رۆژنامەی ھەولێر

نەخشی بیرەوەرییەکانم, شێخ کامیل بەرزنجی

یاسین قادر بەرزنجی

لە تەمەنی هەرزەکاریمدا، واتە ناوەڕاستی حەفتایەکانی سەدەی ڕابردوو، زۆر هاوین دەچوومە گوندە جوانەکەی دێلێژەی سەر بە قەرەداخ، خەڵکە باش و بەڕێزەکەی دێلێژە زۆربەیان خزمی دایکی ڕەحمەتی بوون، خۆیان‌ئاسا ئامێزی پڕ لە موحیبەتیان بۆ دەکردینەوە و ڕۆژگار و شەوگارمان لەگەڵ سەرنجدانی دیمەنی دڵڕفێنی چیا و چەمی ئەو ناوەدا و لەگەڵ لاوانی ئەوێ، بە قسەی شیرین و نوکتەی مزرەوە بەسەر دەبرد.
یەک لەو خانەخوێیانەیان کەسێکی سیماگەش و خەمخۆر و ڕێبواری ڕێگای کوردایەتی بوو کە دەیانوت ئەمە کاکە شێخ کامیلی کوڕەزای مامە شێخ عارفی گەورەپیاوی گوندی (هەشەزینی)ـیە، کە دەکەوتە نزیک دێلێژە.
من و ئەو خزمەم بە هۆی کارکردنمان لە هونەر و دیسانەوە بەهۆی دۆستایەتیی کتێب و خوێندنەوەوە، هەر زوو بووینە هاوڕێ و ئاشناوڕۆشنای یەکتر.
دوای ڕاپەڕینیش کارکردنمان لە بواری کتێبخانە گشتییەکاندا پەیوەندییەکەمانی چەند هێندە بەهێزتر کرد و تا دوا ساتی ماڵئاواییکردنی لەم ژیانەی کە بۆ جوانکردنی زۆری بۆ ماندوو بوو، هەمیشە کەسی دڵ لەلای یەکتر و دڵسۆزی یەک بووین.
شێخ کامیل بە هۆی زڵم و زۆری ڕژێمی داگیرکەرەوە ئازار و مەینەتییەکی زۆری بینیوە، بەڵام هەمیشە هەر ڕێبواری ماندوویینەناسی ڕێگەی پڕ لە هەورازی کوردایەتی بووە؛ ماڵە پڕ لە میهرەبانییەکەی ئەوان لە گەڕەکی جەمهوریی کەرکووکدا بووە کە ڕژێم تەختی کردووە و بە ناچاری ڕوویان کردووەتە گەرمیانی زێدی باب و باپیرانیان.
کاک کامیل دوای تەواوکردنی ئامادەیی، پەیمانگای خوێندووە و دوای وەفاتی باوکی بووەتە بەخێوکەری خێزانەکەی، ئیدی کار و فرمانی بردووەتە کتێبخانە گشتییەکەی چەمچەماڵ و وەک بەڕێوەبەری، بەردەوام ئەو ماڵی دووەمەی وەک چاوەکانی و جگەرگۆشەکانی خۆش ویستووە بۆ پاراستنی گەلێک ماندوو بووە.
دواتر کتێبخانەی سەنگاوی دامەزراندووە و کوڕوکاڵی ئەو ناوەی لەوێ کۆ کردووتەوە.
ئەم برا ئازیزمان ساڵی حەفتاوچوار چەکی مەردایەتیی کردووەتە شان و پێشمەرگەی بوێری شۆڕشی ئەیلوول بووە و دوای نسکۆش گڕی دەروونی بڵێسەدارتر بووە و لە ڕیزی کۆمەڵەدا درێژەی بە خەبات داوە.
ئەم مرۆڤە ڕوناکبیر و هونەرپەروەرە یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی چەمچەماڵ و، بەشدارێکی کارای بەرهەمەکانیان بووە.
لە ڕاپەڕینی بەهاری ئازادیی چەمچەماڵدا ماڵەکەی بە ناپاڵمی دژمن خاپوور بووە، بەڵام هەر کۆڵی نەداوە و لە خزمەتی بێوچانی بەردەوام بووە؛ کە دەهاتە کتێبخانە گشتییەکەی سلێمانی چاومان ڕووناک دەبووەوە و، هەرگیز نەمادەهێشت بە دەستی بەتاڵ بڕواتەوە بۆ گەرمیانەکەی قیبلەی ئاواتی و بە چەند کارتۆن کتێبەوە دەچووەوە و، کتێبخانەکانی لای خۆیانی دەوڵەمەندتر دەکرد.
ئەم خەمخۆرە پاش خانەنشینبوونیشی وەک خۆبەخش هەر لە کتێبخانەدا بووە و وەک چرایەکی بەشەوق تیشکی دەبەخشی.
ساڵێک لەمەوبەر ئەو برا شیرینەمان بووە میوانی خاکی نیشتمان، بەڵام یاد و یادگاری بە گەورەیی و نەمری ماون لای هامشۆکەرانی کتێبخانەکان و لای خزم و دۆستانی، کە ژمارەیان هێندەی ژمارەی چەندین درەختی پڕ لق‌وپۆپ و بەدیمەنن، یادی ئەو بۆ هەمیشە هەر بە مامۆستا و دڵسۆز و خەمخۆر دەمێنێتەوە.
دڵنیام گیانی نەمری ئارامە و وێڕای بنەماڵە بەڕێزەکەی، کوڕ و کچەکانی کەسانی بەئاگا و ڕۆحشیرینن و ژیانی باوکە نموونەکەیان دەبێتە سەرمەشقی هەموو تەمەنیان.
یادت بەخێر هاوڕێم، خۆشەویستی هەمووان، کە هەموو ژیانت بەخشییە نەتەوەکەت و پەروەردەی کچ و کوڕانی کورد.
شێخم هەر چۆن لە ژیانتدا خۆشم دەویستیت، بۆ هەمیشەش هەروا دەمێنی و، لای من کتێبێکی دەگمەنیت و جوانترین دیمەنی شانۆگەرییەکی گەرمیانەکەتیت، کە هەموو هەناسەکانت پێی سپارد؛ هەمیشە یادت بەخێر برا شیرینەکەم، کاک کامیل گیان.