فەرهاد قادر ئۆمەر
لە ژیاندا هەندێ وێنە هەیە، جگە لەوەی گرتەیەکی فۆتۆگرافییە، لە هەمان کاتدا کڵاوڕۆژنەیەکە بە ڕووی مێژوویەکی زیندوودا کە خەریکە لە ژێر تۆزی تەکنەلۆژیا و ژیانی مۆدێرنەدا ون دەبێ. هەر لەو ڕووەوە کاتێ سەیری دیمەنی کاك فازڵی فەخری بەگ دەکەین لە گوندی عەڵیاوەی خۆشناوەتی، وەك ئەوە وایە لاپەڕەیەکی زێڕین لە کتێبی ژیانی کوردەواریمان بۆ هەڵدرابێتەوە. ئەم دیمەنە، کورتکراوەی پەیوەندییەکی سێقۆڵییە:
مرۆڤ، سروشت، مێژوو. کاك فازڵی فەخری بەگ، بەو شکۆیە سوارچاکانەیەوە، وێڕای پیاوێکی ڕاوچی کە لە کێو بگەڕێتەوە، ئەو نوێنەری نەوەیەکە کە زەوی و شاخیان وەك بەشێك لە جەستەی خۆیان دەناسی. لەو ساماڵە خۆشەدا کە خۆر خەریکە؟ ماڵئاوایی لە لووتکە بەرزەکانی خۆشناوەتی دەکات، تیشکی زەردەپەڕ وەك خەڵاتێكی خوایی بەسەر شان و باڵی سوار وئەسپەکەدا دەپڕژێت، تا پێمان بڵێت: لێرە، لە دڵی خۆشناوەتیدا، ڕەسەنایەتی هێشتا هەناسە دەدات. ئەو ئەسپە ڕەسەنەی ژێر زینی کاك فازڵیش، کە لە فەرهەنگی ئێمەدا، ئەسپ هاوبەشی خەم و شادییە، نیشانەی ئازایەتی و خۆڕاگرییە. لە لایەکی ترەوە، ئەو تاژییەی کە لە پێشەوە دەڕوات، هێمایە بۆ ئەو وەفایەی لە باوەشی سروشتدا دەدۆزرێتەوە. وەك دەزانن تاژی لە فەرهەنگ و کولتووری ڕاوشکاری کوردیدا، جێگەی تایبەتی هەبووە، ئەو جگە لە ڕاو، وەك پاسەوانێکی هۆشیار هەمیشە هەنگاوێك لە پێشەوە بووە. ئەوەی ئەم وێنەیە جوانتر دەکات، سادەیی و ڕەسەنایەتییەکەیەتی. لێرەدا شتێك نییە بۆ نمایشکردن. بەڵکو هەموو شتێك سروشتییە، ماندووبوونی دوای ڕاو، ئارامی ئێواران و، ئەو پەیوەندییە قووڵەی کە لە نێوان مرۆڤ و ژینگەکەیدا هەیە. گوندی عڵیاوەو ونکە، بەو جوگرافیا سەخت و جوانەی خۆشناوەتییەوە، هەمیشە لانکەی پیاوی بەجەرگ و سوارچاکی وەها بووە کە پارێزەری کەلتووری ڕەسەنی ناوچەکە بوون.ئەمڕۆ کە سەیری ئەم وێنانە دەکەین، جۆرێک لە ناڵەی دەروون و حەسرەت دامان دەگرێت. حەسرەت بۆ ئەو سەردەمەی کە مرۆڤ تێیدا متمانەی بە بازووی خۆی و وەفای ئەسپ و تاژییەکەی هەبوو. ئەم وێنەیە پەیامێکە بۆ نەوەی ئەمڕۆ کە پەیامی پاراستنی ئەو شوناسە و گەڕانەوە بۆ لای ئەو ڕەگ و ڕیشاڵەی کە لە دڵی شاخەکان و گوندەکانی وەك عەڵیاوەدا چەکەرەی کردووە. ماوە بڵێین، ماندوو نەبی کاك فازڵ، تابلۆکەت هەمیشە بە زیندوویی لە یادەوەریی خۆشناوەتی و کوردەواریدا دەمێنێتەوە.

