فازڵ میرانی
من لەو کەسانە نیم کە مل بۆ هەموو گێڕانەوەکانی ڕابردوو بدەم، نەک تەنها لەبەر ئەوەی گێڕانەوە زارەکییەکان بوونەتە نووسراو، بەڵکوو لەبەر ئەوەی زۆر جار دۆکیۆمێنتکردن خیانەت لە مێژوو دەکات؛ زۆر جاریش ڕووداوەکان وەک خۆیان و بە تەواوی ناخرێنە ڕوو، کەسایەتییەکانی ناو مێژووش بە بێلایەنی شیکار ناکرێن. مرۆڤ و دەستکەوتەکانیشی ڕێژەیین، چ وەک تاک بێت یان وەک کۆمەڵ؛ پاڵنەرەکانیش هەمیشە ئامادەن، چ بە ئەنقەست بێت یان لە ترسا. نەزانی و نەزانکردنی خەڵک (تجهیل)، دوو ئامرازی سەرکەوتن بوون لای کەسانێک کە لە ڕابردوودا هەبوون و ئێستاش هەن و لە داهاتووشدا هەر دەمێنن. بەڵام لەبەردەم شکستهێنانی گشتگیری و بێلایەنی لەو مێژووەی بۆمان گواستراوەتەوە، مرۆڤ ناتوانێت پەنا بۆ خەیاڵ ببات تاوەکو لە شتە لێڵەکان تێبگات، یان لەبارەی شتێکی شاراوەوە بنووسێت. بۆیە پێویستە “عەقڵ” لە ڕێگەی تێگەیشتن، لێکدانەوە و ڕەخنەوە مامەڵە لەگەڵ گێڕانەوەکان بکات؛ بەتایبەت مێژووی حوکمڕانی و دەسەڵات و گۆڕانی سیستمەکان بۆ دەوڵەت، و چۆنیەتی ژیانی مرۆڤەکان وەک حاکم و مەحکووم.
دەوڵەتی ئایینی، چ بە ناونیشان و چ بە ناوەڕۆک، تەنها تایبەت نییە بە ناوچەیەکی دیاریکراو؛ چونکە ئایینە ئاسمانییەکان و بیروباوەڕە دەستکردەکان، هەمیشە وەک سەرچاوەی حوکمڕانی ماونەتەوە و هیچ سیستمێکی سیاسی لێیان بەدەر نییە، تەنانەت لای ئەوانەشی کە نکوڵیی لێ دەکەن. ئەوەی لای زۆربەی خەڵک وەک بەڵگەنەویست سەیر دەکرێت، پشت بەستنە بەو کتێبە مێژووییانەی کە تەنها وەک “بەڵگەنامەی نووسراو” ماونەتەوە نەک وەک ڕاستییەکی بێگومان. ئەو سەرچاوانە مێژووی ناوچەکەمان و ناسنامەی ئەو حوکمڕانییانەیان تۆمار کردووە کە لێرەدا دەرفەتی ژماردنیان نییە، بەڵکو مەبەستەکە قووڵبوونەوەیە لە هۆکارەکانی سەرهەڵدان و رووخانیان، و دەرکەوتنی ڕاستگۆییان کاتێک دەگەنە دەسەڵات؛ ئایا چۆن و بە چ ئامرازێک و بە چ شەرعییەتێک حوکمیان کرد؟ کاریگەرییان لەسەر خەڵک چی بوو؟ ئایا خەمی خۆیان بوو یان خەمی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی سەرکەوتوو؟
لەوەش گرنگتر، ئەو “ناونیشانە شەرعییە” چی بوو کە خۆیان پێ دەناسان؟ بۆ ئەوەی ئەم مێژووە ببێتە ئەزموون، دەبێت ڕاستگۆیی مێژوونووسان تاقی بکرێتەوە، تاوەکو عەقڵ بە پیرۆزکردنەوە شوێن شتێک نەکەوێت کە شایەنی پیرۆزکردن نییە. “پەند وەرگرتنیش” بۆ سێ لایەنە: بۆ “فەرمانڕەوا” تا تاوانی ئەوانی پێش خۆی دووبارە نەکاتەوە؛ بۆ “گەل” تا بێدەنگ نەبێت لە ئاست ئەوەی تەنها وەک ژمارەیەک سەیر بکرێت؛ و بۆ “مێژوونووس” تا ڕاستییەکی گرنگ نەشارێتەوە و پاساو بۆ تاوان نەهێنێتەوە.
لەسەر ئەم بنەمایە، ئەزموونی مرۆڤایەتی لە حوکمڕانیدا دوو جۆرە: قۆناغی کورتخایەن کە تێیدا حوکم وەک “سێبەرێک” (الظلال) بووە و میهرەبانیی بەسەر خەڵکدا ڕشتووە؛
قۆناغی درێژخایەن کە تێیدا حوکمڕانی “سەرلێشێوان و گومڕایی” (الضلال) بووە و تەنها کارەساتی بۆ خەڵک بەرهەم هێناوە. جیاوازیی نێوان “سایە” و “سەرلێشێوان” تەنها لە دوو شتدا کورت دەبێتەوە: عەقڵ و ویژدان. عەقڵێک کە هەڵگری شەڕ بێت، و ویژدانێک کە جێگەی هەموو شتێکی تێدا ببێتەوە جگە لە ڕاستگۆیی و چاکە؛ ئەمانە دوو سیفەتی سەرەکین بۆ حوکمڕانییەکی سەرلێشێواو.

