رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆژی ژینگەی کوردستان

ئاری ئاغۆک*
کاتێ باس لە یادکردنەوەی بۆنەیەک دەکەین، بەر لە هەموو شتێک دەبێ بزانین ئەم یاد و بۆنەیە بۆ ئەو ڕۆژ و ڕێکەوەتەی بۆ دەستنیشان کراوە، ئایا باسکردن لەو ڕۆژە تەنیا یادکردنەوەیەکی ئاسایی و دووبارەیە؟ یاخود تێڕامان و خستنەڕوویەکە بۆ ئەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە بزانن لەو ڕۆژە چی ڕووی داوە و، بۆ ئەم یادە دەکرێتەوە؟
یەکێک لەو ڕۆژە دەستنیشانکراوانەی ساڵ بریتیە لە ( ١٦ ی نیسان) کە بە ڕۆژی ژینگەی کوردستان ناسراوە؛ دیارە مەبەست و ڕەهەندە نیشتمانیەکەی ئەو ڕێکەوتە بۆ یاد و بۆنەیەکی ناخۆش لە مێژووی گەلی کورد دەگەڕێتەوە؛ بەداخەوە ئێوارەی ڕۆژی ١٦/٤/١٩٨٧ فڕۆکە جەنگیەکانی ڕژێمە داڕزاوەکەی بەعس، بە چەکی کیمیایی کەوتنە بۆمبارانکردنی ناحیەی (بالیسان و شێخ‌وەسان)، لە ئەنجامدا ژمارەیەک قوربانیی لێ کەوتەوە؛ سەرەڕای ٢٣٧ شەهید و ٨٧ بریندار، سروشتی ناوچەکەیشیان پیس کرد و تێکیان دا؛ دار و درەختێکی زۆر سووتا و، ئاژەڵ و باڵندەی خۆماڵی و کێوی و مەلومۆرێکی زۆریش فەوتان؛ دەیان سەروچاوە و کانیاویان کوێر کردەوە.
پەرلەمانی کوردستان وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو کاولکاری و وێرانکاریەی بەسەر ئەو ناوچەیەدا هات، لە دانیشتنی ژمارە (٥)ـی ڕێکەوتی ٧/٤/٢٠٠٨ـدا بە بڕیاری ژمارە (۱)ـی ساڵی ٢٠٠٨، ڕۆژی ١٦/٤ـی دیاری کرد بە ڕۆژی ژینگەی کوردستان.
دیارە ساڵانە لەم ڕۆژەدا چەند چالاکیەکی هەمەچەشن و تایبەت بە بواری ژینگە ڕێک دەخرێت، وەکو هەفتەی هۆشیاریی ژینگەیی و مەراسیمی تایبەت بە ژینگە و سیمینار و هەڵمەتی جۆراوجۆری ژینگەیی و دابەشکردنی خەڵات بەسەر ئەو کەسانەی جێپەنجەیان دیارە و کار دەکەن لەمەڕ پرسی ژینگە لە کوردستان.
لەگەڵ ئەوەی هەمیشە ئەو ناونیشانە دووپات دەکەینەوە کە پێویستە ئێمە هەموو ڕۆژ و کات و ساتێکمان بۆ ژینگە و ژینگەدۆستی و ژینگەپارێزی بێت، بەڵام وەک بیرەوەریەک لە یادگەی نەوەی ئەوکات و گێڕانەوەی بۆ نەوەی ئێستا و دواڕۆژ، پێویستە هەموومان پەیمان بۆ زەی و خاک و نیشتمان نوێ بکەینەوە کە پارێزەری ڕاستەقینەی سروشت و ژینگە و ژیانین، چونکە هەستکردن بە لێپرسراویەتی بەرانبەر بە ژینگە تەنیا دروشم و قسە نیە، بەڵکو کردار و خەمخۆری و هەڵوێستە بەرانبەر بەو کارە ناهۆشیاریانەی بە سروشت و ژینگە و خاک دەکرێت.
لێرەدا چەمک و ڕەهەندە ئینساندۆستی و نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەریەکە لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە ئەوێ ڕۆژێ دژمن و رژێم خاک و نیشتمان و سروشتی جوانی کوردستانیان کیمیاباران کرد، ئێستاش دەبێ ئێمە بنیادی بنێینەوە، نەک پیس و فەرامۆشی بکەین، گەر ئەم جیاوازیەمان نەبێت کەواتە چیمان بە چی کرد؟!
بۆیە لەو یاد و بیرەوەریەدا تاڵەدا دەبێ ئەو هۆشیاریە دووپات بکەینەوە کە هەر یەکەمان لە شوێن و پێگەی خۆمانەوە، پارێزی ئێستا و داهاتووی ژینگە بین؛ لەگەڵ ئەوەی چەند چالاکیەک دەکرێ وەک نەمامچاندن و هەڵمەتی پاکوخاوێنی و، هتد، بەڵام دەبێت ئەو هەستە لای خۆمان دروست بکەین کە ئێمە هەر بەکاربەری سروشت نین بەڵکو پارێزەری ڕاستەقینەش هەر بە خۆمانین؛ ئاخر کە ڕووبارێک پیس دەکەین، ئەوا داهاتووی نەوەیەک نەخۆش و نەتەندروست دەکەین! کە درەختێک دەبڕینەوە ئەوا بە شێک لە سیەکانی سروشت و ژیان لەدەست دەچێت، کە مادەیەکی پلاستیک فڕێ دەدەینە سەر زەوی دوای چەندین سەدە هەر خاک ماندوو دەبێت و نەوەکانمان باجەکەی دەدەن؛ هەموو ئەو بابەت و پرسانە پێمان دەڵێت، گرنگە لەو ڕۆژەدا لەگەڵ خۆمان و ویژدانی خۆماندا پەیمان نوێ بکەینەوە کە خاک و نیشتمان و کوردستان بپارێزین، کەواتە ئەمانە تەنیا هەوڵێکی بچوک نین بەڵکو پلان و بەرنامەیەکن بۆ داهاتووی ژینگە و ژیانێکی گەش و باشتر بۆ هەمووان.

* بەرپرسی ژینگە و تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردەی هەولێر