شێرکۆ حەبیب
بەشی پێنجەم
دەزگاکانی راگەیاندی میدیایی لە کۆمەڵگادا گرنگییەکی زۆری هەیە و ئەم گرنگییە لە بەرپرسیارێتی میدیا بەرامبەر بەو کۆمەڵگایەی کە تێیدا کاردەکات، بەرپرسیارێتیەکانی بەرامبەر بە خەڵکی گشتی و کۆمەڵگەی ناوخۆیی سەرچاوە دەگرێت. ئەمانە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و یاسایین کە دەبێت ڕۆژنامەنووس ڕەچاوی بکات.
کۆمەڵگا مرۆییەکان لەمڕۆدا پێویستییەکی زیاتریان هەیە بۆ پابەندبوون زیاتر بە ئەخلاقی پراکتیکی میدیاییەوە، بە لەبەرچاوگرتنی دەرئەنجامەکانی جیهانگیری میدیا و کولتووری کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تووشی دەبێت، و سەرپێچییەکانی دەرئەنجامی ئەو شتانەی کە قەدەغەکراون یان بە تەواوی قبوڵ ناکرێن.
دەتوانرێت بنەما ئەخلاقییەکان وەک سیستەمێک لە بنەماکان پێناسە بکرێت کە ڕێنمایی و ئاراستەی کردار دەکات، دیاری دەکات کە پێویستە چی بکرێت. ئەوان لەسەر بنەمای بەهاکان- کەسی، پیشەیی، کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی- دامەزراون و لە ئیستدلالێکی دروستەوە سەرهەڵدەدەن. بڕیاردانی ئەخلاقی تەنیا بە واتای بەکارهێنانی ئەم بەهایانە لە کاری ڕۆژانەدا. لە بەرامبەردا یاسا پێناسەی ئەوە دەکات کە لە دۆخێکی دیاریکراودا چی ڕێگەپێدراوە و چی ڕێگەپێدراو نییە.
پێوەری ڕۆژنامەگەری ئەخلاقی بریتین لە پێویستی فرەیی لەناو میدیادا، کە ڕاپۆرتکردنی ورد و کوالیتی بەرز و هەمەچەشنی بۆچوونەکان لەخۆدەگرێت. میدیا دەبێت بتوانێت و ئامادەبێت نادروستی یان هەڵەکان ڕاست بکاتەوە و لە شوێنی پێویستدا بە خێرایی چاکسازی بکات. هەروەها پێویستە ڕۆژنامەنووسان لە کاتی ڕاپەڕاندنی کارەکانیاندا ڕێز لە کەرامەتی مرۆڤ و مافی کەسانی دیکە بگرن.
لە نێو ئەم پێوەرانەشدا ئەوەیە کە میدیاکان خۆیان لەو وتار و بابەت و لێدوانانە بەدوور بگرن کە ڕق و دوژمنایەتی بەرامبەر بە ئایینەکان یان نەتەوەی دیاریکراو یان ڕەگەزپەرستی لەخۆدەگرن. بەڵکو کار لەسەر ڕێزگرتن لە ڕاستییەکان بکات، لە هەمان کاتدا ڕەچاوکردنی سەربەخۆیی و بێلایەنی بەرامبەر بە هەر لایەنێک و بەرەوپێشبردنی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی پیشەیی و پەیڕەوکردنی سیاسەتی کراوەیی و شەفافیەت و لێپرسینەوە بەرامبەر بە هەموو هاوکارانی پیشەکە و کارکردن بۆ چاکەی گشتی.
ڕۆژنامەگەری ئەخلاقی جەخت لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی بەها سەرەکییەکانی ڕۆژنامەگەری دەکاتەوە بە دڵنیابوون لە ڕاستییەکان، سەربەخۆیی، مرۆڤایەتی و هاودەنگی گشتی. پێویستە کۆمەڵگەیەکی ڕۆژنامەوانی بەهێز و یەکگرتوو بنیات بنرێت، توانای نەهێشتنی نەزانی و گەندەڵی و لایەنگری و توندڕەوی هەبێت. پابەندبوون و متمانەپێکردن و بابەتیبوون و بێلایەنی لەو شتانەی کە دەینووسیت متمانەی گشتی بەدەستدەهێنێت.
بۆیە پێویستە ڕۆژنامەنووس بە شێوەیەکی بابەتیانە بنووسێت و بۆچوون و سۆزی خۆی لەو شتانە جیا بکاتەوە کە دەینووسێت، چونکە پەیامنێری هەواڵە و چاکسازی کۆمەڵایەتی یان پزیشکی دەروونی نییە.
1-لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین ڕۆژنامەنووس دەبێت پابەند بێت بەمانەی خوارەوە:پاراستنی مافی کەسانی تر: ڕێزگرتن لە مافی کەسانی تر و پێشێلی ئازادییەکانیان نەکەن یان بابەتی تایبەتی خۆیان ئاشکرا نەکەن، مەگەر بابەتەکە پەیوەندی بە کۆمەڵگاوە هەبێت، وەک تاوان. هەروەها هەوڵبدە هەواڵەکە بە دادپەروەرانە بنووسرێت، بە بێلایەنی تەواوەوە باسی لێدوانی هەموو لایەنەکان بکە. تۆ ماف و ئازادییەکی تەواوت هەیە بۆ دەربڕینی تێڕوانین و بۆچوونی کەسایەتی خۆت، ڕوونی بکەیتەوە کە بۆچوونی شەخسی خۆتە و نوێنەرایەتی ڕای ئەو ڕۆژنامە یان ماڵپەڕە ناکات کە کاری بۆ دەکەیت.
2- بیرکردنەوەی ئەخلاقی: پێش ئەوەی هەواڵێک بنووسێت یان وێنەیەک بڵاوبکاتەوە، ڕۆژنامەنووس یان پیشەگەری میدیا – جا سەرنوسەر بێت یان فۆتۆگرافەر – دەبێت بە قووڵی بیر لە هەموو ئەو کێشانە بکاتەوە کە ئەو هەواڵە یان وێنانە دوای بڵاوکردنەوە تووشی دەبن.
3- میساقەکانی ئەخلاقی: پابەندبوون بە کۆدە ئەخلاقییەکان: هەندێک لە ڕۆژنامە چاپکراوەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی یا ئۆنلاین، نێودەوڵەتی کۆدی ئەخلاقییان دامەزراندووە کە هەڵسوکەوتی کارمەندەکانیان بەڕێوەدەبات، لەوانەش سیاسەتەکان سەبارەت بە وەرگرتنی دیاری یان ئەرک لە دەرەوەی کاتی کارکردنی فەرمی. حاڵەت هەبووە کە پەیامنێران بەهۆی پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ سەرچاوەکان یان ئیستغلالکردنی زانیاری بۆ بەرژەوەندی کەسی لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.
4- پابەندبوون بە بنەماکان: لە گرنگترین بنەماکان کە دەبێت پیشەیی میدیا و ڕۆژنامەنووس خاوەنی بێت بریتین لە:
1- بەرپرسیاریەتی: هەر پابەندبوونێک بە متمانە و بابەتیی و بێلایەنی لەو شتانەی کە دەینووسیت بۆ ئەوەی متمانەی ڕای گشتی بەدەستبهێنیت.
2- داکۆکی کردن لە ئازادی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری: ئەمەش بە بەرگریکردن لێی دەکرێت (بۆیە پیشەکەت بچوک مەکە، وە بە خراپی وەسفی مەکە بەهۆی ڕەفتار و کردارەکانی هەندێک تاک کە تێیدا کاردەکەن).
3- سەربەخۆیی: پاراستنی کەرامەت و دەستپاکی زۆر پێویستە، چونکە تۆ پیشەیی میدیایی و ڕۆژنامەنووسێکی هەڵگری پەیامێکی گرنگی. تۆ ڕۆڵێکی ڕۆشنگەری و پەروەردەیی لە کۆمەڵگاکەتدا دەگێڕیت، وە تۆ دەستێوەردانکەر و ئامرازێک نیت بۆ جوانکردنی وێنەی ئەوانی تر.
4- متمانە و ڕاستگۆیی و وردبینی: لە هەموو نووسینەکانتدا لێکۆڵینەوە لە بابەتە بکە تا متمانەی خوێنەر بەدەست بهێنیت.
5- بێلایەنی: بە شێوەیەکی بابەتیانە بنووسە و بۆچوون و هەست و سۆزەکانت لەو شتانە جیا بکەرەوە کە دەینووسیت. تۆ پەیامنێری هەواڵەکانیت نەک چاکسازیخوازی کۆمەڵایەتی یان پزیشکی دەروونی.
راستگۆی ڕۆژنامەگەری پەیوەستە بە پابەندبوونی بە ڕاستی و خۆبەخشی جددییەوە بۆ وردبینی و بابەتگەرایی و جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان هەواڵ و پڕوپاگەندەدا. کاتێک کە هەڵەی ئەخلاقی لە ڕۆژنامەگەریدا ڕوودەدات- بۆ نموونە ڕۆژنامەنووسان زانیاری دروست دەدەن، سەرنوسەرەکان پارە لە هەندێک سەرچاوە وەردەگرن، یان دەزگاکانی ڕاگەیاندن کە پڕوپاگەندەی لایەنگری بڵاودەکەنەوە- خەڵک مافی ئەوەی هەیە گومان لە هەموو ئەو شتانە بکات کە لە میدیاکاندا دەردەکەون. هەموو ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوە ڕاگەیاندنەکان زەرەرمەند دەبن کاتێک ڕۆژنامەنووسان ڕەفتارێکی نائەخلاقی و ناپیشەیی دەکەن، چونکە هەڵسوکەوتەکانیان گومان دەخاتە سەر متمانەی پیشەکە. وە کاتێک متمانە بەخۆبوون تێکدەچێت، توانای دارایی ڕێکخراوی میدیایش کاریگەری لەسەر دەبێت.
بنەما ئەخلاقی و یاساییەکان
لە وڵاتانی دیموکراسیدا، میدیا مافی بڵاوکردنەوەی زانیاری هەیە بەبێ ڕەزامەندی پێشوەختەی حکومەت. زۆرێک لە وڵاتان پارێزگاری یاسایی بۆ ڕۆژنامەنووسان دابین دەکەن بۆ بەکارهێنانی ئەم مافە. بەڵام مافەکان لەگەڵ بەرپرسیارێتیدا دێن. بەرپرسیارێتی سەرەکی ڕۆژنامەنووسان لە هەر کۆمەڵگایەکی ئازاددا، ڕاپۆرتکردنی زانیارییە بە وردی و بێلایەنانە و دادپەروەرانە- بە واتایەکی تر، پراکتیزەکردنی ڕۆژنامەگەری ئەخلاقی.
جاڕنامەی چاپولتێپێک کە لە ساڵی ١٩٩٤ لە لایەن ولایەتەکانی ئەمریکاوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گوشارەکانی سەر ئازادی ڕادەربڕین لە نیوەگۆی ڕۆژئاوا پەسەند کرا، بە ڕوونی ئەوە دەخاتە ڕوو کە ڕۆژنامەگەریی ئەخلاقی بۆ سەرکەوتنی درێژخایەنی میدیا پێویستە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە:
راسگۆی ڕۆژنامەگەری بەستراوەتەوە بە پابەندبوونی بە ڕاستی و بەدواداچوون بۆ وردبینی و دەستپاکی و بابەتگەرایی و جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان هەواڵ و پڕوپاگەندەدا. گەیشتن بەم ئامانجانە و بەرزڕاگرتنی بەها ئەخلاقی و پیشەییەکان ناتوانرێت بسەپێندرێت. ئەم بەرپرسیارێتییە تەنیا لە ئەستۆی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاندایە. لە کۆمەڵگا ئازادەکاندا ئەوە ڕای گشتییە کە پاداشت دەداتەوە یان سزا دەدات.
ڕۆژنامەنووس و ڕۆماننووس خوالێخۆشبوو جۆن هێرسی، خاوەنی خەڵاتی پولیتزەری ، کە ڕووماڵی دوای تەقینەوە ئەتۆمییەکەی هێرۆشیمای کرد، وتی، “یەک یاسای پیرۆزی ڕۆژنامەگەری هەیە، ئەویش ئەوەیە کە نووسەر نابێت هەواڵ هەڵیببەستێت. ئەو بڕوانامە ڕۆژنامەوانیانەی کە هەڵیدەگرن دەبێت بڵێن، ‘من هیچ کام لەمانەم هەڵنەبەستووە.’ نەیانگوت، هەروەها بانگەشەی ئەوە ناکەن کە لەو شوێنەدا بوون کە نەبوون. هەروەها کارەکانی ئەوانی تر ناخەنە ڕوو، بەرپرسان و خەڵک بەلاڕێدا دەبەن بۆ ئەوەی باوەڕیان بەوە هەبێت کە هی خۆیانە. لە کاتێکدا کە هەڵبەستن و دزیکردن لە سەرانسەری جیهاندا بە پێشێلکردنی ستانداردە سەرەتاییەکانی ڕۆژنامەگەری دادەنرێت، هەندێک پێشێلکاری بێ ئاگا دەمێننەوە.
ڕۆژنامەنووسان هەموو ڕۆژێک لە کارەکانیاندا ڕووبەڕووی دووفاقی ئەخلاقی دەبنەوە، لەژێر فشاری خاوەن ڕێکخراوەکانی هەواڵ و ڕکابەرەکان و ڕێکلامکەران و خەڵک. ئەوان پێویستیان بە پرۆسەیەک هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم دووفاقیانە بۆ ئەوەی ئەو ڕۆژنامەگەرییەی بەرهەمی دەهێنن ئەخلاقی بێت. هەروەها پێویستیان بە چوارچێوەیەک هەیە بۆ بیرکردنەوە لە پرسە ئەخلاقییەکان کە یارمەتیان بدات بڕیاری دروست بدەن، تەنانەت پێش وادەی پێشکەشکردنی هەواڵێک.
ئەم شێوازە بیرکردنەوە لەسەر بنەماگەلێک دامەزراوە کە ڕۆژنامەنووسان پشتی پێدەبەستن. ئەمانەی خوارەوە بنەما سەرەکییەکانی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی پیشەیی ئەمریکییە، کە ڕێکخراوێکی ڕۆژنامەوانییە و ڕۆژنامەنووسان دەتوانن بە هەڵبژاردن بەشداری بکەن.
• بەدوای راستییەکاندا بگەڕێ و بیگەیەنن.
ڕۆژنامەنووس دەبێت ڕاستگۆ و متمانەپێکراو و بوێر بن لە کۆکردنەوە و پێشکەشکردن و لێکدانەوەی زانیاریدا.
• تا دەتوانیت زیانەکان کەم بکەرەوە.
ڕۆژنامەنووسانی ئەخلاقی وەک هاومرۆڤێک مامەڵە لەگەڵ سەرچاوەکانیان و ئەو کەسانە دەکەن کە لە ڕاپۆرتەکانیاندا ئاماژەی پێدەکەن کە شایەنی ڕێزن.
• بە شێوەیەکی بێ لایەن مامەڵە بکە.
ڕۆژنامەنووس دەبێت دوور بێت لە پابەندبوون بە هەر بەرژەوەندییەکی تر جگە لە مافی زانینی گشتی.
• پابەندە بە لێپرسینەوە.
ڕۆژنامەنووسان لەلایەن خوێنەران و گوێگران و بینەران و هاوکارەکانیانەوە دەچنە ژێر لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە.

