موزەفەر فەیلی
ژینگە ئەو سنوورە سروشتییەیە کە تێدا دەژین و لەراستیدا پاراستنی ژینگە بەرامبەرە بە پاراستنی ژیان. ئێمەی مرۆڤـ لە بنەرەت لەسەر ھەسارەی رەنگاورەنگی زەمین و لەناو ژینگەیەکی پاک و خاوێن دەژین، ژینگەیەک کە پرە لە گژوگیا و دارودرەختی جۆراوجۆر کە ھەر یەکەو سوود و گرنگی و تایبەتمەندی خۆی ھەیە لە ژیانماندا لەکاتێکدا کە سوودی ھەندێکیان دۆزراونەتەوە، بەڵام لەراستیدا زۆربەی تری تا ئێستا ھێشتا سوودیان نەدۆزراونەتەوە! بێگومان ژینگە بە چوار وەرزەکە زۆر گرنگ و جوانە و بەھۆی ئەم وەرزانە کۆمەڵێک گۆرانکاری سروشتی ژینگەیی وەکو سەرما و گەرما دروست دەبێت و ھەروەھا لە ئەنجامی ئەم گۆرانکارییە سروشتییانە کۆمەڵێک گژوگیا و تەنانەت مێرو و گیانلەبەری وورد و بچووکی وەرزی لەدایک دەبن و بەگشتی زنجیرەی ژیان و مانەوە دروست دەبێت، و ئەم زنجیرەیە زۆر پێویستە بۆ ھەموو گیانلەبەر و زیندەوەران بە ئێمەی مرۆڤیش.
دەبێ بزانین کە ئێمەی مرۆڤـ بەشێکین لەو ھەموو زیندەوەرانەی کە ملیۆنان ساڵ لەمەوبەر پێش ئێمە لە سەر رووی زەمین ژیان بەسەر دەبەن و ھیچ زەرەر و زیانیان نەبووە. تەمەنی ئادەمیزاد بەراورد بەو ھەموو زیندەوەرانەی پێش ئێمە زۆر کەمە بەڵام زۆر زەرەر و مەترسی لەسەر زەمین دروست کردووە بە بەکارھێنانی نادروستی زانست و تەکنۆلۆژیا، تاقیکردنەوەکانی چەکی ئەتۆمی و کیمیایی و بایۆلۆژی، و ھەروەھا بەرەڵاکردنی ناتەندروستی دوکەڵی ژەھراوی و زیانبەخشی کارگە و کارخانە و پاڵاوگەکان و زۆربوونی ژمارەی بێ سنووری ئۆتۆمبیل، کە دەبێتە ھۆی زیادبوونی غازی ژەھراوی وەکو مۆنۆکسیدی کاربون (co) و ھەروەھا دێ ئۆکسیدی کاربۆن (co٢)، و ھەروەھا غازە ژەھراوییەکان بەگشتی کە لە ئاکامی ھەموو ئەمانە سروشت لە باری ئاسایی دەردەچیت بۆ باری نائاسایی بە کۆبوونەوەی گەرما لەبن گۆی زەمین کە بە (Global Warming) ناسراوە و ھەروەھا ناسکبوونی گۆی زەوی و بەتایبەتی لە جەمسەری باشوور و دزەکردنی تیشکی زەرەرمەندی سەرۆ وەنەوشەیی (UV-B)، کە ھۆکارێکی سەرەکی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی پێستە. بەم شێوەیە ھەموو ئەوانە دەبێتە ھۆی دروست بوونی رووداوی ناسروشتی وەکو دیاردەی ئەلنینو (El Nino) کە ھەر ٢ تا ٧ ساڵ جارێک روودەدات بەپێی ئاژانسی گەردونناسی ناسا – NASA، کە دبێتە ھۆی دروستبوونی کەش و ھەوای گەرم و وشک ساڵی لەلایەک، و لەلایەکی تر لافاو و باران بارینی بەلیزمە و نائاسایی. بەپێی راپۆرت و زانیاری رێکخراوی جیھانی پێشبینی کەش و ھەوا (WMO) و سەنتەری توێژینەوەی ئاو و ھەوا و زەریاکان (IRI) دیاردەی ئەلنینو لە ناوەراستی ساڵی (٢٠٢٦) بەھێزتر و تا کۆتایی ساڵ بەردەوام دەبێت. ھەروەھا لەبەرامبەر دیاردەی ئەلنینو، دیاردەی رووداوی لا نینا (La Nina) ھەیە، کە دبێتە ھۆی دروستبوونی کەش و ھەوای سەرد و سەھۆڵبەندانی نائاسایی.
ھەموو ئەو بارە نائاساییە بێگومان ئێمەی مرۆڤـ لێی بەرپرسیارین لەسەر ئاستی جیھان. ھەروەھاش بەش بەحاڵی خۆمان لە عێراق و کوردستانیش بەشداربووینە لە تێکدانی ژینگە. زۆربوونی بێ سنووری بزوێنەرەکان بە ھەموو جۆرەکانییەوە و ھەروەھا گرنگی نەدانی بەشێک لە ھاووڵاتییان بە ژینگە جێی مەترسییە. ئەگەر ھەر تاکێک ھەست و سۆزی ھەبێت بەرامبەر بە وڵاتەکەی و بەرپرسیارانە رەفتار بکات بێگومان ئاو و ھەوا و ژینگە پاک و خاوێن دەمینێت. لەراستیدا پاراستنی ژینگە ئەرکێکی نشتیمانی و رەوشت بەرزییە، و دەبێت ژینگە وەکو ماڵی خۆمان خۆشبوێت و ئاگاداری بین. ئەگەر ھەست و سۆز و ویژدانمان بەرامبەر بە وڵات و خاک زیندوو بێت بێگومان ژینگە دەپارێزین و خۆشمان دەوێت و ئەمە راستییەکی روون و ئاشکرایە.
بێجگە لەمەش تەنھا ئەگەر وەکو مرۆڤێکی دروست و تەواو بین، ئەوا دەبێت ژینگە دوست بین نەک دوژمنی ژینگە، چوونکە پاراستنی ژینگە واتا پاراستنی ژیان. ئەوەی دژی ژینگە و سروشت و جوانییە بێگومان و بەبێ ھیچ شک و دودڵییەک نەخۆش و ناتەندروستە. بۆیە ھیوادارم ھەموومان ھەر یەک و لەلای خۆی ھەنگاوێکی دروست و باش بھاوێژێت بەرەو ژینگە دوستی، تەنانەت ئەگەر بە فرێ نەدانی قوتوی بیبسی و شەربەت لە ئۆتۆمبیلەکان بێت! ھەروەھا لەکاتی گەشتوگوزاری و چوونە ناو سەیرانگاکان پاک و خاوێنی بپارێزین و منداڵەکانمان فێری ئەم رەوشت بەرزییە بکەین. بەم شێوەیە سەرەتاکانی ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە خاک و نشتیمان و ھەروەھا پەروەردە کردنی نەوەیەکی راست و دروست و زامنکردنی ئایندەیەکی رووناک بەدی دەھێنین
شایانی باسکردن و جێی خۆشحاڵییە کە لەو کاتە کە پرۆژەی رووناکی ھاتەکار نزیکەی (٥،٩٠٠) مۆلیدەی خۆماڵی لەکارکردن وەستاون، و ھەروەھاش دروستکردنی پشتینەی سەوزایی، ھەموو ئەم پرۆژانە بێگومان کاریگەری باشی دەبێت لە کەمکردنەوەی غازە ژەھراوییەکان و تەندروستکردنی ژینگە و ئاو و ھەوا. ھەروەھا دروستکردن و گرنگیدان بەو باغچەیانە کە لەناو گەرەکەکانن و ئێستا ھەندێکیان دوور و پەراوێز خراون، ھیوادارم کە وەزارەتی شارەوانی ھەستێت بە رێکخستن و سەوزکردن و بوژانەوەی ئەو باغچەیانە کە خۆی لە خۆی دا کاریگەری زۆر باشی دەبێت بۆ خەڵکی گەرەکەکان و بەگشتی ھەموو شارەکانی کوردستان و ھەروەھا دروستکردنی ژینگە و ئاو و ھەوای تەندروست و پاک و خاوێن لەلایەک و لەلایەکی تریش سیمای شارەکان جوانتر و رێک وپێکتر دەکات. خاڵێکی تر پشگیری کردنی سەرمایەدار و خەڵک بۆ ھاوردە کردن و بەکارھێنانی ئۆتۆمبیلی کارەبایی و ھەروەھاش سوود وەرگرتن لە وزەی خۆر و بەشەکانی تر کە بە (Green Energy) بەناوبانگە، ھەموویان پرۆژەی ژینگە دوستن. بەھێوای کوردستانێکی سەوز و پاک و خاوێن و زۆربوونی ژینگە خوازان.

