ڕەنج باراوی
بەڕێز/ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
بابەت/ نیشتمانێک لە ڕەنگی ژیان: پێشنیار بۆ شۆڕشێکی سەوزی جەماوەری
سڵاوێکی نیشتمانی و ژینگەدۆستانە..
بەڕێز سەرۆکی حکوومەت، جیهانی ئەمڕۆ لە قۆناغێکدایە کە ژینگە وەک بڕبڕەی پشتی ئاسایشی نەتەوەیی و تەندروستی ی گشتی سەیر دەکرێت. وەک کەسێک کە ساڵانێکی درێژ لە وڵاتانی تونس و ئوردن ژیانم کردووە، بەهۆکاری ژیان کردنم لە نزیکەوە بینیم کە چۆن ئەم دوو وڵاتە بوونە نموونەی سەرکەوتووی ژینگەپارێزی. مێژووی تونس و نازناوی “تونس الخضراء” بەرهەمی دیدی ستراتیژیی حەبیب بۆرقیبە بوو، کە ژینگەی کردە بنەمای دەوڵەتسازی و لە ڕێگەی پلانە نیشتمانییەکانەوە “قەڵغانی سەوز”ی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیابانبوون دروست کرد. هەروەها ئەزموونی شانشینی ئوردن سەلماندی کە سەرەڕای کەمیی سەرچاوە ئاوییەکان، دەکرێت بە بەڕێوەبردنی ژیرانە، داڕشتنی یاسای توند و بەشداری جەماوەری، ژینگەیەکی سەوز و پارێزراو بونیاد بنرێت. ئاشکرایە کە ئەزموونی (تونس)لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو باس دەکرێت، بەتایبەت کە ئێستا لەسەر ئاستی تەواوی ئەفریقا پڕۆژەیەکی گەورەتر هەیە بە ناوی “دیواری سەوزی مەزن” (Great Green Wall) کە لە سەنیگالەوە تا جیبۆتی دەڕوات و تونسیش سوود لەو ئەزموونانە وەردەگرێت.
بۆ ئەوەی کوردستانەکەمان لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکاندا هەنگاوی گەورە بنێت، ئەم پێشنیارە نیشتمانییە دەخەینە بەردەستی جەنابتان:
١. ڕاگەیاندنی هەفتەی “کاری جەماوەری” (عمل الشعبي):
داواکارین جەنابتان هەفتەیەک وەک “هەفتەی نیشتمانیی ژینگە” ڕابگەیەنن و تێیدا پشووی فەرمی بکرێتە دەرفەتێک بۆ ئاشتکردنەوەی مرۆڤ و سروشت. پێشنیار دەکەین جەنابتان سەرجەم وەزارەتەکان ڕاسپێرن کە لە بەڕێزان وەزیرەکانەوە تا خوارترین پلەی وەزیفی، لەو هەفتەیەدا بە کردەیی بەشدار بن لە پاککردنەوەی ژینگە و چاندنی نەمام، تاوەکو دامودەزگاکانی دەوڵەت ببنە پێشەنگی ئەم گۆڕانکارییە.
٢. هەڵمەتێکی میدیایی و پەروەردەیی و ئایینی:
پێویستە ئەم هەفتەیە بە هەڵمەتێکی میدیایی گەورە و سەرتاسەری دەست پێ بکات. هاوکات، ژینگەپارێزی بکرێتە بەشێک لە کولتوور و پڕۆگرامی خوێندن، و بە پاڵپشتی وەزارەتی ئەوقاف، ئەم بابەتە لەسەر مینبەری مزگەوتەکان وەک ئەرکێکی پیرۆزی ئایینی و ئەخلاقی باسی لێوە بکرێت و هانی خەڵک بدرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی زەوی.
٣. شایستەداراییەکان و پشتگیری کارمەندانی ژینگە:
وەک دەستخۆشییەک بۆ پارێزەرانی ڕاستەقینەی ئەم خاکە، پێشنیار دەکەین بە پاڵپشتی جەنابتان مووچەی کارمەندانی ژینگە و خاوەن گرێبەستەکان بۆ ئاستێکی باڵا و شایستە بەرز بکرێتەوە، تاوەکو بە ورەیەکی بەرزەوە پارێزگاری لەو سەوزاییە بکەن کە بەرهەمی ئەم هەڵمەتە دەبێت.
٤. پشتگیری ڕێکخراوەکان و کەرتی مەدەنی:
حکومەت لەم هەفتەیەدا تەواوی پێداویستییە لۆجستییەکان دابین بکات و پاڵپشتییەکی بێوێنەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بکات، تاوەکو هەڵمەتی چاندنی “یەک ملیۆن نەمام” بە شێوەیەکی زانستی و بەرفراوان جێبەجێ بکرێت.
بەڕێز سەرۆکی حکومەت، ئێمە دەمانەوێت کوردستان وەک تونس هەمیشە سەوز بێت و وەک ئوردن لە ڕووی زانستی و یاساییەوە پێشەنگ بێت. ئەم هەنگاوە مەزنەی جەنابتان، تەندروستی و سەلامەتی بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو مسۆگەر دەکات.
لەگەڵ ڕێز و پێزانینی بێپایان..
* سەرۆکی پەیمانگای چاکسازی تاوانکاری کوردستان

