رۆژنامەی ھەولێر

دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن
چـــــــــاوی ڕۆح
بە ڕاست خوا لە ئاسمانە، یان لە ناخی ئینساندایە؟ هەم لە ئاسمانە و هەم لە ناخی ئینسانیشدا. لە ئاسماندایە بەو مانایەی لەنێو دونیایەکی بێسنووردایە، لە ناخی ئێنسانیشدایە، بەو مانایەی ڕۆحی بە ئینسان بەخشیوە و بریتییە لە کرۆکی ژیان، ئەوە بۆیە ئینسان هەم لە ناخی خۆیدا هەستی پێ دەکات و هەم لە تەواوی جیهانیشدا. هەموو زیندەوەرێک بە هۆی ڕۆحییەوە دەژی، ڕۆح ئیدی لە هەر زیندەوەرێکدا بێت، بەشێکە لە ڕۆحی خوا، ئاخر ڕۆح یەکێکە و سەرچاوەکەی خوایە. خوا کە باقییە، بۆچی خۆی تێکەڵ بە زیندەوەر دەکات کە فانییە؟ کەسێک دەتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە کە ویستی خوا جێبەجێ بکات.

ئیمان ئەوەیە وا بیر بکەینەوە، هێزێکی نەبینراو هەیە، ئەم دونیایە بەڕێوە دەبات. مەسیحییەکان بەو هێزە دەڵێن: ڕۆح، باوک یان سەروەر، دونیای بینراویش کە هەمیشە لە گۆڕاندایە، سێبەری ئەو هێزەیە و وەک چۆن خوا ئەبەدییە، سێبەرەکەیشی ئەبەدییە. خوا کە لە دووانەی خۆشەویستی و هۆشمەندیدا چڕ دەبێتەوە، بوونێکی هێوری نامادییە. هیچ بەڵگەیەک شک دەبەیت کە بیسەلمێنێت خوا هەیە؟ جا من بۆ ئەوەی خۆری گەشت پیشان بدەم، پێویستم بە تیشکی مۆم دەبێت؟ ڕەنگە تۆ بیرت لە خوا نەکردبیتەوە، ئەگەرنا مەحاڵ بوو دەرک بە هەبوونی نەکەیت. وەک چۆن تا لە شتەکە نزیک نەبینەوە، هیچ لە بارەیەوە نازانین، خوایش ناناسین تا لێی نزیک نەبینەوە. بە ڕەوتاری چاک لە خوا نزیک دەبینەوە، تا ئیشی چاکتر بکەین، زیاتر خوا دەناسین، تا خوا زیاتر بناسین، خەڵکمان خۆشتر دەوێت.

(خوا بە هاتوهاوار نادۆزینەوە، بە بێدەنگی دەیدۆزینەوە.) ئەگەر هەست بە هەبوونی خوا ناکەیت، خەڵکت خۆش بوێت و بێ خەم بە! دەشێت لە ناخی خۆتدا هەست بە بوونی خوا بکەیت، بەڵام وەک مەحاڵ وایە بە تەواوی لێی تێبگەیت، پێویستیش ناکات. پاسکاڵ ڕاستی کردووە کە گوتوویەتی: (بە عەقڵ نە لە خوا تێدەگەین، نە لە ڕۆح. دەرک بە هەموو ئەو شتانە دەکەین کە لە خۆمان جیان، کەچی دەرک بە ڕۆح ناکەین کە لە خۆمان جیا نییە.) خوا بە مووسای گوت: پێویستت بەوە نییە، ناوی من بزانیت، هێندەت بەسە بزانیت، هیچ شتێک بەبێ ویستی من نابزوێت. کە بە خوا بڵێین: ئەو، بەوە لە بەهای کەم دەکەینەوە، مەحاڵە بتوانین باسی خوا بکەین، ئاخر خوا لە وشەدا چڕ ناکرێتەوە. ڕۆسۆ دەڵێت: (ئەگەر خوا خۆیشی پیشان بدات، لادین بیانووی دیکە بۆ نکۆڵیکردن لە هەبوونی دەبینێتەوە.) ئەوانەی دەڵێن خوا نییە ڕاست دەکەن، ئاخر خوا بۆ ئەوانە نییە کە ڕووی لێ وەردەگێڕن، بۆ ئەوانە هەیە کە ڕووی تێ دەکەن و لێی نزیک دەبنەوە.

(خوا خۆشەویستییە، ئەوی بڵێت: خوام خۆش دەوێت و برای خۆی خۆش نەوێت، درۆزنە، ئاخر ئەگەر برای خۆی کە ڕۆژانە دەیبینێت، خۆش نەوێت، چۆن خوای خۆش دەوێت کە نەیدیوە و نابینێت. با یەکتریمان خۆش بوێت، ئاخر خۆشەویستی لای خواوە هاتووە و تەنیا ئەوی ئەوانی دیکەی خۆش بوێت، خوا دەناسێت، ئاخر خوا لە خۆشەویستی بەولاوە هیچی تر نییە. خۆشویستنی خەڵک، لە سەرەتاوە دژوار دیارە، بەڵام هەموو شتێک لە سەرەتاوە هەتا فێری دەبین، هەر قورسە. خۆشویستنی ئەوانی دیکە هێندەیش سەخت نییە، هەر ئەوەی دەوێت، کۆسپەکانی بەردەم ڕەوتی چەمی خۆشەویستی تەخت بکەین.)(*)

دەڵێن: پێویستە لە خوا بترسین! ئەوە ڕاست نییە، پێویستە خوامان خۆش بوێت، نەک لێی بترسین، ئاخر مەحاڵە یەکێکمان خۆش بوێت کە لێی دەترسین، ئاخر مەحاڵە لە خوا بترسین کە خۆشەویستییە. پێویستمان بەوە نییە لە خوا بترسین، پێویستمان بەوەیە لە ناخی خۆماندا دەرکی پێ بکەین، هەر کە دەرکمان بە هەبوونی خوا لە ناخی خۆماندا کرد، ئیدی لە هیچ ناترسین. دەڵێن: لە ڕۆژی پەسڵاندا، هەموومان داداگایی دەکرێین و خوا زۆربەمان سزا دەدات، ئەوە ڕاست نییە، خوایەک کە خۆشەویستییە کەس سزا نادات. یەک ئیمانی ڕاست و دروست هەیە کە دەڵێت: خودا خۆشەویستییە، خۆشەویستییش بێجگە لە خۆشەویستی هیچی دیکەی لێ چاوەڕێ ناکرێت.

خۆشەویستی، ئینسان لەگەڵ خوا و لەگەڵ هەموو مەخلووقەکاندا یەک دەخات.
بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە هەموویان تۆیان خۆش بوێت، پێویستت بەوە نییە، یەکە یەکە بچیت بۆ لایان و ڕازییان بکەیت، پێویستت بەوەیە لە خوا کە خۆشەویستییە، نزیک ببیتەوە.
ئەوی دەڵێت: خوام خۆش دەوێت و خەڵکی خۆش ناوێت، خەڵک فریو دەدات، ئەوی دەڵێت: خەڵکم خۆش دەوێت و خوای خۆش ناوێت، خۆی فریو دەدات.
وەک چۆن جەستە پێویستی بە خۆراکە و بەبێ خۆراک پەرێشان دەبێت، ڕۆحیش پێویستی بە خۆشەویستییە و بەبێ خۆشەویستی پەرێشان دەبێت.
ئەگەر بە چاوی ڕۆح سەیری دونیا بکەیت، هەموو شتێک جوان دەبینیت.

*
(١) لیف تولستوی، طریق الحیاة، رسائل في الروح والموت والحیاة، ترجمة: یوسف نبیل، افاق للنشر والتوزیع ٢٠١٨ القاهرة.
(*) پەیامی یەکەمی یۆحەننا.