ڕائیب جادر – هەولێر
پاش ئەوەی چوارچێوەی ھەماھەنگی عەلی زەیدی، ڕاسپارد بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، بە گوتەی چاودێران و شرۆڤەکارانی سیاسی، ئەگەر حکوومەتی نوێ لەسەر بنەمای دەستوور، پرەنسیپەکانی ھاوبەشی و سازان و بەشداریی ڕاستەقینە لە دەزگا گرینگە فیدراڵییەکان پێکھات چارەکردنی کێشەکان ئاسانە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و چەندین دیدار و کۆبوونەوەی زۆر گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی حکوومی و حزبی ئەنجام دا، لە کۆبوونەوەکاندا باس لە پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و چارەکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور کرا، ئەمڕۆش ھەر لە بەغدایە و لەگەڵ سەرکردەکانی دیکە و بەرپرسانی حکومی کۆدەبێتەوە.
ڕۆژی شەممە، عەلی زەیدی، سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد، لە ھەولێر لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرکردەکانی تری ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە. مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کاتی پێشوازیکردن لە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی حکوومەتی فیدراڵ، ڕایگەیاند، ئێمە پشتیوانی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ دەبین لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی فیدراڵی ھەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکوومەت، ئاماژەی دا، ئێستا دەرفەتێکی نوێ ھاتووەتە ئاراوە کە کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و یەکجارەکی چارەسەر بکرێن و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ڕەفتار لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکرێت و بەڕێوەبردنی پرۆسەی سیاسی عێراقیش لەسەر بنەمای ھاوبەشی، ھاوسەنگی و سازان بێت.
ڕەحیم عەبوودی، لە ڕەوتی حیکمە ئاشکرای دەکات، چوارچێوەی ھاوئاھەنگی دەسەڵاتی تەواوی بە عەلی زەیدی داوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا.
عەبوودی، دەشڵێ: پارتی دیموکراتی کوردستان و ھەرێمی کوردستان ھاوپەیمانی سەرەکی و دێرین و گرنگن لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا.
سەلیم ناجی، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: ھەموو پێکھاتەکانی عێراق تا ڕادەیەکی زۆر گەیشتوونەتە ڕێککەوتن کە حکوومەتی عێراق ھەر چی زووە پێک بێت، چونکە پێیانوایە عێراق بە بارودۆخێکی ھەستیاردا تێدەپەڕێت، ئەگەر حکوومەتی نوێیش لەسەر بنەمای دەستوور و پرەنسیپەکانی ھاوبەشی و سازان و بەشداریی ڕاستەقینە لە دەزگا گرینگە فیدراڵییەکان پێکھات چارەکردنی کێشەکان ئاسانە.
ئەو چاودێرە، دەشڵێ: سەرۆک بارزانی و سەرکردەکانی دیکەی پارتی لە کاتی ڕاسپاردنیان بۆ پێکھێنانی حکوومەت پیرۆزباییان لە عەلی زەیدی کرد، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە پارتی لەگەڵ ئەوەیە حکوومەت لە ماوەیەکی زوودا پێک بێت، بەڵام بەمەرجێک داخوازییەکانی کورد جێبەجێ بکەن و دەستوور کلیلی چارەسەری کێشەکان بێت، بۆیە ئەگەر دەستوور بنەما بێت بۆ چارەکردنی کێشەکان و حکوومەت لەسەر بنەمای تەوافق، تەوازن و شەڕاکەت پێکھات پارتییش ھیچ کێشەیەکی نابێت و بەشداری لە حکوومەتی نوێی عێراق دەکات.
سەردار نەوزاد، شرۆڤەکاری سیاسی کە لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوشی عێراقە، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕایگەیاند، ڕاسپاردنی عەلی زەیدی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق ھەنگاوێکی ئاسان نابێت ھەتا بتوانێت کابینەکەی لە ماوە یاساکەیدا تەواو بکات، لەبەر ئەوەی ئەو کەسە ھیچ پاشخانێکی سیاسی نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ھەوڵی خۆی دەدات، ئەوەی لە ھەمووش گرنگتر ئەوەیە ئەمریکا پشتگیری خۆی بۆ دووپات کردەوە، لە ھەمان کاتدا سەرکردایەتی پارتییش بەتایبەتی سەرۆک بارزانی، پشتگیری خۆی بۆ دەربڕی، کاتێک کە سەردانی ھەولێریشی کرد لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم کۆبوویەوە و ئەوانیش پشگتیری خۆیان بۆ دووپات کردەوە، ئەوەش وا دەکات سەرکەوتوو بێت، ھەر چەندە زۆر ناکۆکی لەسەر پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق ھەنە، بەڵام لایەنە سیاسییەکان ھەوڵ دەدەن ئەو قۆناغە بە باشی تێپەڕێنن.

