عومەر چنگیانی
ناونیشانی بابەتەكەی ئەمڕۆم كەمێكە لەو مانا و تێگەیشتنەی لە ئایەتی “چواردە و پانزە”ی سوورەتی “قیامە” واتە حەفتاوپێنجەمین سوورەتی قورئان هەمە؛ قیامە نۆیەمین سوورەتی جزمی بیستونۆی دوایین كتێبی ئاسمانییە.
سوورەتی “قیامە”، چل ئایەتە؛ دوای سوورەتی “قاریعە” هاتووەتە خوارەوە و، دەكرێ لە پەیوەستبوونیەوە بە سوورەتی “قاریعە”دا بگوترێت: دوای ئەوەی لەوێدا باسی ئەوەی كرد كە بێبڕوایان لە لێپێچانەوەی ڕۆژی دوایی زۆر بێباکن و هۆكاری ئەو بێپەروایی و نەترسانەشیان لەوەوە سەری هەڵداوە کە بڕوایان بە زیندووبوونەوە نییە!
لێرەدا قۆناغەكانی باسی قیامەتی بۆ كردین و پێشتریش دەرچوونی گیان لە لاشە و باسی سەرەتای دروستبوون دەكات. جا خوای گەورە، كە بۆ خۆی خاوەنی دەسەڵاتی بێسنوورە و، لە سوێندخواردنی بە هەرشتێك، ئەو مافەی نەداوە بە كەسی تر و كەی و لەسەر چی و بۆ كێ و لەبەر چی و بە چی سوێند دەخوات، خۆی خوایە و، لێرەدا وەك شێوازێكی داڕشتنی زمانەكەی قورئان دەفەرمێت: “نەخێر بۆچوونەكانی ئێوە لەبارەی زیندووبوونەوەوە هەڵەیە و، سوێند بێ بە ڕۆژی هەستانەوە و، لێپێچانەوە * جارێ تریش نەخێر بۆ چوونەكانی ئێوە هەڵەیە و، سوێند بێ بەو “نەفسە” زۆر سەركۆنەكەرەی كە هەمیشە چاودێرە بەسەر خاوەنەكەیەوە “یاخود” سوێند ناخۆم بە ڕۆژی دوایی. سوێندیش ناخۆم بەو گیان و بەو دڵ و بەو ڕۆح و بەو كەسایەتییەی كە سروشتی وایە هەمیشە سەركۆنەی خۆی دەكات.” دیارە ئەم سوێندە كە بەو دوو شتەی خواردی “ڕۆژی پەسڵان (هەستانەوە) و هەستی سەركۆنەكەر” هەندێك لە زانایان دەفەرموون: “سەركۆنەكردنی بەردەوام بەوە دەبێت كە لەسەر بەسەربردنی تەمەن لە كار و گوتاری ڕابردوودا بە خراپە، سەركۆنەی بكات و بۆ ئێستایش پەژیوانی بە شوێن خۆیدا بێنی و، بۆ داهاتوویش بڕیار بدات هەمیشە پێشتر بكەوێت و زیاتر بۆ لای خوا بچێت” جا ئەم سوێندخواردنانە بۆ؟ بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو بۆیە بزانین پێویستە ئایەتەكانی پاشانی بخوێنینەوە، كە دەفەرمێت: ”ئەرێ مرۆڤ هێند سەركەشە و بێمتمانەیە بە توانای خوا، كە وا دەزانێ پاش پتورکانی ئێسك و ئێسقان و لاشەی، ئێمە بۆمان كۆ نەكرێتەوە و سەرلەنوێ بۆمان پێك ناهێندرێتەوە؟ نەخێر ئەوە بۆچوونێكی هەڵەیە. بەڵێ ئێمە هێندە تواناین كە دەتوانین هەموو درزی سەری پەنجە و خێچك و چاڵوچۆڵەكانی پەنجەكانی وەك یەك لێ بكەین. دەبینین لێرەدا قورئان ئاماژە بۆ نهێنییەكی گەورەی شێوازی دروسكردنمان دەكات كە بە هیچ شێوەیەك زانستیی مرۆڤ بە مرۆڤ لە كاتی هاتنەخوارەوەی ئەو ئایەتەدا نەیدەزانی كە خێچك و درز و هێڵی پەنجەكانی هیچكەس لە یەكتر ناچن و ئەمڕۆ زانست دان بەوەدا دەنێت كە وەك یەك لێكردنیان چەندە ئەستەمە و خوا گیان لێرەدا باس لەو نیشانەیەی گەورەیی خۆی دەكات!” مرۆڤ هێندە سەركەشە لەگەڵ ئەوەی ڕاستییەكانیش دەزانێ پێی باشە بەردەوام بێت لەسەر تاوان و (فجوور)كردن و دەیەوێ بڵێ: جارێ با خراپە بكەم دوایی تەوبە دەكەم”. “لەگەڵ ئەوەی كە ڕاستییەكانیش دەزانێ بە خۆ لەگێلی دانەوە دەپرسێت: ئەرێ زیندوو بوونەوە و هەستانەوەی دوای مردن كەیە؟”. “جا ئەوكاتەی چاوەكان و تواناكانی بینین دەدرەوشێنەوە و مانگ لە درەوشانەوەی دەكەوێ و ون دەبێ و دەگیرێ، ئەوكاتەی خۆر و مانگ پێكەوە كۆ دەكرێنەوە ـ ئەمانە كۆمەڵێك بابەتی گەردوونین و، كە ڕوو دەدەن و ئان و ساتی خۆیان هەیە، ئەو كات مرۆڤ دەڵێ: ئەرێ بەرەو كوێ بڕۆین تا دەرباز ببین لە دەست تووڕەیی و خەشم قینی خوای گەورە؟”. نەخێر هەرگيز دەربازبوون نییە، لەو ڕۆژەدا گەڕانەوە و پشوو و گیرساندنەوەی خولەكانی گەردن و خەڵك بۆ لای خوایە”. “جا ئەو ڕۆژە بە مرۆڤەكان دەگوترێت: چی لە پێش خۆی ناردووە و چی لەدوای خۆی جێ هێڵاوە، خۆزگە بەوە نەبێت كە بۆخۆی لەسەر كاری بە ناو ئایین ـ بیدعە ـ وە بردۆتە سەر و لە دوای خویشی كاری پێ كراوە * هەركەسە و لەسەرخۆی زۆر بە ئاگایە، با پاساوی زۆریش بهێنێتەوە”. تێبینی: ئەم شێوازە سوێندانەی قورئان جیابوو لەو شێوازەی كە عەرەبەكان، لێبیی ڕاهاتبوون و ئیسلام هات بۆی یەكلا كردنینەوە كە تەنها بەناو سیفەتەكانی خوا نەبێ بۆ مرۆڤ نابێ سوێند بە هیچ شتێكی تر بخوات.
تێبینی: ئەم خەلەكەی گوڵخەرمانەكەمان بیرهێنانەوەی زنجیرە 36ـەمینیەتی كە لە لاپەڕە “19”ـی ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە 2411 سێشەممە 19ـی تەمووزی 2016 بڵاو كراوەتەوە”.

