ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.9.17، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازی له ماکسیم ڕوبین، كونسڵی گشتی ڕووسیا لە هەولێر كرد .
لەسەرەتای دیدارەکەدا، کونسڵى ڕووسیا ئاماژەی بەوەدا كە مەبەست لەسەردانەکەی ماڵئاوایی و کۆتایهێنانە بەکارەکانی وەکو کونسڵی وڵاتەکەى لە هەولێر و لەشوێنی ئەودا حکومەتی وڵاتەکەی کونسوڵی تازەى دەستنیشانکردووە و لەمنزیکانە دەست بەکاردەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش سوپاسی پارێزگاری هەولێر و ئیدارەی پارێزگاى هەولێری کرد بۆ ئەو پەیوەندییە و هەماهەنگی و هاوکاری و ئاسانکارییانەی کە لەماوەی ساڵانى کارکردنى پێشکەشیان کراوە. هەروەها ڕایگەیاند: “گەلى کورد بەگشتى و هەولێرى پایتەخت بەتایبەتى جێگەى تایبەتى هەیە لەدڵمدا”
لەبەرامبەردا پارێزگاری هەولێر، دواى ھەڵسەنگاندنی بۆ کارەکانی لەماوەی رابردوودا لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتى ڕووسیا، ڕۆڵی بەرێزیان و تەواوى کاروچالاکیانى کونسڵخانەی وڵاتەكەیانی لەهەرێمى کوردستان بەگشتیى و هەولێر پایتەخت بەتایبەتى بەرزنرخاند لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتەكەی و وێڕای دەستخۆشی لە بەڕێزیان هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست لەکارى داهاتووى، ئومێدیشى خواست لەداهاتوودا لەگەڵ کونسڵى نوێ وڵاتەکەیان هەمان پەیوەندی و دۆستایەتیمان هەبێت لەپێناو تۆکمەترکردنى ئهو دۆستایەتیە و گەشەپێدانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى ڕووسیا.
لەكۆتایشدا، هەردوولا جەختیان لەسەر ئەو پەیوەندییە مێژوویی و دیپلۆماسییەی نێوان وڵاتی ڕووسیا و هەرێمی کوردستان کردەوە و بە گرنگیەوە وەسفی بەردەوامبوونی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی هاوبەش لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی، کەلتووری و شارستانییەتییەکاندا لەنێوان هەردوولا كرد.

