەوروبەری چی ڕوودەدات و حکومەت لە ڕووی کار و خزمەتگوزارییەوە چی دەکات. ئەمەش لە ڕێگەی ڕۆژنامەگەرییەوە دەکرێت، بەو پێیەی یەکێک لە ئەرکە سەرەتاییەکانی ڕۆژنامەگەری لە وڵاتانی دیموکراسیدا چاودێریکردنی حکومەت و هەڵسەنگاندنی کارەکانییە. ڕۆژنامەگەری وەک دەسەڵاتی چوارەم مافی ئەوەی هەیە هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای حکومەت بکات و هەڵەکان دەستنیشان بکات و ڕای گشتی لەو زانیاریانە ئاگادار بکاتەوە کە بەدەستی دەهێنێت، لە هەمان کاتدا ڕاوێژ لەگەڵ هاوڵاتیان دەکات بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی حکومەت.
گەیشتن بە زانیاری پێویستیەکی ڕەهایە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی دیموکراسی و ئۆکسجینی دیموکراسییە. و بناغەی دیموکراسی ئازادی ڕۆژنامەگەرییە، چونکە دیموکراسی لە بنەڕەتدا پەیوەستە بە ئازادی ڕۆژنامەگەری و توانای تاکەکان بۆ بەشداریکردنی کاریگەرانە لە پرۆسەی بڕیاردان، لە ڕێگەی ئەو زانیاریانەی کە لە ڕێگەی ڕۆژنامەگەرییەوە دەکەوێتە بەردەستی هاووڵاتیان، دەتوانن هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای حکومەت بکەن و تیشک بخەنە سەر خاڵە لاوازەکان و کەموکوڕییەکان و چۆنیەتی چارەسەرکردنیان دیاری بکەن، گەیشتن بە زانیاری تەنیا پێویستییەک نییە بۆ خەڵک بەڵکو مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ حوکمڕانی باش، بە پێچەوانەی حکومەتە خراپەکانەوە کە بۆ مانەوەیان پشت بە نهێنی و شاردنەوە دەبەستن لە کارەکانیاندا، بە هەمان شێوە حکومەتە دیموکراسیەکان زۆرجار هەوڵدەدەن کارەکانیان بە وریاییەوە بەڕێوەببەن، دوور لە دیدگای گشتی. زۆرێک لە حکومەتەکانی وڵاتانی تازە دیموکراسی بە ئارگیومێنت و پاساوی وەک پێویستییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی و نەزمی گشتی پاساو بۆ نهێنی هێشتنەوەی کارەکانیان دەزانن. زۆرێک لە حکومەتەکان بەڵگەنامەکان بە موڵکی تایبەتی خۆیان دەزانن، نەک دان بەوەدا بنێن کە هی خەڵکن و بەرپرسیارن لە پاراستنیان.
ئازادی زانیاری بە ئامرازێک دادەنرێت، لەڕاستیدا ئامرازێکی بنەڕەتییە، لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا، بەو پێیەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی زانیاری بەدەستدەهێنن دەتوانن هەڵە و گەندەڵی ئاشکرا بکەن و بەشداری لە بنبڕکردنیدا بکەن. لویس براندیس لە دادگای باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەڵێت (کەمێک تیشکی خۆر باشترین تەعقیمکەرەکان بۆ میکرۆبەکان).
لە ئەنجامی گرنگی گەیشتن بە زانیاری بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە بەرپرسیارێتی مافەکانی مرۆڤ و ڕێزگرتنیان لە ئەستۆدایە، زۆرێک لە یاسا و میساق دەرکراون کە پاڵپشتی و بەرەوپێشبردنی ئازادیی گەیشتن بە زانیاری، ئازادی زانیاری بە ئەرکێکی مرۆیی دەزانن.
ئازادی گەیشتن بە زانیاری لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک مافێکی بنەڕەتی ناسێنراوە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی ٥٩ بڕگەی یەکەمی لە ساڵی ١٩٤٦ پەسەند کرد: “ئازادی گەیشتن بە زانیاری مافێکی بنەڕەتی مرۆڤە و پێوەرە بۆ هەموو ئازادیەکان و بۆ ئەوەش نەتەوە یەکگرتووەکان تەرخانکراوە”.
برگەی 19ی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ، کە لە ساڵی 1948 دەرچووە و لەلایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەندکراوە، بە گرنگتر دادەنرێت بەو پێیەی برگەی 19 بە یاسای نێودەوڵەتی دادەنرێت و دەبێت هەموو وڵاتان پابەندبن پێیەوە. لە برگەی ١٩دا هاتووە: “هەموو کەسێک مافی ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕینی هەیە، ئەم مافە ئازادی هەڵگرتنی بیروڕا بەبێ دەستێوەردان و گەیاندنی بۆچوون و بیرۆکە لە ڕێگەی هەر میدیایەک و ئامرازەکانی تری پەیوەندیکردن…هتد دەگرێتەوە.”
لە برگەی١٩ی کەمپەینی جیهانی بۆ ئازادی ڕادەربڕین بەیاننامەیەکی پەسەند کرد کە تێیدا هاتووە “لە ڕێگەی ئازادییەوە خەڵک دەتوانێت زانیاری بەدەستبهێنێت و بزانێت حکومەت بەناوی خۆیەوە چی دەکات، بەبێ ئەو ڕاستییە لاواز دەبێت و بەشداریی خەڵک لە حکومەتدا بە پارچەپارچەیی دەمێنێتەوە”.
دەتوانین بڵێین حکومەت دەبێت ئاسانکاری بکات و گەرەنتی ئازادی گەیشتن بە زانیاری و گەیشتن بە تۆمار و فایلەکانی دەستەی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری بکات.
سەرەڕای یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێکەوتننامە جیهانییەکان کە مافی هاووڵاتی بۆ گەیشتن بە زانیاری دووپات دەکەنەوە، بەڵام هەندێک زانیاری ڕێگەپێدراو نییە بۆ ئەوەی هاووڵاتی بیبینێت و بڵاوی بکاتەوە. ئەم زانیاریانە بە یاسا پێناسە کراون و تایبەتن بە ئاسایش و سەروەری نیشتمانی، تایبەتمەندی یان هەر پڕۆژەیەکی تایبەتی شەرعی، سیاسەتی ئابووری و دراوی دەوڵەت سەبارەت بە نرخی ئاڵوگۆڕ، و نهێنی مامەڵەکردن لە نێوان دەسەڵاتە گشتیەکان لەسەر بابەتێکی ناوخۆیی.
سەرچاوە ( اخلاقیات العمل الصحفی)