رۆژنامەی ھەولێر

کوردستانیەتی کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان لە بەڵگەنامەکانی بەریتانیادا

شێرکۆ حەبیب
بەشی یەکەم

کێشەی کەرکووک یەکێکە لە کێشە گرنگەکانی بەردەم سەقامگیری لە عێراق و تەنانەت لە ناوچەکەشدا. ئەم شارە کوردەوارییە بە هۆی بوونی نەوتی جێگای سەرنجی داگیرکەران بوو، داهاتی ئەم نەوتەش بوو بە نەفرەت بۆ دانیشتوانە ڕەسەنەکەی کە لە نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بوون و بۆ وێرانکردنی شار و شارۆچکە و گوندەکانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کەڵکیان لێوەرگیرا. لە سەردەمی سەدامی دیکتاتۆری چوار هەزار و ٥٠٠ گوندی کوردستان وێران کران، ئەمە جگە لە ئۆپەراسیۆنە بەدناوەکانی ئەنفال و بەکارهێنانی گازی کیمیایی لە هەڵەبجە و بالیسان و گەرمیان و بەهدینان و ناشتنی هەشت هەزار بارزانی بە زیندووی و زیندانیکردن و دیپۆرتکردنەوەی هەزاران فەیلی کە تا ئێستا هەزارانیان بێ چارەنووسن. ئاوارەبوونی هەزاران دانیشتووی ڕەسەن بە تایبەتی لە شاری کەرکوکەوە بۆ ناوچە جیاجیاکانی عێراق و دەرەوەی عێراق و لکاندنی هەندێک شارۆچکە و گوند لەم شارە بە پارێزگارەکانی دیکە، بە پاڵنەرێکی شۆڤێنی و ڕەگەزپەرستانە بۆ سڕینەوە و لابردنی ناسنامەی کورد. سەرەڕای ئەو کردەوە بەربەریانەی ڕژێمە شۆڤێنیەکانی عێراق بەرامبەر گەلی کوردستان ئەنجامی دەدەن، کەرکوک، شنگال، مەندەلی، خانەقین و شار و شارۆچکەکانی دیکەش هەر بە کوردستانی دەمێننەوە.
لە زۆر بەڵگەنامەی مێژووییدا باسی کەرکوک کراوە، لەوانە بەڵگەنامەکانی ئەرشێفی نیشتمانی بەریتانیا کە لە ئەرشیفی نیشتمانی بەریتانیا هەڵگیراون. ئەم بەڵگەنامانە پشتڕاستی ئەوە دەکەنەوە کە کەرکوک کوردستانییە و ئێمە هەندێک لەو بەڵگەنامانە لەگەڵ ژمارە و بەروارەکانیان بۆ ئەو کەسانە دەخەینەڕوو کە باوەر بە کوردستانیەتی کەرکوک و زۆرینەی کورد ناکەن.

– بەڵگەنامەی ژمارە FO 371/3386 14/12/1918 سنوورەکانی کوردستان
کوردستان ڕووبەرێکی بەرفراوان لە چیاکانی دەوروبەری دەشتە بەپیتەکانی ڕووباری فورات و دەچلە لە باکوورەوە دەگرێتەوە و لە شاری حەلەبەوە تا دەریاچەی ورمێ درێژدەبێتەوە و لە ڕۆژهەڵاتەوە لە دەریاچەی ورمێوە لە ڕێگەی مەندەلیەوە تا چیای پشتکۆ درێژدەبێتەوە. لە کۆتایی ڕۆژئاواوە سنوورەکانی کوردستان لە شارۆچکەی پیرە چک بەرەو باکوور لە ڕێگای مەلاتەوە تا ڕووباری ئاراس لە نزیک چیای ئارارات درێژ دەبنەوە، پاشان بەرەو باشوور لە ڕێگەی دەریاچەی وانەوە تا گۆشەی باکووری ڕۆژئاوای دەریاچەی ورمێ (ڕەزاییە)، پاشان بە درێژایی کەناری ڕۆژئاوای دەریاچەکە بەرەو باشوور، بەناو شاری منەندوبدا تێدەپەڕن و دەگاتە شاری کرماشانی ئێران، پاشان بەرەو باشوور شاری مەندەلی کە دەکەوێتە سەر سنووری عێراق و ئێران و 90 میل لە باکووری ڕۆژهەڵاتی بەغداوە دوورە.
– بە پشتبەستن بە یاداشتنامەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە 22/10/1918، کە سنوورەکانی کوردستانی لە ئاسیای بچووک دیاری کردووە، بەدەر لە کوردستانی ئێران، زەویەکانی کوردستان دەکەونە باشووری ڕووباری بۆتان و هەروەها ئەو زەویانەی کە دەکەونە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دیجلە و چیای حەمرین. ئەو ڕووبەرەی کە بە یاداشتنامەی پێشوو دیاری کراوە بەشێک لە پارێزگاکانی بیتلیس و وان و موسڵ دەگرێتەوە، بەڵام ناوەندی شاری موسڵ ناگرێتەوە کە دەکەوێتە کەناری ڕۆژئاوای ڕووباری دیجلە. شارە سەرەکییەکانی ناوچەکە بریتین لە ئامیدی، ڕەواندوز، هەولێر، ئاڵتون کوپری، سلێمانی، کەرکوک و کفری.

– لە یاداشتنامەی FO 371/3407 لە بەرواری 15/11/1918دا هاتووە کە عەقید ویڵسن، بریکاری کۆمیساریای باڵای بەریتانیا لە بەغدا، لە نامەنووسیەکانیدا لە ساڵی 1918، دوای داگیرکردنی کەرکوک، پێشنیاری کردووە کە هێڵی خوارەوەی ڕووباری زاب بکرێتە سنووری باکووری دەوڵەتی عێراقی پلان بۆ داڕێژراو و ئاڵتون کوپری، سلێمانی، هەڵەبجە و پێنجوێن لەناو دەوڵەتی عێراقدا چونکە دەوڵەمەند بوون بە نەوت و خەڵوز و فستق و تووتن.

– بەڵگەنامەی ژمارە FO371/5068 لە بەرواری 20/12/1919 بڕگەی چوارەم:
سەبارەت بە سنوورەکان، ئەو (بە ئاماژەدان بە وەزیری دەرەوەی هیندستان، بەڕێز مۆنتاگو) نایەوێت ئەو ناوچانەی کە زۆرینە کوردن لەناو سنوورەکانی دەوڵەتی عێراقدا دابن. بەڵکو پێشنیاری ئەوە دەکات کە سنووری نێوان باشووری کوردستان و عێراق ئەو هێڵە بێت کە کەمێک لە باکووری خانەقینەوە تێدەپەڕێت بۆ کفری و لەوێشەوە بۆ کەرکوک و ئاڵتون کوپری و هەولێر و دهۆک و زاخۆ و فیش خابور. سنووری ڕۆژهەڵاتی باشووری کوردستان سنووری ئێران دەبێت، سنووری باکووریش لە خاڵی کۆبوونەوەی چیای قەندیل لەگەڵ سنووری ئێران دەست پێدەکات. نامەکە لەلایەن هێرزل، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری دەرەوە واژۆ کراوە.
– بەڵگەنامەی وەزیری کۆلۆنیەکان (مستعمەرات)، وینستن چەرچڵ FO371/6346، 22/6/1922، بۆ کۆمیساریای باڵا لە عێراق، بڕگەی سێ: پێشنیار کراوە کە ناوچەی غەیرە عەرەبی بە هێڵێک پێناسە بکرێت کە لە مەشوراداغەوە تا تیجانە و دەوروبەری موسڵ درێژ دەبێتەوە، پاشان بەرەو هێڵی نەتەوەیی دانیشتوانی عەرەب و خوارەوە بۆ سنووری ئێران. ئەم هەرێمە بەسەر سێ قەزای سەربەخۆدا دابەش بووە، یەکێکیان لە باکووری ڕۆژئاوای زابی گەورە، ئەوی تریان دەڤەری کەرکوک و ئەوی تریان دەڤەری سلێمانییە، کە ناوەڕاستی دەڤەری دیالە و باکووری قزل ڕەبات لەخۆدەگرێت. توخمە عەرەبییەکان لە ئێستادا لە کەرکوک لە نێوان سامەڕا و موسڵدا دابەشبوون.