ئاری ئاغۆک
بەدرێژایی مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی، هەر قۆناغێک بە کۆمەڵە پرس و بابەتێکی پەیوەست بەکاری ڕۆژنامەنووسی و پڕۆسەی نووسین دا تێپەڕیوە، بۆیە کە یادی ٢٢ ی نیسان ( ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی) دەکەینەوە، ناکرێ هەموو ساڵێ بە کۆمەڵە ووشەیەکی دووبارە باس لە کاروان و مێژوو و گرنگی ئەم بزاڤە گەورەیە بکەین و تەواو!
لەگەڵ ئەوەی ئێمە هەمیشە بە شانازیەکی گەورەوە لەو هەوڵ و مێژووە زێرینەی (میقداد مەدحەت بەدرخان)دەڕوانین، بەڵام پرسیارە گرنگەکە لەوەدایە، ئایا لەم قۆناغ و زەمەنە، لەم سەردەمی زۆری و بۆری کاری میدیایی و ڕۆژنامەگەری و پڕۆسەی نووسین دا، لەکوێی نەخشە و ڕووبەرە فراوانەکە داین؟ کێن ئەوانەی خەمخۆرانە و پیشەییانە لەو بوارە کاردەکەن، لەبەرانبەردا پرسیارێکی دیکە دروست دەبێت، ئایا ئەوانەی ئێستا تەنیا وەک ناوبانگ بەبێ باگڕاوندێکی ڕۆشنبیریی هاتونەتە گۆڕەپان، چ ئامانج و پلانەکیان هەیە؟
ئەمانە و چەندین پرسیاری تر، دەمانباتەوە ئەو ئەو دوو ڕیانەی کە یەکێکیان نووسەر و ڕۆژنامەنووسی خاوەن قەڵەمی ڕاستگۆن، ئەوی دیکەش مایەک بەدەستی لەرزۆکن!.
بەداخەوە لەم سەردەمەدا جۆرە تێکەڵیەک لەم کارە هەیە و بە هەمووان دەڵێن ڕۆژنامەنووس.
بێگومان لەم ئێستادا زۆربەمان دەمانەوێت وەک ڕۆژنامەنووس و میدیا کار و نووسەر بناسرێین، بەڵام بە ڕێژە کەمن ئەوانەی دەیانەوێ لەڕێگەی ووشەو نووسین و قەڵەمەوە پەیامە ڕاستگۆییەکە بگەیەنن، چونکە قەڵەمی ڕاستگۆ تەنیا لەیەک گۆشەوە لە پڕۆسەکە ناڕوانێت، بەڵکو لەچەندین گۆشە و دیدگاوە دەیەوێ پەیام و ڕاستیەکان بە ویژدان و ئەمانەتەوە بگەیەنێت، بۆیە ڕۆژنامەنووسی ڕاستگۆ تەنیا ووشە ڕیز ناکات، بەڵکو دەیەوێ لەنێو ڕیتمی ووشە و ڕستەکان دا چیرۆکە ڕاستیەکە بگەیەنێت گەر تاڵیش بێ بەڵام حەقبێژانە دەری دەبڕێ و ترس و گومانی لەلانیە.
بەڵام لەگەڵ بوونی ئەو قەڵەمە ڕاستگۆیانە، بەداخەوە چەندین مایکی لەڕزۆک هەن دەیانەوێ ئەو پیشە پاک و جوانە کە کاری ڕۆژنامەنووسی یە، وێنە گەورەکە بە خواری و ناشیرینی و ناڕاستی بگەیەننە بینەر و خوێنەر و بیسەر
ئەویش بەبێ هیچ باگڕاوندێکی رۆشنبیری و ئیعلامی، تەنیا لە پێناوی زوو خۆ ناساندن و هاتنە سەر شاشە و لایک و کۆمێنت و ڤیدیۆ و بینینی زۆر، ئەوا وەک ڕۆژنامەنووس دەیانەوێ بناسڕێنن و خەڵک و بینەر و کۆمەڵگە بیان ناسێ، بە بێ هیچ پڕەنسیب و بنەمایەکی رۆژنامەنووسی.
لێرەدا بۆ ئەم بابەتە نمونەمان زۆرن: گەلێ جار پەیامنێری مایک بەدەست بۆ پرسیارکردن لە بەرپرسێک یا کەسێکی پلەداری وەزیفی راستەخۆ بێ هیچ گوێ دانە ئیتێکی ڕۆژنامەوانی و کۆمەڵایەتی پرسیاری لابەلا و دوور لە واقعی حاڵ ئاڕاستەی کەسایەتیەکە دەکات، لەکاتێک دا ئەم پرسیار و گفتوگۆیانە کات و ساتی خۆی پێویستە، ئەمانە و چەندان نمونەی دیکە وا لەهەمووان دەکات، ستۆپێک بەم حالەتانە بکەین و سەندیکا و لایەنی پەیوەندیداریش لێیان بەگلەیی بن، کەچی ئەوان هەر بەردەوامن.
بۆیە هەموو ئەو وێنە ناشیرینانە پێمان دەڵێن خەریکە لە نێوان (مایکی بەدەست و قەڵەمی ڕەسەن ) دا تێکەڵیەک دروست بوە و هەموو بەیەک چاو سەیری دەکرێ، لەکاتێک دا نووسەر و ڕۆژنامەنووسی وەئاگا، لە پێناو شکۆ و سەنگینی و بەهاداری کارەکەی هیچ کات قەڵەمەکەی لاواز ناکات و نایکاتە قوربانی، چونکە ئەو جۆرە ڕۆژنامەنووسانە قەڵەم و کار و پیشەکەیان تەنیا بۆ ئامرازێکی بەرژەوەند خوازی بەکارناهێنن، بەڵکو وەک پرسێکی ئەخڵاقی و مێژوویی مامەڵە لەگەڵ نووسین و پەیام و ڕووداوەکان دەکەن، ئەوان نووسینەکانیان دەکەنە ئاوێنەیەکی ڕوون بۆ کۆمەڵگە، بەڵام مایکە لەرزۆکەکان هەمیشە هەوڵی شکان و تێکدانی ئەو ئاوێنەیە دەدەن و نایانەوێ هیچ کەسێک خۆی تێداببینێتەوە تەنیا خۆیان وەهمیانە بە گەورەیی تێدا دەبینن لەکاتێک دا هەر لە بنەڕەت دا بە بچوکی و لاوازی هاتونەتە گۆڕەپانەکە.

